بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەید مەحەمەد ڕەزا دەربەندی نیوەڕۆئ ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمی کۆتایی یەکەمین فێستیڤاڵ و پیشانگای نەتەوەیی مێدیا کوردییەکان کە لە سنە بەڕێوە چوو، وتی: بەڕێوە چوونی ئاوەها فێستیڤاڵگەلێک دەبێتە هۆی ڕکابەری، گەشەی چالاکی مێدیا بەرهەم هێنەرەکان، دروست کردنی شادی و ڕێز گرتن لە گەورەکانی ئەو بوارە.
ناوبراو بە وتنی ئەوەی کە بەڕێوە چوونی ئەو فێستیڤاڵە بەرەکەتی مادی و مەعنەوی زۆری بۆ بەشدار بووان هەیە، زیادی کرد: بەهێز کردنەوەی زمانی کوردی یەکێک لە گرینگترین دەستکەوتەکانی بەڕێوە چوونی فێستیڤاڵی مێدیا کوردییەکانە.
بەرپرسی گشتی نووسینگەی چاپەمەنی و هەواڵدەرییەکانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی درێژەی دا: بەهێز کردنەوەی یەكێک لە سەرمایە نەتەوەییەکانی ئێران، واتا زمانی کوردی یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئەو فێستیڤاڵەیە و ناردنی ٨٨٩ بەرهەم بۆ ئەو فێستیڤاڵە رێژەیەکی سەرەنج ڕاکیشە کە نیشان دەدات ئەو فێستیڤاڵە هەر لە یەکەم قۆناغدا سەرکەوتووە.
Your Comment