ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: حەلیمە مەڵایی: تورکیا دوای زیاتر لە چل ساڵ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و هەزاران جار هێرش و تۆپباران و مووشەک بارانی سنوورەکانی کوردستانی عێراق و سووریا بە بیانووی شەڕ لەگەڵ چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئێستا بە هێرشی درۆنی و تیرۆرەوە نەوەستاوە و لەم ساڵانەی دواییدا پەلامای ئاشکرا و لەشکەرکێشی کردۆتە نەخشەڕێگای خۆی.
کارناسانی سەربازی و سیاسی بەردەوام جەخت لەوە دەکەن کە تورکیا ئامانجی داگیرکارییە لە هەرێمی کوردستان و هاتنی بۆ قووڵایی خاکی باکووری عێراق بۆ زیندووکردنەوەی خەونی ئیمپراتوورییەتی عوسمانیە و تەماحی بڕیوەتە کەرکووک و مووسڵ و بە بەشێکی دابڕێنراو لە خاکی خۆی دەزانێت.
لەم نێوانەدا کە تورکیا بەو شێوە هەرێمی داگیرکردووە، بەرپرسانی هەرێم و بەغداش بێدەنگن و تەنانەت هەندێ حزبی کوردی بووەتە چاوساغی تورکیا لەم هێرشانەدا.
بە گشتی دۆخی ئەمنی، سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ئێستادا کەوتووەتە قۆناغێکی هەستیار و پەیوەندی هەولێر لەگەڵ بەغدا و هەم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی عێراقیش گرینگی تایبەتی هەیە و خوێندنەوەی جۆراوجۆر لە سەری زۆرە. بۆ لێکدانەوەی ئەم بارودۆخە نوێیە هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر لەگەڵ فەرمان حەسەن چاودێری سیاسی قسەی کردووە کە لە خوارەوە بڵاو بووەتەوە.
بەڕای ئێوە ئامانج لە سەفەرەکەی مەسعوود بارزانی بۆ بەغدا دوای شەش ساڵ، چی بوو؟ زیاتر بە ئامانجی حزبی ڕۆیشت واتا بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و پەتەوکردنی پێکەی حزبی دموکرات؟ یان بۆ چارەسەری کێشەی هەرێم و بەغدا؟
وەڵام: هەرێمی کوردستان و بەغدای ئێستا بەرژەوەندی هاوبەش و مێژووی هاوبەش، چارەنوسی هاوبەشیان پێکەوە هەیە، پێکەوە بەپشتیوانی دۆستەکان بەسەر تیرۆردا سەرکەوتن بۆ ئەمەش پێکەوە خوێنیان رشت، دوای قوڵبوونەوەی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان دەرکەوت کە هەرێم بەبێ بەغدا ئەستەمە بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بێت، هەربۆیە هەبوونی پەیوەندی بەردەوام وە هەماهەنگی و رێککەوتن لەنێوام هەردوولا بابەتێکی حەتمییە، سەبارەت بە سەردانی بارزانی بۆ بەغدا هیوادارم سەردانەکە سەرەتایەک بێت بۆ توانەوەی بەستەڵەکی سیاسی نێوان هەردوو حکومەتی هەولێرو بەغدا، هیوادارم ئەجێنداو ناوەرۆکی سەردانەکە سەقامگیریی سیاسی دروست بکات و بەدوربێت لە ئامانج و بابەتی حزبی، ئەگەرچی درەنگ وەخت بوو بەڵام کورد بەشێکی گرنگی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتە، وە بەبێ لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی ئیدارەدانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ئەستەمە، جگە لەمەش کورد و چوارچێوەی هەماهەنگی مێژوویەکی دورودرێژی هاوبەشیان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی ستەمی بەعس، تەنانەت تا روخانی رژێمی سەدام، هەرێمی کوردستان جێگای خەباتی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بوو جگەلەوەش هەردوولا ئەزمونی تاڵیان هەیە بەدەست رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی پێشووی عێراق، بۆیەش نزیکبوونەوەو پەیوەندی دۆستانە هەمیشە لە دورەپەرێزی سیاسی باشترە لەنێوان هەولێرو بەغدا، ئەگەرچی تا ئێستا حزبەکانی هەرێمی کوردستان بەجیا پەیوەندیی حزبیی دەگرن لەگەڵ بەغدا بەڵام هەبوونی پەیوەندی سیاسی حزبیش لەگەڵ بەغدا ئەگەر لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵکیی بێت هەر لە دابڕانی سیاسی باشترە، قوڵایی ستراتیژی هەرێم بەغدایە و ناکرێت نکوڵی لەمە بکرێت.
