خۆزگە سەردار سولەیمانی فەرماندەی پێشمەرگە بوایە/ تا کۆتایی لە گەڵ ئێران دەمێنینەوە

ئەندامی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی: خۆزگە سەردار سولەیمانی فەرماندەی ئێمە دەبوو، چونکە تاقە شتێک لە بەڕێزیان دیتم، لێهاتوویی و قارەمانی بوو.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێونەتەوەیی: مەحموود سەنگاوی ئەندامی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی میحوەری گەرمیانی هەرێمی کوردستان و لە فەرماندە مەیدانییەکانی شەڕ لە دژی داعش، باس لەوە دەکات کە لە ڕابردوودا ماوەیەک لە دژی هێزەکانی ئێرانی تێهەڵچووە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردووەوە هاوڕێتی و پەیوەندی نزیکی لە گەڵ ئێران بووە و داکۆکی لەو هاوڕێتییەی تا کۆتایی دەکات.

ناوبراو لەو ساڵانەی کە داعش هەڵیکوتابووە سەر هەرێمی کوردستان، شان بە شانی هێزەکانی ئێرانی لە دژی تیرۆریستانی تەکفیری شەڕی کرد و لەوێ بوو کە لە گەڵ سەرداری شەهید قاسم سولەیمانی ئاشنا بوو.

سەنگاوی لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵدەریی تەسنیم بۆ مەلەفێکی تایبەت بە حاج قاسم سولەیمانی لە ژێر ناوی "هیجری حەبیب"، ڕاوبۆچوون و یادەوەرییەکانی لەو شەهید مەزنە ئاراستە کرد کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* ئێوە پێشینەیەکی زۆری شەڕ و جەنگاوەریتان هەیە. بە بڕوای ئێوە شەڕ لە گەڵ داعش چ جیاوازییەکی لە گەڵ قەیران و شەڕەکانی ڕابردوو بوو؟

ـ شەڕەکانی پێشووی ئێمە زۆرتر شەڕی چریکی و پارتیزانی بوو؛ هێرشمان دەکرد و پاش ئۆپەراسیۆن دەگەڕاینەوە بنکەکانی خۆمان. بەر لە جەنایەتی ئەنفال، شەڕگەلێکی دیکەمان بوو، بۆ وێنە چەندین مانگ بە چەکی سووک لە گەڵ سوپای پڕچەک بەعسی تێهەڵدەچووین و سەدان شەهیدمان دەدا و بەوەشەوە سەرکەوتنی زۆرمان بە دەست دێنا. بەڵام شەڕی داعش زۆر لەو شەڕانە قورستر بوو. چونکە داعش هێزێکی دڕندە بوو و پاڵپشتی زۆری لێ دەکرا و هەموو جۆرە چەک و فرۆکەی بێ فرۆکەوان و چەکی کیمیایان لە بەردەست بوو. ئێمە هەر ەب چەکی سووک لە بەرامبەریاندا بەرگریمان کرد و چەکە قورسەکانمان لەو شەڕە هەمان چەکگەلێک بوون کە لە شەڕی ڕژیمی سەدام بە غەنیمە گرتبوومان.

داعش هێزێکی ڕاهاتوو بوو کە بە داخەوە خەڵکی جێ جێی جیهانی هەڵفریواندبوو کە لە بەرامبەر کوفردا وەستاوە. ئێمە بۆ داعش بەرەی کۆفر بوون و ئەوان خۆیان بە پێڕەوانی هێلی ئیسلام دەناساند. بەڵام داعش نە تەنیا موسڵمان نەبوو، بەڵکوو بێ بەزەیانە ژمارێکی زۆری خەڵکیان کوشت، ژنان و کچانیان بە دیلی برد، شار و ناوچەکانیان وێران کرد. بەوەشەوە هێزەکانی ئێمە لە خۆبوردوانە نیشیمان و نەتەوە و کەرامەتی خۆیان پاراست. ئێمە لەو رێگەیەدا شەهید و قوربانییەکی زۆرمان دا و خۆڕاگرانە لە دژی وەستاین و پاشان وڵاتةیکی زۆر هاتنە هانامانەوە و بە هاوکاریی جیهانی توانیمان ئەو گرووپە تیرۆریستییە تێک بشکێنین.

هەڵبەت داعش هێشتا بە تەواوی لە ناو نەچووە. ئەگەرچی چیتر هیچ ناوچەیەکیان لە بندەستدا نییە، بە تایبەت لە ناوچەگەلی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە چیتر داعش ناتوانێ هیچ جموجۆڵێکی تێدا بێت. بەڵام بە داخەوە لە ناوچەگەلی دیکەی عێراق شایەدی جموجۆڵی ئەو گرووپە تیرۆریستییەن کە بەردەوامە لە کوشتنی خەڵکی، بۆ وێنە لەم دواییە لە هێرش بۆ سەر گوندێکی هاوێری خانەقین، باوک و کوڕێکیان کوشت و ژمارێکی زۆری خەڵکیان بریندار کرد و بەردەوام هەواڵگەلێک لە هێرشی ئەو تیرۆریستانە بۆ سەر ناوچەکانی خانەقین، دیالە، کەرکووک و تەنانەت مووسڵ و لە دژی هێزە عێراقییەکان دەبیستین.

ئەگەر ئەوان دەگەیشتنە هەرێمی کوردستان، ناوچەی ئێمەشیان وێران دەکرد. خوێنی ئێمە بۆیان حەڵاڵ بوو، خوشکان و ژنان و کچانی ئێمە بۆیان حەڵاڵ بوو، هەموو شتێکی ئەم وڵاتە بۆیان حەڵاڵ بوو و ئەوان دەیانەوێ ئێمە لە ناو ببەن. داعش تەنیا دوژمنی ئێمە نەبوو، بەڵکوو دوژمنی مرۆڤایەتی بوو. کەچی لەمناوە زۆرترین دوژمنیان لە گەڵ کوردەکان و شیعەکان بوو.

ئەوان دوژمنێکی پڕمەترسی بوون بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران. بەڵام کۆماری ئیسلامی توانی لە دەرەوەی خاکی وڵاتەکەی لە دژی بوەستن و بە یارمەتی کوردەکان و شەهیدانەکانیان رێگە نەدرا ئەو گرووپە زیان بە خاکی ئێران بگەیێنێت.

* پێشینەی پەیوەندی ئێوە لە گەڵ هێزەکانی ئێرانی لە کوێیەوە دەست پێ دەکات و لە کەیەوە پێکەوە هاوکاریتان هەیە؟

ـ من لە قۆناغێکدا تەنانەت دژی هێزی سوپای پاسدارانی ئێران شەڕم کردووە و جێ برینی گولەی ئێرانییەکان هێشتاش بە ڕوومەتمەوە دیارە. بەڵام دواتر پێکەوە ئاشتەوایمان کرد و ئێستا ماوەیەکی دوور و درێژە کە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی دۆستانەمان هەیە. من لە ئۆپەراسیۆنگەلێکی زۆر لە گەڵ هێزەکانی ئێرانیدا بەشدار بوومە و ئەوانەم لە کتێبی یادەوەرییەکانمدا باس کردووە.

ئێمە لە گەڵ ئێرانییەکانی دۆستایەتیمان هەیە و لە سەر ئەو بڕوایەم هەر هێزێک بێتە ئەم ناوچەیە، رۆژێک لێی دەکشێتەوە. بەڵام ئێمە و ئێرانییەکان پێکەوە دەمێنینەوە و لێک دانابڕێین. ئەگەرچی ئێمە لە ڕابردوودا کێشەگەلێکمان پێکەوە بوو، بەڵام ساڵانێکە هاوکاری زۆر دۆستانەمان پێکەوە هەیە و درێژە بەو رێگەیەش دەدەین.

* لە قۆناغێکدا کە داعش هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان، سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆیان دەڵێن دەستی یارمەتیان بۆ وڵاتانی جۆراوجۆر و لەوان ئێران درێژ کردەوە. ئێران یەکەمین وڵاتێک بوو لەو کاتەدا یارمەتی هەرێمی دا و سەرداری شەهید قاسم سولەیمانی‌ش یەکەم کەسێک بوو خۆی گەیاندە هەرێم. ئەو داواکارییە بۆ لە ئێران کرا و یارمەتییەکانی ئێران چ کاریگەرییەکی لە سەر بەرەنگاربوونەوەی داعش دانا؟

ـ ئێرانییەکان هاوکارییەکی کارامەیان لە گەڵماندا بوو. هەڵبەت داعش مەترسی بوو بۆ هەمووان و ئێرانییەکان جگە لە ئێمە و خۆیان، بەرگریان لە شیعەکانی عێراقش کرد. فەرماندە سەربازییەکانی ئێران ڕاوێژکاریان پێ دەداین و رێنوێنگەلێکی باشیان دەکردین. هەڵبەت هەم ئێرانییەکان و هەم ئێمە لەو شەڕەدا هاوکاریمان لە گەڵ سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی‌ دەکرد.

