سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناڤین بۆ گەشەی ئابووریی جیهان گرینگە

سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن وتی: سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناڤین بۆ گەشەی ئابووریی تەواوی جیهان گرینگە و لەمناوە ژاپۆن بە هیوایە کە بۆ سەقامگیری و ئاشتی، هەموو هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شینزۆ ئابە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە پرێس کۆنفڕانسی هاوبەشی لە گەڵ حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران، بە ئاماژە بەوەی کە شانازی دەکات لە نەوەدئەمین ساڵوەگەری پەیوەندییەکانی دوو وڵات سەردانی ئێرانی کردووە و بەرەوڕووی پێشوازیی گەرم و گوڕی بووە، ڕایگەیاند: رێگەیەکی دوورودرێژم پێواوە تا بگەمە تاران و ئەم سەفەرە ٤١ پاش سەفەری سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ژاپۆن ئەنجام دراوە. خەڵکی خۆشەویستی ئێران و ژاپۆن گۆڕانکاریی جۆراوجۆریان لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەزموون کردووە.

شینزۆ ئابە بە ئاماژە بە پێشینەی دێرین و مێژوویی فەرهەنگی دوو وڵات، جەختی کرد: ڕەنگە قسەیەک کە لێرە دەیکەم لە دڵ نەنیشت، بەڵام بۆ یارمەتی و پاڵپشتی لە ئێوە دەیڵێم. لە ئێستەدا کێشە و ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین لە بەرزبوونەوەیە و پسپۆڕان ئاماژە بە ڕوودانی شەڕی لە ناکاو دەکەن، بەڵام پێویستە بە هەر شێوەیەک بێ پێش بەو ڕووداوە بگرین.

ڕاشیگەیاند: ئاشتی و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناڤین نە تەنیا بۆ گەشە و بەختەوەریی ناوچە بەڵکوو بۆ گەشەی هەموو جیهان زەروورییە. ژاپۆن هیوادارە لە پێناو کەم کردنەوەی ناکۆکییەکان هەموو هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ و سەفەری من بە تەرکیز لە سەر ئەو پرسە ئەنجام دراوە. بۆ پێشگری لە ڕوودانی شەڕ و پێکدادانی لە ناکاو پێویستە پەرە بە ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناڤین بدەین.

سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بە داکۆکی لە ڕۆڵی سازێنەری ئێران، بیری هێنایەوە: ئیسلام ئایینی ئاشتی، یەکڕیزی و هاوڕێیە. من هەمیشە بڕوام بە پەیامی مەعنەوی ئیسلام واتە "میانەڕۆیی باشترینە" بووە. هەروەها ڕێزی تایبەتم هەیە بۆ ئایەتوڵڵا خامنەیی و فتوا بەرزەکانیان سەبارەت بە حەرام بوونی چەکی کۆمەڵکوژانە و لەوان چەکی ناڤۆکی.

News Code 26910

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 1 =