زانستی ڕەوانبێژیی ئەدەبی لە وێژەی کوردی

"زانستی روونبێژی تایبه‌ت به‌زمان و نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیاریکراو نییه‌. شوبهاندن و خوازه‌ بەچ شێوەیەک لە شیعری فارسی یان عەرەبیدا واتای هه‌یه، هه‌ر به‌م جۆره‌ش له‌شیعری کوردیدا واتای هەیە."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی کلتوور و فەرهەنگ- جه‌عفه‌ر قاره‌مانى: روونبێژی، بریتییە لە کۆمەڵێک یاسا کە بەسوود وەرگرتن لەم یاسایانە دەکرێت یەک واتا بەشێوازی جیاوازو جۆراوجۆر دەرببڕدرێت، بەو مەرجەی ئەو شێوازانە لەڕێژەی روونی و ناڕوونی لەگەڵ یەک جیاوازییان هەبێت و ئەو جیاوازییە تەنیا لەسەر بنەمای خەیاڵ بێت.

زانستی روونبێژی تایبه‌ت به‌زمان و نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیاریکراو نییه‌. شوبهاندن و خوازه‌ بەچ شێوەیەک لە شیعری فارسی یان عەرەبیدا واتای هه‌یه، هه‌ر به‌م جۆره‌ش له‌شیعری کوردیدا واتای هەیە. زانستی روونبێژی پەیوەندی به‌واتاوه‌ هه‌یه ‌و پوختی و ناپوختی  پله‌ی داهێنه‌ری به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ده‌بی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت.

گرنگی زانستی رەوانبێژیی ئەدەبی و بەتایبەت زانستی روونبێژی

زانستی رەوانبێژیی ئەدەبی بەرجەستەترین و گرنگترین بەشی ئەدەبییە کە لایەنی ئافراندن و داهێنانی ئەدەبی تێدا دەردەکەوێت. لەشێوازناسیدا یەکەمین گۆڕانگاریی شێوازی لەباری ئەدەبییەوە لەڕەوانبێژیی ئەدەبیدا روودەدات. بۆ نموونە، بە لێکدانەوەی پێکهاتەی شوبهاندن بەشێوەیەکی ورد دەکرێت گۆڕانکارییەکانی شێوازی ناسی دیاری بکرێت. لەلایەکی ترەوە، بەهۆی ئەوەی کە لەهەرکام لەقوتابخانەکاندا شوبهاندن بەشێوەیەکی جیاواز لەلایەن شاعیرانەوە بەکارهاتووەو ئەڵقەی پەیوەندی هزرو روانینی نوێ شاعیر بەدونیای راستەقینەو خەیاڵییە، شوبهاندن بەباشی دەتوانێت دەربڕی بیرو روانگەی شاعیر بەدونیاو سروشت بێت. لەشوبهاندندا، رووی شوبهاندن جگە لەوەی کە بە تەرازووی هەڵسەنگاندنی بایەخی ئەدەبی شوبهاندن ناسراوە، لەشێوازناسیشدا دەربڕی گۆڕان و جیاوازی شێوازی چاخێکی ئەدەبی بۆ چاخێکی ترە؛ ئەو بابەتە تەنیا دەرخەری گرنگی بەشێک لەزانستی روونبێژی لەڕەخنە و لێکدانەوەکانی ئەدەبییە.

تایبەتمەندییەکانی بەشی دووهەمی زانستی رەوانبێژیی ئەدەبی، واتە روونبێژی

 سەرەتا پێویستە ئاماژەبکرێت لەبەشی دووهەمدا، واتە زانستی روونبێژی بۆ ئەوەی خوێنەر زۆر بەوردی و بەشێوازێکی زانستی و نوێ رووچوونی بۆ ناخی تەوەرەکانی زانستی روونبێژیدا هەبێت، لێکدانەوەیەکی کورت لەسەر پێناسە زمانی شیعری کراوە. هەر لەپێشەکیدا مژاری وێنەی شیعری و رۆڵی زمانی شیعری لەسەر ئافراندنی وێنەی شیعری بەشێوەیەکی تۆکمە شیکراوەتەوە.

