کورد لە عێراق ترسی لە ئێستا و داهاتوو هەیە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کورد، کۆد و کلیلی چارەسەکردنی کێشەکانی عێراق و کێشەکانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ بەغدا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی وتارێکدا لەمیانی بەشداریی لە "کۆنفرانسی عێراق: قەدەرێکی تراژیدی" رایگەیاند: "گەلی کوردستان بە هەمو پێکهاتەکانییەوە ئەوە 100 ساڵە زۆریان چەشتوە، بەداخەوە دوای سەدەیەکیش هێشتا گەلی کوردستان هەر گیرۆدەی بەدەستهێنانی مافەکانییەتی، وەک چۆن هەمیشە ترسی لە رابردو هەبوە، ئەمڕۆش هێشتا ترسی لە ئێستا و داهاتو هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق واتە وڵاتی پێکهاتەکان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە سێ ویلایەتی (موسڵ، بەغدا و بەسرە) پێکهاتوە، ئەو سێ ویلایەتە بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافیایی و پێکهاتەی کولتوریان لێک جیابونەتەوە، کورد لە باکور، سوننە لە ناوەڕاست و شیعە لە باشور، لەگەڵ ئەمانەشدا چەندین پێکهاتەی دیکەی ئایینی و نەتەوەیی لە عێراقدا هەن.

نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشکرد، "عێراق وڵاتێکی فرەئایینی و نەتەوەییە، بەبۆچونی من کێشەی سەرەکیی عێراق وەک هەر وڵاتێکی فرەنەتەوە و مەزهەب بریتییە لە کێشە لەسەر دەسەڵات، ئەوەش دیاردەیەکی سروشتییە کە لە وڵاتێکی وادا لایەنە سیاسییەکان بۆچون و رای جیاوازیان هەبێت، ئەوەش کاتێک دەبێتە گرفت کە لایەنێک بیەوێت بۆچونی خۆی بەسەر هەمو لایەنەکانی دیکەدا بسەپێنێت، یان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز یان سزا ببات، رێک وەک ئەوەی هەمیشە لە عێراق رویداوە".

ئەوەشی خستەڕو، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1921ەوە، لە بەغدا عەقڵیەتی هێز حاکم بوە، کە ئەو هەمو کارەسات و نەهامەتیەی بەسەر ئەم وڵاتەدا هێناوە، عێراقێکی زۆر دەوڵەمەند بە سامانی سروشتی، دەوڵەمەند بە سامانی مرۆیی، دەوڵەمەند بە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و فرە کلتوری، لە پێگەیەکی جوگرافیای ستراتیژیدا، ئەگەر ئەو عەقڵیەتە نەبوایە ئێستا یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی ناوچەکە دەبو.

نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشکرد، "100 ساڵە لە عێراق هەمان هەڵە دوبارە دەکرێتەوە، وانە لە ئەزمونی تاڵ و شکستی دوای شکست لە شەڕی دوای شەڕ و لەو هەمو باج و ماڵوێرانییە دەرس وەرناگیرێت، کە گەلان و پێکهاتەکانی عێراق بینیویانە، بۆچی لە کاتێکدا ئێمە لە عێراق دەتوانین دەوڵەتێکی بەهێز و پێشکەوتو بین، کەچی دەبین بە یەکێک لە خراپترینەکان، دامەزراوەکان فەلەج دەکەین، شارەکان دەبنە مەترسیدارترین شارەکانی جیهان بۆ ژیان، هاوڵاتیان هێشتا لە نەبونی خزمەتگوزاریی زۆر سەرەتایی بێبەشن".

رونیشیکردەوە، خەڵکی عێراق شایستەی ژیان و ئێستا و داهاتوێکی زۆر باشترە، ژیانێک بەرە بەرە ئازار و مەینەتیەکانی رابردو ساڕێژ بکات، بە ئومێدەوە بەرەو ئاییندە هەنگاو بنێت، ئەمە بە واقیعبینی و خوێندنەوەی راست و بە تێگەیشتن و روانگەی تازە بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق دەکرێت، بە عەقڵیەتی زۆرینە و کەمینە، بە دروستکردنی ملیشیات، بە راوەستاندنی دامەزراوەکان، بە هەژمونی تایفەگەری، بە هەڕەشەی شەڕی ناوخۆیی و بیری تەسکی سەردەست، بە هیچ شێوەیەک ئەمە نایەتە دی.

نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا پەیامێکی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی عێراق کرد و وتی، "دەسەڵاتداران لە عێراق نابێت چیتر دیلی دەستی رابردوێکی تاڵ بن، بۆ ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتی هەموان، ببێتە وڵاتێکی سەقامگیر و ئاوەدان و پێشکەوتو، ببێتە ئومێدی ژیان بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتو، دەبێت هەمومان بە بوێرییەوە دان بە هەڵەکانی رابردودا بنێین و خواست و هەوەسی خۆ سەپاندن و چەند بارەکردنەوەی رابردو واز لێبهێنین".

News Code 39292

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha