بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سوریا لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی چەندین دۆسیە و بابەتی جیاوازەوە كراوە لەوانەش پرۆسەی سیاسی و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی بەكراوەیی هێشتنەوەی دەروازەی سنوریی باب ئەلهەوا بۆ گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان و بەردەوامبونی توركیا لە بڕینی ئاوی شاری حەسەكە.
هەروەها داوایان لەشاندەکە کردوە رێگەچارەیەكی دیكە بۆ گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ خەڵكی کوردستانی سوریا و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگرنەبەر.
لای خۆیەوە دی موینك، بەرپرسی دۆسیەی سوریا لە وەزارەتی دەرەوەی بەلژیکا باسی لەوەکردوە، بەلژیكا رۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەرز دەنرخێنێت لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و دوپاتیكردوەتەوە کە زۆر نیگەرانن لە دۆخی كەمپەكان، بەتایبەتی لەم كاتەدا کە پەتای كۆرۆنا بەشێوەیەكی بەرچاو بڵاوبوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، كار دەكەن بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە پزیشكییەكان و ڤاكسینەكان بەزوترین كات بۆ کەمپەکان، هەروەها کار دەکەن بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی دورخستنەوەی منداڵان لە "فکری توندڕەوی".
لە كۆتایی سەردانەكەدا، ژمارەیەك ژن و منداڵی كەسوكاری چەكدارانی پێشوی داعشی بە رەچەڵەك بەلژیكی رادەستی شاندە كراون و یاداشتنامەیەكی هاوبەشیش واژۆكراوە.
Your Comment