تورکیا بە قووڵایی دە کیڵۆمەتر هاتووەتە ناو هەرێمی کوردستان و ٧٥ لە سەدی پارێزگای دهۆکی داگیرکردووە، ورتە لە حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێمەوە نایێت، هۆکارەکەی چییە؟
وەڵام: هاتنی تورکیا بۆ نێو قوڵایی خاکی هەرێم بابەتێکی تازە نییە، لەراستیدا ئەم کێشەیە بەر لەهەر شت پەیوەستە بە سیادەی عێراقەوە وەک دەوڵەت، کاردانەوەکان نە لەبەغدا نە لەهەرێمی کوردستان لەئاستی پێویستدا نین، بێدەنگیەکی سیاسی گشتیی هەست پێدەکرێت، بەڵام لەراستیدا دەبێت هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدا هەماهەنگی جدی بکەن بۆ ئەم بابەتە، تا ئێستا ئەم جدییەتە لە هیچ لاوە نابینرێت، لەڕاستیدا هاتنی تورکیا تەنها پەیوەست نییە بە پەکەکەوە، بەڵکوو ئەو وڵاتە ئامانجی سیاسی دیکەشی هەیە، پێویستە ئەوەش بزانرێت هاتنی بەم قەبارە زۆرە بۆ قوڵایی خاکی هەرێم تەنانەت هاوسەنگی ئیقلیمیش دەگۆڕێت وە پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنە هەرێمییەیە لە دوای شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتییەوە دروست بووە لە ناوچەکە، تورکیا خەون بە گەڕانەوەی بۆ سنورەکانی دەوڵەتی عوسمانی دەبینێت لە ناوچەکە، ئەوان نایشارنەوە کە موسڵ و کەرکوک وەک بەشێک لە خاکی خۆیان ئەبینن، وە ئێستا وجودێکی سیاسی و سەربازیی گەورەیان هەیە لە کوردستانی عێراق، تەنانەت لەم چەند ساڵەی دوایی وەک دەبینرێت لە سنوری سلێمانیش دەستکراوەن، ئەو بارودۆخەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە بەر لەهەرشتێک پەیوەندی بە ناکۆکی ناوخۆیی لایەنە کوردییەکان و لاوازی پێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، لایەنە سیاسییەکان زۆرینەیان بێدەنگن ئەوەش بەخاتری پاراستنی پەیوەندی حزبیی خۆیان، بەڵام ئەم بابەتە دەبێت چارەسەر بکرێت بە رێککەوتن، وە ئەمە تەنها بۆ هەرێمی کوردستان کێشە نییە بەڵکو بۆ بەغدادیش گرفتێکی گەورەیە، چونکە هەرگیز حکومەتێکی ناوەندیی بەهێز دروست نابێت ئەگەر نەتوانێت پارێزگاری لە سیادەی خۆی بکات، لاوازبوونی زیاتری هەرێمی کوردستان لەبەرژەوەندی بەغداد نییە، چونکە دەستوەردانی سەربازی هەیە پاشەکشەی زیاتری پێگەی کورد لە عێراق، ناسەقامگریی لە ناوچەکە دروست دەکات.
