حاجی قاسم سولەیمانی لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە درێغی نەبوو

"یەکەم هاوکاری و یارمەتی کە گەیشتە هەرێمی کوردستان هاوکاری یارمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دیارە بە دەستوور و پشتیوانی جەنابی حاجی قاسم سلێمانی بوو."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لە ساڵوگەڕی شەهادەتی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران نزیک دەبینەوە. ژنڕاڵێکی گەورەی ئێرانی کە دۆست و دوژمن دەیانزانی چەند بوێر و دلێرە.

ئەو پیاوە نەترسە بە فەرمانی سەرۆک کۆماری وڵاتێک تیرۆر کرا کە پاڵپشتی هەمیشەیی تیرۆریستانە و بە دروست کردنی ئەلقاعیدە و تاڵەبان و لەم دواییانەشدا داعش، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی پڕکردووە لە شەڕ و ئاژاوە، تاکوو بتوانێ دزەی سیاسی و ئابووری و سەربازی لەم ناوچەیەدا بکات و هەموو سەروەت و سامانی وڵاتانی ئەم دەڤەرە تاڵان بکات.

لە کاتی سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و سووریا، ئێران پشتی وڵاتانی دراوسێی خۆی بەر نەدا و چووە مەیدانی شەڕی تیرۆریزم و یارمەتی عێراق و سووریا و هەرێمی کوردستانی دا.

فەرماندەیی ئەم یارمەتی و هاوکارییە لە لایەن ئێرانەوە لە ئەستۆی سەردار قاسم سولەیمانی ، فەرماندەی هێزی قودس بوو.

حاجی قاسم سولەیمانی سەرەڕای شەڕ لە سووریا و عێراق بۆ شکست پێهێنانی داعشی تیرۆریست، لە بەرەی شەڕی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیشدا یارمەتیدەر بوو و بە ڕاوێژکاری و یارمەتیدانی سەربازی و بە هاوکاری و ناردنی چەک و چۆڵ و تەقەمەنی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕۆڵی ئیجابی و حاشا هەڵنەگری بوو لە شکست دانی داعش لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.

باشترین بەڵگە بۆ کاریگەریی بێ وێنەی حاجی قاسم لە سەر بەرەی شەڕی داعش و یارمەتی گەیاندنی بە پێشمەرگە، ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی شەنگال و ئامێرلی بوو .

بۆ گفتوگۆ لە سەر ڕۆڵ و کاریگەریی حاجی قاسم سولەیمانی لە شکست دانی داعش و پەیوەندی حاجی قاسم و کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ، هەواڵنیری مێهر لە گەڵ نازم دەباغ، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران دیمانەیەکی ساز داوە کە دەقەکەی لە خوارەوە وەک خۆی بڵاو کراوەتەوە.

 ڕۆڵی سەردار حاجی قاسم سولەیمانی لە شکست دانی داعش لە عێراق و بە تایبەت لە ئازاد کردنی "ئامرلی و شنگال"  بۆمان باس بکەن ؟

هەمیشە لە قۆناغە سەختەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای فەرماندەیی هێزی قودس وقەرارگای ڕەمەزان کە دیارە جەنابی حاجی قاسم بەرپرس بووە لەو فەرماندەییە و هاوکار و یارمەتیدەر بووە بۆ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی (لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام) و هەروەها لایەنە سیاسییەکانی کورد. لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە عێراق بە تایبەت لە ناوچەکان ئامرلی و سنجار(شنگال) حاجی قاسم و ڕاوێژکارەکانی ڕۆڵی گرینگیان نواند. بە بەشداریی کردن و سەرپەرەشتی کردنی ڕاستەوخۆی ئەو تیپە و هەروەها ناردنی چەک و تەقەمەنی پێویست بۆ شکاندنی داعش.

پەیوەندی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردی عێراق لە گەڵ حاجی قاسم چۆن بوو ؟

لایەنە سیاسییەکانی کورد لەوانە پارتی، یەکێتی، بزووتنەوەی ئیسلامی، سوشیالیست، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەوانە هەموو پەیوەندییان هەبووە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران  و ئەو کەناڵەی کە دەبوایە بەرپرس بێت لەو پەیوەندیە، قەرارگەی ڕەمەزان بوو بە سەرپەرەشتی فەرماندەیی قودس وحاجی قاسم و تا ئێستاکەشی لە گەڵ بێت، ئەو پەیوەندییە لە نێوان ئێران و لایەنە سیاسییەکانی کوردی عێراق نەپچڕاوە ولە ئاستێکی باشدایە و بەردەوامە.

