بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لاهوور شێخ جەنگى، هاوسەرۆکى یەکێتى لەبارەى سەردانەکە و کۆبوونەوەى لەگەڵ کەسوکارى شەهیدانى خۆپیشاندانەکانى گەرمیان لەمیانەى بڵاوکردنەوەى بابەتێک لە پەیجى خۆى لە فەیسبوک ڕایگەیاند: سەردانی دەربەندیخان و کفریمان کرد و باوک و کەسوکاری ئەو قوربانیانەمان بەسەرکردەوە کە لە خۆپیشاندانەکاندا شەهید بون و پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیمان بە کەسوکار و بنەماڵە تێکۆشەرەکانیان گەیاند.
ئاماژەى بەوەشداوە، نیگەرانی قووڵی خۆمان دەربڕی کە هەندێک کەس و لایەنی بەرژەوەندیخواز، خۆپیشاندانەکانیان بەلاڕێدا برد کە تیایدا مامۆستا و فەرمانبەران و هاووڵاتیان داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکرد، بەداخەوە دەرئەنجامەکەی ڕووداوی نەخوازراوی لێکەوتەوە و خوێنی چەند گەنجێک بە ناهەق ڕژا، ئەو تۆمەتانەشمان ڕەتکردەوە کە بۆ داپۆشینی سیاسەتە هەڵەکانیان پێیان وابوو دەستی دەرەکی لە پشت خۆپیشاندانەکانەوە هەبوبێت.
هاوسەرۆکى یەکێتى ڕوونیشی کردوەتەوە: ڕامانگەیاند کە لەکاتی ئەو ڕوداوە نەخوازراوانەدا لە بەغدا بووین بۆ زەمینەسازیی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای یاسا و دەستوور، چونکە پێمان وایە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانمان لە بەغدایە و دەبێت مەلەفی شکستخواردووی نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغدا بکرێت و لە بەرامبەردا بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکات.
لاهور شێخ جەنگى جەختیشی کرد: ناکرێت چیتر فرۆشتنی نەوت ببێتە مایەی نەهامەتی و قەرزاریی، هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە شایستەی ئەوەن کە لە ژێر چەتری داهات و سامانی وڵاتەکەیان ژیانێکی ئارام بەسەر ببەن، چیتر میللەتەکەمان باجی عینادیی سیاسی نەدات، دەبێت بیرمان لای بەرژەوەندیی گشتیی بێت، با هەموو دەست بخەینە ناو دەستی یەکتر بۆ ڕێگرتن لە زیاتر برسیبونی خەڵک بۆ ڕێگرتن لە بێ موچەیی.
بۆچوونی ئێوە