بە داخەوە هێزەکانی سوپای عێراق هەر لە سەرەتای هاتنی داعش شکستێکی قورسمان خوارد و ئێمە وەک تاقە هێزی بەرگری لە بەرامبەر داعش ماینەوە. بە هێرشی ٢٠٠ داعشی بۆ سەر مووسڵ، زۆربەی هێزە عێراقییەکان چەکیان دانا و هەموو ئەو چەک و جیهازاتانە لەوان تانک و تۆپخانە و دۆشکا و ... کەوتە دەستی تیرۆریستان و داعش هەموو ئەو چەکانەی لە دژی ئێمە بە کار هێنا. لەو دۆخەدا کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هاوکاری ئێمە و عێراق خۆی گەیاندە مەسافەکە.

* بە بڕوای ئێوە وەک فەرماندەیەکی لێهاتوو، سەردار سولەیمانی چ تایبەتمەندیگەلێکی فەرماندەیی و سەربازی بوو؟

ـ پێشتر لە دیمانەیەکدا وتبووم، خۆزگە سەردار سولەیمانی فەرماندە و پێشمەرگەی ئێمە کوردەکان بوو، چونکە تاقە شتێک لێم بینی لێهاتوویی و قارەمانی بوو. ئەو کەسێکی دڵسۆز بوو و بە باشی وڵاتی خۆی دەپاراست و ئاخرسەریش گیانی لە رێگەی وڵاتەکەیدا بەخت کرد.

* ئێوە چەندە لە نزیکەوە ئەوتان دەناسی؟

ـ کاتێک خەریکی ئامادەکاری بۆ هێرش کردنە سەر جلەولا بووین، پێیان وتم کە ئایا دەتوانم لە سێ رۆژدا ئەو ناوچە کۆنتڕۆڵ بکەمەوە؟ قبووڵم کرد و وتم تا بەیانی ئەو ساعەتە هەواڵی ئازادیی جلەولاتان پێ دەدەمەوە. کاتی گەڕانەوە، قاسم سولەیمانیم لە خوارەوەی خانەقین بینی، شوێنێک بوو کە لەوێوە بە مانیتۆر و فرۆکەی بێ فرۆکەوان ناوچەکەی لە ژێر چاوەدێری بوو.

لەوکاتەدا من لە سەر ئەو بڕوایە بووم کە دەبێ جلەولا گەمارۆ بدەین تا هیچ داعشییەک بە زیندوویی دەرنەچێت. بەڵام ئەو لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە ئەگەر رێگەی دەرچوونی دوژمن ببەستین، درێژە بە شەڕ لە دژی ئێمە دەدات. هەر بۆیە دەبێ شوێنێک بۆ هەڵاتنیان بکرێتەوە. من ئەوم بینی و بەیانی ئەو رۆژەی کە شەڕ لە ناوچەدا دەستی پێ کرد لە هەمان شوێنی ئۆپەراسیۆنیدا ئامادە بوو.

پاش شەڕی داعش جارێکی دیکە ئەوم لە ماڵی کاک کۆسرەت ڕەسووڵ دی؛ لە دانیشتنێک بۆ لێکدانەوەی دۆخی دۆزخورماتوو.

قاسم سولەیمانی فەرماندەیەکی بەرز بوو و ئەگەرچی دەیتوانی لە دەیتوانی لە دوورەوە فەرمان بدات و نچێتە بەرەکانی شەڕ، بەڵام لە هەموو بەرەکاندا ئامادە دەبوو و تا کاتێک کە جلەولا و سەعدیە و ناوچەکانی دیکەمان ئازاد کرد لە گەڵمان بوو.

