بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کتێبی عەشقنامە، سەد غەزەلی مەولانا جەلالەدین شاعێری گەورەی ئێرانی بە زمانی کوردی کورمانجی لە تورکیا بڵاو کرایەوە.
دکتۆر خەیروڵڵا ئاجار، مامۆستای زانکۆی ئارتۆکلۆی ماردین، ئەو غەزەلیاتەی لە زمانی فارسییەوە بۆ کوردی کورمانجی وەرگێڕاوەتەوە و هەوڵی داوە لە دەقە کوردییەکەدا، ڕێتم و ئاهەنگی مۆسیقایی زمانی مەولانا بپارێزێت و ئەو هەستە بگوازێتەوە بۆ خوێنەری کورد.
بڵاوگەی نەوبەهار لە ئەستەنبۆڵی تورکیا، کە کتێبی عەشقنامەی بە ڕووبەرگێکی جوان ڕەوانەی بازاڕ کردووە، پێشتریش دیوانی شێعری جامی، باباتاهیر و خەیامی بە زمانی کوردی کورمانجی چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
مامۆستا خەیروڵڵا ئاجار، خاوەن بەڵگەی دکتۆرای زمان و وێژەی فارسی، لە ناسینی وێژەی کۆنی فارسی ئەزموونی زۆری هەیە. ناوبراو کە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران، زمانی تورکی دەوتەوە، ئێستاکە لە زانکۆی ئارتوکلۆ لە پارێزگای ماردین، زمان و وێژەی کوردی دەڵێتەوە.
Your Comment