گرێ دانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ڕێگای ئاسنی سنە- باشماخ- سلێمانی

خەڵکی کوردستان لەمێژە چاوەڕێی گەشە‌کردن و ئاوەدانی پارێزگان و پێیان وابوو ڕێگای ئاسن دەتوانێ لە جێبەجێ بوونی ئەم داخوازییەدا کاریگەر بێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی ئابووری- سەرگوڵ ئارەش: ڕێگای ئاسنی هەمەدان- سنە زیاتر لە 15 ساڵە کە لە بازنەی بڕیار و بەڵێنەکاندا ماوەتەوە، بەڵام بەختەوەرانە بەو شێوەی کە بەرپرسانی پارێزگا ڕایدەگەینن بڕیارە بەم زووانە دەنگی هاتووچۆی شەمەندەفەر لەم پارێزگایە ببیسرێت.

وا دیارە پاش تێپەڕبوونی دوو دەیە لە دەست پێکردنی دانانی ڕێگای ئاسنی کوردستان، بڕیارە بەم زووانە کۆتایی پێ بێت و بکرێتەوە.

ئەم ڕێگایە لەکوردستان سێ وێستگەی لە شارەکانی قوروە، دێولان و سنە دەبێت کە بڕیارە بگاتە ناو شاری سنە و ئێستا لە هەردوو پارێزگای هەمەدان و سنەوە کاری دانانی ڕەیل خەریکە ئەنجام دەبێت.

بڕیارە ئەم ڕێگایە لە زەوینێک بە ڕووبەری 51 هێکتار دامەزرێت و لە سەرەتای مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبانی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی کاری ڕەیل دانەری ئەم پرۆژەیەدا وتی: هیوادارین تا کۆتایی ساڵی 99 (واتا ئەمساڵ)ئەم پرۆژەیە بگاتە ئەنجام.

هەربەو شێوەی کە پێشتر ڕاگەیێندرا بوو لە بەفرانباری 1398ی هەتاویەوە بە شێوەی جیدی هەوڵ دراوە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم پرۆژەیە و بە وتەی خەیرۆڵا خادمی جێگری وەزیری ڕێگاوبانی وڵات تا ساڵی 1400 بە دڵنیاییەوە ئەم پرۆژەیە کۆتایی دێت.

گرێ دانی کوردستان بە ڕێگای ئاسنی وڵاتەوە، دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار، گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی پارێزگا، بەشداری سەرمایە‌دانەران لە پرۆژە جۆربەجۆرەکانی پارێزگا، پتەو بوونی پێوەندی لە گەڵ دراوسێیەکان، کەم بوونەوەی ڕووداوی هات‌وچۆ و دابین کردنی هێمنایەتی موسافیران و ...

جگە لەو خاڵە ئەرێنییانە کە پارێزگای کوردستان بە هۆی بوونی ڕێگای ئاسن لێ بەهرەمەند دەبێت، بە دڵنیاییەوە شارەکان و وڵاتانی دەورووبەریش بەباشی دەتوانن لەم هەلە کەڵک وەرگرن و تەنانەت ببێتە هۆی پێوەندیی زیاتریان لە گەڵ پارێزگای کوردستان.

بە سەرنج دان بەوەی کە لە مێژە هەرێمی کوردستان و پارێزگای کوردستان پێکەوە پێوەندییان هەیە، بێ گومان بوونی شەمەندەفەر و ڕێگای ئاسن دەتوانێت ئەم پێوەندیانە زیاتر بکاتەوە و کاریگەری زۆری ببێت لە پێوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییەکاندا.

پێشتر لە ساڵی 98دا بەهمەن مورادنیا پارێزگاری کوردستان و هەواڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی بە مەبەستی پەرەپێدانی پێوەندی ئابووری، بازرگانی، فەرهەنگی و هونەری ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کردبوو و هەر لەو دانیشتنەدا بەهمەن مورادنیا پارێزگاری کوردستان جەختی کرد کە هەموو هەوڵێک دەدەن بە ڕێگای ئاسن پارێزگای کوردستان و هەرێمی کوردستان پێکەوە گرێ بدەن.

ڕاشیگەیاندبوو: پێک هێنانی ڕێگای ئاسنی سنە- باشماخ- سلێمانی بە مەبەستی پتەوکردنی پێوەندییەکان یەکێک لەو ئامانجانەیە کە بۆ پێوەندی زیاتر لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەبێ بە شێوەی جیدی وەدوای کەوین چونکوو ئەم کارە بۆ هەردوو لایەنەکە کاریگەری و ئەنجامی باشی دەبێت.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو کە هەندێ لەو کارانەی بۆ دانانی ئەم ڕێگایە پێویست بێت، کراوە بەڵام تا بگاتە باشماخ تێچووی زۆری دەوێت هەربۆیە داوا لە هەرێمی کوردستان دەکەین بانگەشەی بۆ بکەن و ئەم کارە گرینگە بە سەرمایە‌دانەران بسپێرن.

گەرچی تا ئێستا هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە ڕێگای ئاسنی تاران- هەمەدان- سنە بکرێتەوە بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی ئەو کاریگەرییە ئەرێنیانەی کە ئاماژەمان پێ کرد، پاش دامەزرانی ئەم ڕێگایە و گەیشتنی بە سنە، گرێ دانی بە هەرێمی کوردستان گەرچی تێچووی زۆریشی ببێت، بەڵام کارێکی پڕبایەخە و بۆ داهاتووی هەردوو لایەنەکە کارێکی بەسوودە.

بەرپرسانی دوو لایەن سوورن لە سەر ئەنجام دانی ئەو پرۆژەیە و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان و ئێران  بە ڕێگای ئاسن پێکەوە گرێ دەدرێن.

News Code 33670

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha