بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شاسوار عەبدولواحید لە پەیـامەکەیدا دەڵێت کە پلانی دەسەڵات چییە بۆ مانەوەی خۆی و شکستهێنان بە خۆپیشاندانی سەرتاسەریی.
دەشڵێت کە هەفتەی داهاتوو، هەفتەی خۆپیشاندان و رووخانی دەسەڵاتی هەرێمە و ئەم دەسەڵاتە هیچی نەماوە و کاتی رووخانی یەکجارەکیی هاتووە، بەڵام ئەوەێ کە تۆزێک فریای بکەوێت و کەمێک تەمەنی درێژ بکاتەوە، پەرتەوازەیی و ساردکردنەوەی جەماوەر و خەڵکە.
شاسوار عەبدولواحد ئاماژە دەکات کە دەسەڵات دەیەوێت هەموو گروپ و خەڵکە ناڕازییەکان پەرت پەرت بکات، دەیەوێت گومان لەسەر خەڵکی باش و نیەتی باش دروست بکات و لە بری ئەوە خۆی خەڵکی تر و نزیک لە خۆی بخاتە پێشەوە بە ناوی کەسانی نارازیی، تا جەماوەر سارد بکەنەوە و خەڵکانی نارازیی بکەن بە دوژمنی یەکتر.
جەختیش دەکات کە دەسەڵات دەیەوێت خەڵکە نارازییەکان لەبری ئەوەی رووی دەمیان لەدەسەڵات بێت، رووی دەمیان لە یەک بێت و ناکۆک بن.
سەرۆکی جوولانەوەی نەوەی نوێ لە کۆتاییدا دەڵێت: تکام وایە لەسەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو گەمەیە بن، زوڵم و چەوساندنەوەی دەسەڵات و ئەو هەموو ناحەقییەتان لە بیر نەچێت، نەهێڵن لە ڕێی چەند کەسێک کە لە ژێرەوە پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتدا هەیە و بەرژەوەندییان هەیە، میللەت سارد بکەنەوە و خەڵکە نارازییەکە پەرتەوازە بکەن.
ئاماژەش دەکات کە هەر کەس و گروپێک نارازییە لەم دەسەڵاتە، ئەوە دەبێت بەرژەوەندێی میللەت لە پێش هەموو شت ببینێت و دەنگی نارەزایی بەرز بکاتەوە، هەر گرووپ و لایەن و کەسایەتییەکی نارازیی هەیە ئەوە با پێکەوە هەمویان خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن و ئێمەش وەک هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمە لەگەڵیان دەبین، وەک چۆن لەپێشووتر و ئێستا و داهاتووشدا لەگەڵ خەڵکی خۆمان دەبین.
شاسوار عەبدولواحد دەڵێت: لێرەوە بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین هەفتەی داهاتوو خۆپیشاندانی سەرتاسەریی دەست پێدەکات و دەیکەینە هەفتەی رووخانی ئەم دەسەڵاتە.
هەمووان پێکەوە بەرەو یەک ئامانج، ئامانجی گەورە، ئامانجی گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەی کە ٢٩ ساڵە هاوڵاتی هەرێم دەچەوسێنێتەوە و زوڵم لە خەڵک دەکات.
بۆچوونی ئێوە