ئەم داگیرکارییە تاکوێ دەڕوات؟ ئێستا کە تورکیا لە ڕێگای هێزە چەکدارەکانی و هێزە توندڕەوە داعشییەکانیەوە پەلاماری کورد دەدات لە هەموو ناوچەکە، (جگە لە کوردی ئێران) پاشهاتەکانی بۆ کورد لە عێراق، سووریا و تورکیا چی دەبێت؟
بەهێزبوونەوەی گروپە تیرۆرستییە توندڕەوەکان، مەترسییەکی دیکەیە، چونکە ئەگەر کورد لە عێراق و سوریا پاشەکشە بکات، گروپی تیرۆرستییەکان ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە، کورد لە ناوچەکە راگری مەترسی تیرۆرە، ئەگەر لە سوریا دەسەڵاتی کوردی نەمێنێت بەدیلەکە کێیە؟ دیان گروپی توندڕەوی تیرۆرستی ئامادەن، کە ئەمە مەترسییە بۆ هەموو ناوچەکە و جیهانیش، بۆیە مانەوەی ئەو دەسەڵاتەی کورد لە عێراق و سوریا هەیەتی گرەنتی سەقامگیری ناوچەکە و دورخستنەوەی مەترسی تیرۆرە، لە هەردوولاوە هەزاران شەهیدی شەڕی تیرۆر هەن، بەگشتی لاوازی هەولێر و بەغداو دیمەشق هۆکاری دەستوەردانە سەربازییەکانن، روئیایەکی و روون و هاوبەش نییە بۆچارەسەری دەستوەردانی سەربازی تورکیا، تەنانەت زۆرێک لە حزبە کوردییەکان ئەمە وەک مەترسی یاخود داگیرکاری نابینن، لەکاتێکدا ئەگەر هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی شەڕ هەموان زەرەرمەند دەبن.
لەمدواییانەدا لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان هەڵدرایەوە، دەبینین دوای سێ ساڵ بەستەڵەکی پەیوەندی ئێران و هەولێر خەریکە دەڕەوێتەوە، گرینگایەتی ئەم پەیوەندییە بۆ هەرێم باس بکەن و ڕاتان چییە سەبارەت بە داهاتووی ئەم پەیوەندیانە؟
وەڵام: ئەم بەرەوپێشچوونەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران پێشهاتی ئەرێنین، ئێران وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە وە سنوریکی فراوان و چەندین دەروازەی سنوری لەنێوان هەردوولا هەیە، هەردوولا بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، جگەلەوەش ئێران پاڵپشت و هاوکارێکی سەرەکی بوو لەشەڕی تیرۆر لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق وەستا، هەردوولا ئەو ڕاستییە دەزانن مەترسی تیرۆر بەردەوامە، لەرووی ئابورییەوە هەردوولا پێویستیان بە یەکدی هەیە، لە چەند وێستگەی سەختدا ئێران پشتیوانی کوردانی عێراق بوون، لە کیمیاباران و لە کۆڕەو گرنگە هەرواش بمێنێتەوەو هەردوولا ئەم پەیوەندییە بپارێزن،
چونکە بەدیلی کورد لە ناوچەکە تیرۆرە، وە لە هەمان کات لەعێراق و هەرێم ناکرێت ئیدارەیەکی باش بکرێت بەبێ بوونی پەیوەندی دیبلۆماسی باش لەگەڵ دراوسێکان، بەتایبەت ئێران، چونکە ئەم پەیوەندییە لەهەمان کات کاریگەری هەیە لە باشکردنی پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغدا، ئەمە هەمان شتە کە تەنانەت خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغدا دەکەن، وە ئێرانیش وا دەخوازێت کە پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدا باش بن، بە ئەزمونیش دەرکەوت کاتێک پەیوەندی هەولێرو بەغدا باشترن، سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق تاڕادەیەک بەرقەرار بووە، هەربۆیە هەبووی پەیوەندی هەرێم و ئێران گرەنتی سەقامگیری سیاسی دەکات گرنگە ئەم کەشە ئەرێنییە بەردەوامی پێ بدرێت.
Your Comment