حاجی قاسم سولەیمانی دۆستی ئێوە بووە و زۆر متمانەی بە ئێوە بوو, ئێوە باشتر ئاگادارن و هاتوچووتان لە گەڵی بووه لە ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستانیش, بفەرموون حاجی قاسم هەڵوێست و ڕای لەسەر پێشمەرگە چی بوو ؟ چۆن باسی پێشمەرگەی دەکرد؟

بە ڕاستی ناکرێت فەرامۆش بکرێت کە لە هەموو قۆناغەکاندا، هەوڵی داوە هێزی پێشمەرگە بەهێز بێت و هێزی پێشمەرگە ڕێکخراو بێت. بۆ ئەوەی بتوانن شەڕی داعش بکەن و پێش داعشیش هەر بەو شێوە کە ئێمە شەڕی سەددام حسێن و لەشکرەکەی ئەومان دەکرد. هەڵوێست و ڕای وا بوو کە هێزی پێشمەرگە دەبێ هێزێکی پتەو بێت. دیارە ئەوەی من باسی دەکەم لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان بوو. لە قۆناغەکانی شۆڕشدا ئەو چەک و تەقەمەنی و پێداویستیانەی کە هێزەکانی پێشمەرگەی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردی عێراق پێویستیان پێ بوو دابینی کردووە و یارمەتی پێشمەرگەی داوە.

باسی ئەوە دەکرێت کە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەوێک کە داعش هاتبووە نزیکی هەولێر داوای لە هەموو وڵاتان کردووە بەڵام بە  هانایەوە نەهاتوون کەچی پەیوەندی بە حاحی قاسمەوە کردووە و ئەوان وتوویانە تا بەیانی بەرخۆدان بکەن بۆ سبەینێ دەگەمە لاتان, کاک مەسعودیش خۆی لە دیمانە لەگەڵ میدیا بیانییەکان باسی یارمەتی حاجی قاسمی کردووە, ئێوە وردەکاری ئەو پەیوەندییەمان بۆ بڵێن ئێران هاوکاری چەک و چۆڵ و هێزی بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتی شەڕی داعشدا چۆن بوو ؟

کاتێک کە داعش پەلاماری ناوچەی هەرێمی کوردستان و هەولێری دا بە دڵنیاییەوە- من بەرپرسم لەم قسەیەی کە دەیکەم، لە لایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەسبەجێ پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرا. تەنانەت بۆ دڵنیابوونەوە، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئێران شەو درەنگان تەلەفۆنی بۆ من کرد بۆ ڕاست کردنەوەی ئەو دەنگوباسانە کە پەیوەندی کراوە بۆ پشتیوانی کردن و بە هاناچوونی هەرێمی کوردستان.دیارە بە دڵنیاییەوە دەسبەجێ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەنگ ئەو داخوازییەی هەرێمی کوردستان و جەنابی کاک مەسعود و جەنابی کاک نێچیرڤانەوە چوون و هەر بەو شەوە فڕۆکەی چەک و تەقەمەنیان ناردە هەرێمی کوردستان و چەندین ڕاوێژکاریشیان نارد بۆ بەشداریی کردن و هاوکاری هێزی پێشمەرگە و ئەوە بوو کە داعش شکستی خوارد. دیارە هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە زۆر لایەنەوە کرد بەڵام یەکەم هاوکاری و یارمەتی کە گەیشتە هەرێمی کوردستان هاوکاری یارمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دیارە بە دەستوور و پشتیوانی جەنابی حاجی قاسم سلێمانی بوو.

جەخت دەکەمەوە کە لایەنی بەرپرس لە پەیوەندی و هاوکارییەکانی ئێران لە گەڵ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ، قەرارگای ڕەمەزان و فەرماندەیی قودس بە سەرپەرەشتی جەنابی حاجی قاسم سولەیمانی بوو کە هیچ کات درێغییان نەکردووە و هەرچی چەک و چۆڵ و تەقەمەنی پێویست بێت ناردوویانە بۆ هێزی پێشمەرگە.

حاجی قاسم کاتێک دەهاتە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت لە بەرەی شەڕ و هێڵی تەماسی شەڕدا زیاتر لە گەڵ کام بەرپرسی هەرێمی کوردستان یان هێزی پێشمەرگە کۆ دەبوویەوە ؟

دیارە بە پێی پێویست حاجی قاسم کە دەهاتە هەرێمی کوردستان لە گەڵ لایەنەکان و هێزی پێشمەرگە دیاری دەکرد، بەلام زۆربەی کات لە هەولێرەوە دەستیپێدەکرد و لە گەڵ پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش دیدار و گفتوگۆی دەکرد.ئەو پیاوە زۆر پیاوێکی ئازا بوو و چاو نەترس بوو و لە زۆرینەی بەرەکانی شەڕدا دیتراوە و پێشمەرگە و ئەو هێزانەی لە گەڵی هێرشیان بۆ سەر داعش بردووە لە وێنەکاندا هەیە و نیشان دەدات کە حاجی قاسم هەمیشە لەو شوێنە بووە کە پێویست بووە نەک لای ئەو کەسانە بوو کە ویستبێتی.

پێشمەرگە و خەڵکی هەرێمی کوردستان چۆن وەسفیان دەکرد؟

کورد زۆر ستەمی لێکراوە و هەمیشە دڵسۆز و بەوەفا بووە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە هاوکاری و یارمەتییان داوە.ئەمەیش وەکوو یەکێ لەو کەسانەی کە هاوکاری گەلی کوردی کردووە لە قۆناغە سەختەکاندا هەمیشە لای خەڵک و پێشمەرگەی هەرێم یادی بەخێر دەکەن و هیوادارین کە بکەوێتە بە دڵۆڤانی خوای گەورە و جێگای بەهەشت بێت.

News Code 35223

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha