بە پێی هەواڵی مێهر، سەرحەد قادر ڕایگەیاند جموجۆڵەکانی داعش تا ڕادەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئێستا هێزە عێراقییەکان ئامادەی بەرگری و هێزەکانی داعش ئامادەی هێرش کردنن.
ئەو هۆشداری دا کە ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی داعش لە سووریاوە هاتوونەتە عێراق و جگە لەوەی کۆنتڕۆڵی هەندێ ناوچەیان بەدەستەوەیە، بە شێوەی نهێنیش چالاکی دەکەن.
ناوبراو هەروەها وتیشی: سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا کۆنترۆڵ نەکراوە و داعش زۆر بە ئاسانی لە ناوچەکە هاتووچۆ دەکات و هێزە عێراقییەکان لە شارەکان جێگیر بوون و گوند و دەشت و بیاوانەکانی عێراق هێزێکیان تێدا نییە و داعش لەم دۆخە کەڵک وەردەگرێت.
سەرحەد قادر وتیشی داعش بە مەبەستی بەرگری کردن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری، فەرماندە سەربازی و ستراتیژیکەکانی خۆی دەگۆڕێت و هێزەکانی ئەم گرووپە لە شەڕ و بەرگری و هێرشدا شارەزا بوونەتەوە.
Your Comment