لۆبی دژە ئێران پیلانێکی ئامادە کردبوو کە لە نیۆیۆرک تێکشکێنرا

سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژە بە هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە نیۆیۆرک و هاوکاریی ئێران لەوبارەیە، وتی: ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی شکستی پلانی فەڕەنسا بوو.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی لە دانیشتنی لیژنەی دەوڵەت بە ئاماژە بە ورەی بەرزی گەلی ئێران لە بەرامبەر گوشاری دوژمنان کە بۆتە مایەی سەرکەوتنی گەورە و مێژوویی ئێران، ڕایگەیاند: ئەمریکا دزێوترین گوشارگەلی ئابووریی بە سەرماندا داسەپاند و نەیهێشت وڵاتانی جیهانی و کۆمپانیا ئابوورییەکان لە گەڵمان کار بکەن. چەقی خستە بەردەم ڕەوتی مامەڵەی بانکی، بیمەیی و فرۆشی نەوتنمان.

ڕاشیگەیاند: بە ڕواڵەت دەبوو ئەو گوشارانە ئاکامێکی بۆ ئەوان بە دواوە بێت، بەڵام وەک دەبینین ئەنجامی ئاوەژووی لێ کەوتۆتەوە و گەلی مەزنی ئێران پاش یەک ساڵ و نیو گوشاری بەردەوامی ئابووری لە هەمیشەی بە هێزتر، بە تواناترە و پێگەی لە ئاستی جیهاندا دیار و ڕوونە.

ڕۆحانی لە درێژەدا ئاوری لە سەفەری بۆ کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک دایەوە و وتی: لۆبی دژە ئێران پیلانێکی ئامادە کردبوو و دەیەویست ئێران بە دەست پێکەری ئاژاوەی ناوچەی کەنداوی فارس و تەنانەت ڕەخسێنەری شەڕ و پێکدادان نیشان بدات، پێویست بوو لەو سەفەرەدا ئەو پیلانە تێکشکێندرێت و هەموو جیهان بزانن هۆکارەکانی ئاژاوە و ناکۆکیی ناوچە، ئەوانەن کە لە ٥ ساڵ لەوە پێشەوە خەریکی بۆردومانی دڕندانەی خەڵکی چەوساوەی یەمەنن.

سەرۆک کۆمار لە درێژەدا جەختی کرد: لە کۆتایی سەفەری نیۆیۆرک شایەدی تێکشکانی پیلانی دوژمنان و وێنا کرانی ئێران لە قەوارەی دەنگهەڵبڕی ئاشتی بە پرسی "ئاشتیی هورمۆز" بووین؛ پلانێک کە هەمووان پێشوازیان لێ کرد، تەنانەت ئەوانەی کە ڕاشکاوانە نەیاندەوت.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە نزیکەی ١٥ دیدار لە گەڵ سەرۆک وڵاتان و زۆربەی سەرۆکانی ۱+۵ لە ماوەی ٧٢ کاتژمێر سەفەری بۆ نیۆیۆرک کرد و وتیشی: بێ گومان ئەو دیدارانە لە سای بەرخۆدانی گەلی ئێران، نیشاندانی دەسەڵاتی نیشتمانی لە لایەن هێزی چەکداری و بێدەنگ نەبوونمان هەمبەر بە دەستدرێژیی فرۆکە بێ فرۆکەوانەکان بوو.

سەرۆکی دەزگای بەڕێوەبەریی ئێران بە داکۆکی لە خۆنەدزینەوەی ئێران لە دانوستان، ڕوونی کردەوە: هەوڵی زۆر درا کە وێنەیەکی دژە دانوستان لە ئێران نمایش بدەن و پاشان تەواو تاوانەکان بخەنە ئەستۆی ئێرانەوە و بڵێن ئەمریکا ئامادەیە، کەواتە دانیشن و دانوستان بکەن.

زیادیشی کرد: تەنانەت فەڕەنسا پلانێکی ئامادە کردبوو کە تێیدا هاتبوو ئێران نابێ بە دوای چەکی ناڤۆکی بێت و ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێمە هەمیشە داکۆکیمان لەو بژێرەیە کردووە. باس لە یارمەتیی ئێران بە ئاشتیی ئاوڕێکان کرابوو کە ئێران بەردەوام لەو بوارەدا هەنگاوی هێڵێناوە. لە بەرامبەردا ئەمریکا گەمارۆکان وەلا دەنێت و فرۆشی نەوت خێرا دەست پێ دەکاتەوە. ئێمە پلانەکەمان پێ گونجاو بوو، تەنیا کێشەمان لە گەڵ شێوەی داڕشتن و بە کار هێنانی چەمکەکان بوو.

ڕۆحانی ئاماژەی بە دوو جار هەڕەشەی ڕاشکاوانەی پەرەدان بە گەمارۆکان لە دژی ئێران لە لایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و وتی: لەوبارەوە بە ئەورووپییەکانمان ڕاگەیاندکە قسەی کام لاتان قبووڵ بکەین، ئەوەی کە ئێوە دەڵێن ئەمریکا ئامادەی دانوستانە، یان قسەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە لە ٢٤ کاتژمێر دوو جار ڕاشکاوانەی هەڕەشەی گەمارۆی لە دژی ئێران کردووە.

سەرۆک کۆمار چاوەروانیی پڕۆپاگاندایی ئەمریکا لەو کارە بۆ ئاڵوگۆڕی لە فەزای ناوخۆیی ئەو وڵاتەی بیر هێنایەوە و وتیشی: ئامانجی ئێمە نەک ویستی ئەوان، بەڵکوو بەرژەوەندی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی و گەلی ئێرانە.

سەرۆکی دەزگای بەڕێوەبەریی ئێران وێرای نرخاندنی هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و ژاپۆن و هاوڕێ و هاوکاریی ئێران لەوبارەیە، ڕایگەیاند: ئەوی چەقی خستە بەرەدم ئەو پلانە کۆشکی سپی بوو، چونکە ئەوی ئەمریکییەکان دەیانەویست بەربەستێک بوو و ئێمە رێگەیەکمان دەویست کە رێگەی سەرکەوتن بێت. بۆیە درێژە بەو رێگەیە دەدەین و لام وایە رێگەکان بە ڕووماندا کراوەن.

جەختیشی کرد: هەموو جیهان بەو ئاکامە گەیشتوون کە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام هەڵە بووە، هەر بۆیە دان بەوەدا دەنێن کە دەبێ گفتوگۆ لە گەڵ ئێران بکرێت و باش دەزانن کە ناوچەیەکی ئارام بە بێ دەسەلاتی ناوچەیی ئێران مومکین نییە و جیهانی ئارام بە بە تەرکیخستنی ئێران وەدی نایەت.

News Code 28635

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha