بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دادگای فیدڕاڵی عێراق دوێنێ پێنجشەممە لەسەر سکاڵایەکی باسم خشان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کۆبوەوە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەستوری هەرێمی کوردستان، دادگاکە بەهۆی ئەوەی تایبەتمەندی ئەو نیە سکاڵاکەی ئەو پەرلەمانتارەی رەتکردەوە.
باس خشان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سکاڵاکەیدا کە ئاڕاستەی دادگای فیدڕاڵی کردوە، داوایکردبو دادگاکە بەبڕیارێک هەرێمی کوردستان پابەند بکات بەوەی برگەکانی ئەو دەستورەی بەنیازە بینوسێتەوە، نابێت هیچ ناکۆکییەکیان هەبێت لەگەڵ دەستوری هەمیشەیی عێراق.
سەرچاوەیەک لە دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی ناوەڕۆکی سکاڵای ئەو پەرلەمانتارەی رەتکردوەتەوە و لەهۆکاری رەتکردنەوەی سکاڵاکەشدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو پرسە لەدەرەوەی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەکانی دادگاکەیە.
4ی ئابی ئەمساڵیش دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا سکاڵای ئەندامێکی دیکەی پەرلەمان رەتبکاتەوە کە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانی بە "نادەستوریی" ناوبردبو و تۆمەتباریکردبون بە پێشێکردنی ماددەکانی دەستوری عێراق.
ئەو کات دادگای فیدڕاڵی عێراق هۆکاری رەتکردنەوەی سکاڵاکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کەسی سکاڵاکار مەرجی بەرژەوەندى لە بەرزکردنەوەی سکاڵاکەی تێدا نیە، واتە کەسی سکاڵاکار خۆی سودمەند نییە لە تۆمارکردنی سکاڵاکە و بەرژوەندیی ئەوی تێدا نەبوە.
Your Comment