بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مستەفا کازمی ڕۆژی سێشەممە لە پەیامێکدا باسی لەوەشکرد، سوپاسی هێزە ئەمنییەکان دەکات کە نەبون بەبەشێک لە گرژییەکانی چەندین رۆژی رابردو و جارێکی دیکە لایەنگریی خۆیان بۆ نیشتیمان دوپاتکردەوە، ئەوەش دوپاتکردنەوەی پێویستی هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتی کردوەتە پێویستییەکی ئەم قۆناغە کە حکومەت دو ساڵ لەمەوبەر لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆیدا کاری لەسەر کرد، بۆیە نابێت چیتر ئەو پرسە تەنها وەک دروشم و داوکاری بمێنێتەوە.
باسی لەوەشکرد، بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکانی چەند رۆژی رابردو و رونکردنەوەی ئەوانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە، بۆیە جەخت دەکاتەوە کە نابێت چیتر چەک لەدەستی لایەنە نافەرمییەکاندا بێت و لە ململانێکاندا بەکاربهێنرێت.
پەیوەست بە دۆخی سیاسیش مستەفا کازمی وتی، ئەرکی سەرشانی لە ئەنجامدانی گفتوگۆی نیشتیمانی لەگەڵ لایەنەکان جێبەجێکردوە، بەڵام ئەوەش پێویستی بە سازشی لایەنەکان هەیە بۆیەکتری نەک بەردەوامی گرژییەکان و پێکدادان، بۆیە جەخت دەکاتەوە کە عێراق لە هەموان گەورەترە و ئەویش هیچ کاتێک نەبوە بە بەشێک لە کێشە و هەردەم لەگەڵ چارەسەریدا بوە، بۆ داهاتوش هەر هەنگاوێک خزمەت بە گەل بکات جێبەجێی دەکات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداریدا لە بەردەوامی ئاڵۆزییەکان و ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر ئاڵۆزییەکان، گرژی، ململانێی و گوێنەگرتن لە عاقڵمەندان بەردەوامی هەبێت "منیش بە ئەرکی نیشتیمانی و ئەخلاقی خۆم هەڵدەستم و دەستبەرداربونی خۆم لە پۆستی سەرۆک وەزیران بەگوێرەی ماددەی 81 ـی دەستور رادەگەیەنم".
Your Comment