بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕێوڕەسمی پیرۆزبایی باڵوێزی وڵاتانی دیکە بە سەرۆک کۆماری ئێران بە بۆنەی ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، وتی: بۆ ئێمە سبەی واتا 22ی ڕێبەندان زۆر گرینگ و مێژووییە. ڕۆژێک کە گەلی ئێمە توانی بە یەکگرتوویی، یەکپارچەیی و فیداکاری لە بەرانبەر ڕژێمی شا و هەندێک وڵاتانی گەورەی جیهان سەربکەوێت.
سەرۆک کۆمار وتی: لە دەوڵەتی نوێ ئەمریکا تا ئەمڕۆ هەوڵێکی باشمان نەدیوە. دەوڵەتی نوێی ئەمریکا کە پاگەندە دەکات دەیەوێت بەرەنگاری کۆرۆنا ببێتەوە و یارمەتیدەری وڵاتانی دیکە بێت، لانیکەم بۆ گەل و دەوڵەتی ئێرانی هیچ کارێکی نەکردووە.
ڕۆحانی وتیشی: ئەمڕۆکە هیچکەس ناتوانێت چاوەڕوانی لە ئێران هەبێت کە ئێران بۆچی هەنگاوی یەکەم هەڵناگرێت، ئێران پابەندی بەڵێنەکانی بووە. تەنانەت کاتێکیش کە هەمووان، بەڵێنەکانیان پێشێل کرد یەکساڵ پابەندی بەڵینەکانی بوو.
ناوبراو درێژەی دا: ئەوە ئەمریکا بوو کە سەرەتا لە ڕێککەوتنەکە چووە دەرەوە و لەسەر ئەوەش کە چ کەسێک ئەبێ سەرەتا هەنگاو هەڵبگرێت، جێی گومان نییە. ئێمە لە ڕێککەوتنەکە نەچووینە دەرەوە تا سەرەتا هەنگاو هەڵبگرین بۆ هاتنەوە، هەر بۆیە ئێمە ئامادەین لە ئەو پێوەندییەدا، کاتێک ئەمریکا بە تواەوتی گەڕایەوە سەر بەڵێنەکانی، یەک کاتژمێر دوای ئەوە ئێمەش بەڵێنەکانمان جێبەجێ دەکەین.
Your Comment