ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی ئایین و فەرهەنگ؛ لە بەرەبەیانی نۆزدەی ڕەمەزان و لە ناو نوێژی بەیانیدا کاتێ کە مونافقێک شمشێر لە سەری ئیمام عەلی(د.خ)، ئیمامی یەکەمی شیعەکان و یەکێک لە خولەفای ڕاشدین دەدات، یەکەم رستەیەک کە دەیڵێت عاشقانەیەکی بێ وێنەیە. فزت و رب الکعبە بە خوای کەعبە ڕزگارم بوو.
دۆستی هەمیشەیی پێغەمبەری گەورە بە شمشێری ژەهراویی یەکێک لە پیسترین مرۆڤەکان، بریندار بوو و دوای دوو رۆژشەهید بوو.
ئیمام عەلی چەندین جار لە پێغەمبەری ئیسلام(د.خ) سەبارەت بە چۆنایەتی شەهید بوونی قسەی بیستبوو و پێغەمبەر بە قسەکانی هەواڵی لە داهاتوو و ڕووداوە تاڵ و خەمبارەکانی بۆ عەلی و ئۆمەتی ئیسلامی دابوو.
ئیمام عەلی لە کاتی شەهید بوونیدا شەست و سێ ساڵی تێپەڕاندبوو. لە شەوی شەهادەتیدا، ئیمام عەلی لە ماڵی یەکێک لە منداڵەکانی واتا کچەکەی ئوم کولسووم میوان بوو.
کچەکەی دەیگێڕێتەوە کە لە کاتی بەربانگدا بە نانێک و تۆزێک خوێ ڕووژووەکەی شکاند و دوای ئەوە خەریکی نوێژ و دۆعا و نزا بوو و هەندێک جار لە ژوورەکەی دەهاتە دەرەوە و بە ڕوانین بە ئاسمان دەیگوت: بەو خودایە قەسەم ئەمە هەمان شەوە کە خۆشەویست و مامۆستاکەم بەڵێنی پێ دابووم. بەو خودایە، هەرگیز درۆم نەوتووە و درۆیشم لە پێغەمبەری خودا نەبسیتووە، ئەمە هەمان شەوە کە بەڵێنی شەهید بوونم دراوە.
کاتێ مونافق ئێبن مولجەم مورادی بە شمشێر لە سەری حەزرەتی عەلی دەدات دەیهەوێ هەڵبێت، بە دەستی خەڵک ئەسیر دەبێت و دەبردرێتە مزگەوت.
ئیمام عەلی دوای هەندێک قسە لەگەڵ ئیبن مولجەم ڕووی لە منداڵەکانی خۆی کرد و وتی: لەگەڵ ئەو بسازن و لەگەڵی میهرەبان بن. ئەگەریش من گیانم لەدەست دا، ئەو کات ئێوەش یەک شمشێری لێبدەن هەر بەوشێوە کە لە منی دارنە زیاتر. نەیسووتێنن و لەت لەتی مەکەن.
بەیانیی ڕۆژی بیست و یەکەمی ڕەمەزان ئیمام عەلی دوای ئامۆژگاری خەڵک و بەتایبەتی منداڵەکانی، شەهید بوو.
ئیمام عەلی کەسێکی دیاری ناو ئیسلامە و لە مێژووی ئەم دینەدا بە کەسێکی دلێر، زانا، بە غیرەت، خاوەن ئەدەب و ئەخلاق، دادپەروەر، خەمخۆری هەژاران و عاشقی خوا و رسوولەکەی ناسراوە.
ئیمام عەلی ئیمامی یەکەمی هەموو ئایینەکانی شیعە، سەحابی، ڕاوی، کاتیبی وەحی و چوارەمین خەلیفە لە خولەفای ڕاشدینی لەلاین ئەهلی سوننەیە. ئەو هەروەها ئامۆزا و زاوای پێغەمبەری گەورە(د.خ)، هاوژینی حەزرەتی فاتیمە، باوک و باوەگەورەی یازدە ئیمامی شەیعەیە. باوکی ناوی ئەبووتالب و دایکی فاتمە کچی ئەسەد بوو. بە وتەی زانایانی شیعە و زۆربەی زانایانی ئەهلی سوننە، لە کەعبە لەدایک بووە و یەکەم گەنجێک بوو کە ئیمانی بە پێغەمبەر هێناوە.
ئیمام عەلی کاتێک کە قورەیش دەیەویست پێغەمبەری ئیسلام بکوژێت، لە جێگای پێغەمبەر خەوت تا پێغەمبەر بتوانێت نهێنی لە مەدینە کۆچ بکات. پێغەمبەر پەیمانی برایەتی لەگەڵ ئەو بەست.
عەلی(د.خ) لە هەموو شەڕەکانی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) جگە لە شەڕی تەبووک بەشداری هەبوو. لە شەڕی تەبووک پێغەمبەر(د.خ) حەزرەتی عەلی(د.خ)ی وەکوو جێگری خۆی لە مەدینە دەست نیشان کرد. ئیمام عەلی لە شەڕی بەدر، ژمارەیەکی زۆر لە کافرەکانی کوشت، لە شەڕی ئۆحۆد گیانی پیغەمبەری پاراست، لە شەڕی خەندەق بە کوشتنی عومەر کوڕی عەبدود کۆتایی بە شەڕەکە هێنا و لە شەڕی خەیبەر، بە هەڵکەندنی دەرکەی گەورەی قەڵای خەیبەر، شەڕەکە کۆتایی هات.
ئیمام عەلی دوای خەلیفەی سێهەم، لە سەر داوای موسڵمانان خەلافەت و دەسەڵاتی قبووڵ کرد. ئەو لە سەردەمی دەسەڵاتدارییەکەی گرینگایەتی زۆری بە دادپەروەری دەدا.
ئیمام عەلی(د.خ) لە کۆتاییدا لە میحرابی مزگەوتی کووفە لە حاڵێکدا کە خەریکی نوێژ کردن بوو شەهید کرا و گەیشتە لیقا و ویساڵی مەعشووقی خۆی واتا خوای پەروەردگار .
Your Comment