لەهەرکام لەبەشە سەرەکییەکانی زانستی روونبێژی، سەرەتا پشکنینێکی چڕوپڕ لەسەر پێشینەی هەرکام لەکۆڵەکەکانی زانستی روونبێژی و  بابەتەکانیان ئەنجامدراوە، بۆ نموونە، لەبەشی خواستندا دوای لێکدانەوەی بۆچوونی نووسەرانێکی وەک: ئەبو هیلالی عەسکەری، تفتازانی، جاحیز، ئیبنی موعتەز، کەدکەنی، شەمیساو هتد، بەشێوازێکی بەربڵاوتر هەر لەسەر ئەو مژارە ئاماژە بەڕوانگەی رەخنەگران و نووسەرانێکی تری وەک: ئەرەستوو، یاکۆبسێن، ریچاردێز، کۆلرێج، هاوکس و هتد، کراوە. بۆیە لەو توێژینەوەیەدا هەوڵدراوە هەرکام لەبابەتەکانی زانستی روونبێژی بەپێی روانگەی رەخنەگران و پسپۆڕانی بیانی بەوردی شرۆڤە بکرێت؛ پاشان رەنگدانەوەی ئەو زانستەی لەئەدەبی کوردیداو بەتایبەت لەدەلاقەی شیعری شاعیرانی کلاسیکی کوردی شیبکرێتەوەو لەئەنجامدا ئاکامی کۆبەندی باسەکان ئاراستە بکرێت.

بۆ ئەوەی ئەو توێژینەوەیە زانیاری نوێ بەخوێنەری وێژەی کوردی ببەخشێت؛ سەرەتا هەوڵدراوە تایبەتمەندی هەرکام لە توخمە پێکهێنەرەکانی زانستی روونبێژی بەوردی تاووتوێ بکرێت و پاشان بەهێنانی نموونەی شیعری شرۆڤەی هەرکام لە کۆڵەکەکانی روونبێژی و جۆرەکانیان ئەنجامدراوە. لەبەشێکی تردا لایەنەکانی جوانیناسی هەرکام لەبابەتەکانی زانستی روونبێژی لەئافراندنی وێنەی شیعری، بەگشتی شیکراوەتەوە. جێی ئاماژەیە لەو بەرهەمەدا بەمەبەستی دەرخستنی رۆڵی رازەکانی زانستی روونبێژی لەپێکهێنانی وێنەی شیعری بۆ هەموو بابەت، یان توخمەکانی زانستی روونبێژی، نموونەی شیعری لەدیوانی شاعیرانی کلاسیک  هاتووە. دیارترین تایبەتمەندی ئەو توێژینەوەیە هەڵبژاردنی زمانی ساکار بۆ شرۆڤەی بابەتەکانی زانستی روونبێژییە.

مەبەستی سەرەکی ئەم لێکۆڵینەوەیە پێناسەو بەرجەستە کردنی رازەکانی زانستی روونبێژی لەشیعری کوردی و کۆکردنەوەیان بەشێوازێکی زانستی و دەرخستنی رادەی دەوڵەمەندی زمان کوردی لەبەرهەمهێنانی شێوازی نوێ و کاریگەر بووە.

شایانی باسە لە کاتی ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە تووشی چەندین گرفت بووین؛ کە لەهەمووان سەرتر بەهۆی نەبوونی فەرهەنگی زانستی ئەدەبی کوریی، هەڵبژاردنی زاراوەی تایبەت بۆ هەرکام لەڕازەکانی زانستی روونبێژی بوو. لە ئەدەبی کوردیدا بەهۆی کەمی لێکۆڵینەوە لەسەر زانستی رەوانبێژیی ئەدەبی و بەتایبەت زانستی ڕروونبێژی زۆرێک لەزاراوەکانی تایبەت بەو زانستە نەکراونەتە کوردی، یان لە ئەدەبی کوردیدا بۆ هەموویان چەمکی تایبەت دانەنراوە، بۆیە هەندێ جار ئەو زاراوانە بەکارهاتوون کە توێژەرانی پێش ئەم توێژینەوەیە بەکاریانهێناوەو هەندێ جاریش بۆ ئەوەی دەوڵەمەندی زمانی کوردی دەرکەوێت و سەربەخۆیی زمانی کوردی بپارێزرێت؛ زاراوەی کوردی بۆ بەشێک لەڕازەکان لەلایەن نووسەرەوە داتاشراوە.

ئەو لێکۆڵینەوەیە (روونبێژی) بەشێوەیەکی گشتی لە پێشەکییەک و چوار بەشی سەرەکی و فەرهەنگۆکێک پێکهاتووە. ناواخنی هەرکام لەبەشەکان بریتین لە: بەشی یەکەم: شوبهاندن. بەشی دووهەم: خوازە. بەشی سێهەم: خواستن. بەشی چوارەم: درکە. لەبەشی دوایی بۆ زانیاری زێدەتری خوێنەری هێژا فەرهەنگۆکێکی تایبەت بەوشەو زاراوەکانی تایبەت بەزانستی روونبێژی دانراوە

News Code 30831

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 2 =