یەکێک لەو تایبەتمەندییە گرینگانەی لەودا دەمدی، ئەوە بوو کە توانستێکی بەرزی کە خوێندنەوەی نەخشە بوو و جارێک پێی وتین کە "ئێوە بۆ کەمتر کەڵک لە نەخشە وەردەگرن؟" وتم با ئێمەش کەڵک لە نەخشە وەردەگرین، بەڵام بەوەشەوە بە هۆی ئاشنایی تەواومان لە گەڵ ناوچە، زۆر پێویستمان بە نەخشە نییە.

* لەباری کەسایەتییەوە چۆن کەسێک بوو؟ چ تایبەتمەندییەکی گرینگی کەسێنیتان لەو لە زەیندا ماوە؟

ـ ئەو کەسێکی ئارام و هێدی بوو. لەو ناوچانەی تێیدا ئامادە دەبوو، بە دوای پێگەیەکی تایبەتی بۆ خۆی نەبوو. وەک هەمووان نانی دەخوارد و هەر لەو جێگەیە پشووی دەدا کە هەموو لێی دەنووستن. تەنانەت کاتێک برسی دەبوو بە بڕێک بیسکویت و نۆشابەوە خۆی تێر دەکرد. بە تەواو مانا کەسێک بوو کە تەمەن و ژیانی خۆی بەخت کردبوو.

لە پەنای هەموو ئەوانە زانیارییەکی زۆریشی بوو و پرسگەلێکی جۆراوجۆری سیاسی و سەربازیی بە جوانی لێک دەدایەوە و شرۆڤە دەکرد. لە سەرەخۆ و بە ئاسوودەیی ڕوانگەکانی دەردەبڕی و هیچکات تووڕە نەدەبوو. بەردەوام هەوڵی دەدا ڕێز لە لایەنی بەرامبەری بگرێت.

* هەواڵی شەهید کرانی بەڕێزیانتان چۆن پێگەیشت؟

ـ ئەو هەواڵەم لە ماڵپەڕەکانی هەواڵ وەرگرت. لە بیرمە BBC ڕایگەیاند لە بەغدا ئۆتۆمبیلێک کراوەتە ئامانج، بەڵام شوناسی کەسانی ناو ئۆتۆمبیلەکە ڕوون نەبوو. بەیانی یەکێک لە هاوڕێکانم پەیوەندی پێوە گرتم و ڕایگەیاند کە قاسم سولەیمانی و تاقمێک لە هاوڕێیانی کوژراون. ئەوە هەواڵەم زۆر بەلاوە ناخۆش بوو.

* ئەگەر بتانەوێ چەند ڕستە لە گەڵ سەردار سولەیمانی قسە بکەن، وەک کەسێک کە ماوەیەک هاوکاریتان لە گەڵیدا بووە، چی پێ دەڵێن؟

ـ هەواڵی شەهیدکرانی بۆ من دڵتەزێن بوو، ئەو قارەمانی وڵاتی خۆی بوو و دەبێ ئێرانییەکان شانازی بە بوونی کەسێکی ئاوا بکەن. ئەو بە باوەڕی من کەسێکی گەورە بوو. لە هیچ شتێک نەدەترسا و سەرەڕای ئەوەی دەیزانی شەهید دەکرێت، بەڵام بەردەوام بوو لە خەبات و هیوای دەخواست لەو رێگەدا شەهید بێت.

بەو هۆیەی هەمیشە بەڕیزەوە لە گەڵ لایەنی بەرامبەری دەدوا، منیش بەڕیزەوە لە گەڵیدا دەدوام و گوێم بۆ قسەکانی دەگرت. ئێمە ئامانجێکی هاوبەشمان بوو و ئەویش بەرەنگاربوونەوەی دوژمنێکی هاوبەش یان باشترە بڵێم دوژمنی مرۆڤایەتی بوو.

خۆزگە زیندوو بوو و پێکەوە دادەنیشتین و لەبارەی پرسەکانی کوردستان، ئازادی، دراوسێتی و هاوکاری دەدواین. ئێمە سنوورگەلێکی هاوبەشمان لە گەڵ ئێران هەیە و لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەشی وڵاتانمان گفتوگۆمان دەکرد.

کاتێک تەرمی بەڕیزیان لە ئێراندا بەڕێ دەکرا، دەرکەوت کە چەندە بۆ خەڵکی وڵاتەکەی خۆشەویستە.

News Code 31108

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 2 =