بە پێی هەواڵی مێهر، ڕۆژی پێشوو هەندێ لە میدیاکانی تورکیا هەواڵێکیان سەبارەت بە دەستگیرکرانی کەسێکی گومان لێکراو بە تاوانی ئاگردانی دارستانەکانی ئانتالیا بڵاو کردەوە. لەم هەواڵانەدا نووسراوە عەلی ئەندامی گرووپێکی نەتەوەخوازی ڕادیکاڵ و دژەکوردە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەری ئەتکین، ڕاگەیندراوە ئەم کەسە تووشبووی مادە هۆشبەرەکانە و بۆ پێک هێنانی کەشێکی ڕەگەزپەرستانەی دژە کورد، ئاگری لە دارستانەکانی ماناگاوتی ئانتالیا بەرداوە.
ماڵپەڕی هەواڵدەریی ئوزگوور پۆلۆتیکا کە بە هۆی رەخنەگرتنی لە حکوومەت، فیلتەر کراوە، نووسیویە: ژنێک بە ناوی ئوزلم-ت گرتەیەکی دەنگی دەخاتە بەر دەستی پۆلیس کە تێیدا عەلی دان بەوەدا دەنێت کە لە بەرانبەری وەرگرتنی هەزار لیر ئاگری لەم دارستانانە بەرداوە.
عەلی پاش دەستگیر کردنی لە لایەن دادستێنی گشتییەوە، ڕایگەیاندووە لەم ئاگرانەدا هیچ ڕۆڵێکی نەبووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی جمهووریەت، عەلی تەنانەت نازانێ چ کەسانێک و بە چ مەبەستێک پارەیان پێ داوە بۆ ئەوەی ئاگر لەو دارستانانە بەردات.
شیاوی ئاماژەیە میدیاکانی سەر بە حکوومەت هیچکام لەم هەواڵانەیان سەبارەت بە وتەکانی عەلی بڵاو نەکردۆتەوە.
Your Comment