بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ساڵی ۲۰۱۴ لە خوتبەی نوێژی هەینی مزگەوتی نووری موسڵ بۆ دوایین جار ئەبووبەکر بەغدادی سەرکردەی گرووپی تیرۆریستی داعش دەرکەوت و لەو کاتەوە تەنیا تۆماری دەنگی بڵاودەکاتەوە.
لە ڕاپۆرتێکی ئەسۆشێتێدپرێسدا هاتووە؛ لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا، زۆرینەی سەرکردەکانی داعش کوژراون، بەڵام هێشتا سەرکردەکەی داعش شوێنی نەزانراوە و ئەمریکا ۲۵ ملیۆن دۆلار خەڵاتی بۆ دۆزینەوەی داناوە.
شان ڕایان وتەبێژی هاوپەیمانان رایگەیاندوە:"هاوپەیمانان نە ئەبووبەکر بەغدادی-یان دەستگیر کردوە و نە ئاگایان لە شوێنی خۆحەشاردانی هەیە".
راپۆرتەكە لە زاری بەرپرسانی هەواڵگریی عێراق ئەوەشی خستۆتەرو كە سەرکردەكەی داعش لە بیابانەکانی نێوان عێراق و سوریا لە تۆنێلەکاندا ژیان بەسەردەبات.
لەماوەی رابردودا چەندین قسەوباس لەبارەی چارەنوسی بەغدادییەوە کراوە، لەوانە وتراوە گوایا لەکاتی بۆمبارانکردنی پێگەکانیان لە عێراق و سووریا بریندارکراوە و تەنانەت وتراویشە کە کوژراوە. بەڵام هیچکام لەو زانیارییانە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
بەرپرسێکی باڵای عێراقی بەبێ ناوهێنانی رایگەیاندووە: "ئەمریکییەکان دو کەس لە نزیکترینەکانی بەغدادییان کوشتوە و هاوسەرەکانیانی دەستگیر کردوە، ئەمریکا بەنیازە لە ڕێگای ئەم دو کەسەوە زانیاری لەسەر شوێنی بەغدادی بەدەستبهێنێت.
ئاژانسەكە باسی لەوەشكردوە كە فەرماندە باڵاکانی کوردی سووریا هێشتا ڕای خۆیان لەبارەی چارەنووسی بەغدادی و شوێنی خۆحەشاردانی ڕانەگەیاندوە.
لەئێستادا بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، پێدەچێت ئەبووبەکر بەغدادی تەمەن ۴۷ ساڵ لەبیابانە سەختەکانی سووریا خۆی حەشاردابێت کە لە بەشی رۆژهەڵات و سنورەکانی عێراقەوە دەستپێدەکات تا ناوچەکانی ناوەڕاست لەحومس.
شیاوی ئاماژەیە مانگی تەموزی ساڵی رابردوو کوڕەکەی بەناوی ( حوزەیفە) لەو بیابانە و لەهێرشێکی ئاسمانی فرۆکەکانی رووسیادا کوژراو پێدەچێت باوکیشی هاوسەفەری بووبێت.
لەهەواڵەکاندا باس لەوە دەکرێت بەغدادی لەگەڵ سێ کەس هاتوچۆ بکات ئەوانیش براگەورەکەی کە ناوی جومعەیە لەگەڵ شۆفێرەکەی و بۆدی گاردی تایبەتی و هاوڕێی مناڵی کە ناوی عەبدول لەتیف ئەل جبورییە لەگەڵ کەسێکی دیکە سوعاد کوردی.
Your Comment