بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سوپای تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە و وێڕای دامەزراندنی بنکە سەربازییەکانی لە باکووری هەرێمی کوردستان، خولێکی نوێی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە نێویاندا دەستپێکردووە .
لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەم تورکیا و هەم پەکەکەی بە هۆکاری دروستکردنی دۆخێکی لەو شێوەیە زانی.
ڤێدانت پاتەل، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنی هەفتانەی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: داوامان لە هاوبەشەکانمان لە تورکیا کردووە کە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق بکەن لە پێناو پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل لە ئۆپەراسیۆنەکانی سنوور بەزاندندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەدڵنیاییەوە ئاگاداری ئەو مەترسییەین کە لە پەکەکەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین ڕێز لە سەروەری عێراق بگرێت و هەماهەنگی لەو جۆرە ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە لەگەڵ ئەم وڵاتە بکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیای بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشەکانی پەکەکە لەم ناوچەیە زانی و داوای لە ئەنقەرە کرد هەماهەنگی ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەولێر و بەغدا بکات.
Your Comment