بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دەوڵەتی ئەمریکا لە ساڵی 2014 ەوە کە داعش شاری کوردنشینی کۆبانێی لە باکووری سووریا کۆنترۆڵ کرد، بە بیانووی بەرەنگار بوونەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە، بووە هاوپەیمانی هێزە کوردییەکان لە سووریا و ئەو هاوپەیمانییە کە لە ژێر ناوی بەرەنگار بوونەوەی داعش تا شکستی کۆتایی پێک هاتووە، هێشتا درێژەی هەیە.
سەرەڕای ئەوە، بەرپرسانی ئەمریکی هیچ کات هاوپەیمانییەکی ستراتیژیکیان لەگەڵ کوردەکانی سووریا پشت ڕاست نەکردووەتەوە و تەنانەت وەڵامی ئەرێنیان نەداوەتە بە هەندێک داواکاریی کوردەکان وەکوو ناوچەی ئارام لە بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا، بەڵکوو جەختاین کردووە کە ئەو هاوکارییە تاکتیکی و کاتی بووە و تەنیا یەک ئامانجی هەیە و ئەوەش شکستی تەواوی داعشە.
کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکا لەم دواییەدا لە ڕاپۆرتێکدا، لە هەوڵی واشنتۆن بۆ کۆتایی هێنان بە بابەتی کێشەکانی کەمپی ئەلهەول کە ئەندامانی سەر بە داعشیان تێدایە، هەواڵی داوە.
5 بەرپرسی باڵای ئەمریکی بە ئەو کەناڵە هەواڵییەیان وتووە کە ئەمریکا هەوڵ دەدات کە خێرا کێشەی 57000 دانیشتووی کەمپی ئەلهەول کە لە ژیر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکانە چارەسەر بکات. ژێنراڵ مایکل کۆریلا لە بەیاننامەیەکدا ئەو کەمپەی هۆکاری ئەندامگیری نوێی بۆ داعش و بەستێنی سەرهەڵدانەوەی دووبارەی ئەو گرووپە وەسف کرد. هەر بۆیە بەرپرسانی ئەمریکی بە ئێن بی سی وتوویانە کە دەوڵەتی جۆبایدن دەیەوێت کەمپەکە چۆڵ بکرێت و 54 وڵاتی جیهان هاووڵاتییەکانی خۆیان وەربگرنەوە.
بەم پێیە ئەمریکا دەیەوێت بە کۆتایی هێنان بە بوونی کەسانی سەر بە داعش لە کەمپی ئەلهەول، بەشێک لە هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە درێژەی بەرەنگار بوونەوەی داعش کۆتایی بهێنن.
بەڵام هەوڵی ئەمریکا بۆ بردنە دەرەوەی کەسانی سەر بە داعش بە واتای کۆتایی هێنان بە هاوکارییەکانی ئەمریکا لەگەڵ کوردەکانی سووریا نییە. مایکل کۆریلا لە بەیاننامەکەی خۆی جەختی کردووە وڵاتەکەی درێژە دەداتە هاوکارییەکانی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک بە ڕێبەری کوردەکان بەڵام ئەو هاوکارییە تەنیا بۆ بەرەنگار بوونەوەی داعش دەبێت.
Your Comment