زەریف، زەنگەنە و هیمەتی لە هێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکان

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بەوەی کە ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوە، بانکی ناوەندی، وەزارەتی نەوت لە هێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکان وتی: وەزیرانی دیکەی دەوڵەت لە ‌هێڵی پشتەوەی ئەو بەرەنگارییەن.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی لە بەیانی ئەمڕۆ سێ‌شەممە لە پەنجاوهەشتەمین کۆمەڵەی گشتیی بانکی ناوەندی ڕایگەیاند: ڕاپۆرتی ئەمڕۆ هیواداری کردین کە سەرەڕای تەواو کێشە و سەخڵەتییەکان بە هۆی گەمارۆگەلی بانکی و نەوتیی ئەمریکا، دەسکەوتگەلێکمان مسۆگەر کردووە.

ڕۆحانی بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا هەموو توانای خۆی خستۆتەگەڕ بۆ گەمارۆدانی سیستەمی بانکی، فرۆشی نەوت و گشت بوارە ئابورییەکانی ئێران، وتی: وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی نەوت و بانکی ناوەندیی ئێران لە هێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی زەخت و گوشارە ئابورییەکانی ئەمریکا ڕاوەستاون و وەزیرانی دیکەی دەوڵەت لە ‌هێڵی پشتەوەی ئەو بەرەنگارییەن.

ناوبراو وێرای نرخاندنی هەوڵی زەریف، زەنگەنە و هیمەتی، وتیشی: ئەگەر وەزارەتی دەرەوە، بانکی ناوەندی و وەزارەتی نەوت لە بەرامبەر گەمارۆکانی ئەمریکا وەستاون بە نوێنەرایەتی لە گەلە و هەموو هەوڵەکان لە پێناو گەلی ئێران دەکرێت.

سەرۆک کۆمار لە درێژەدا ڕووانییە تەرازی بازرگانیی وڵات لە هەلومەرجی گەمارۆدا و ڕوونی کردەوە: تەرازی بازرگانی ئێران لە یازدە مانگی ڕابردوودا ئەرێنییە، بەجۆرێک کە کۆماری ئیسلامی لەو ماوەدا چل ملیارد دۆلار هەناردەی غەیرە نەوتی و ٣٨ و نیو ملیارد دۆلار هاوردەی بووە. ئەوە نیشان دەدا کە وڵات دەتوانێ بە کەمتر لە ٤٠ ملیارد دۆلار پێداویستیی هاوردەی خۆی دابین  بکات.

ڕۆحانی وێرای ئاماژە بە سەفەری بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا بۆ ئێران و دیداری لە گەڵ رێبەری باڵا و سەرۆک کۆماری بۆ دەستخۆشی لە گەل و دەوڵەتی ئێران و رێبەری باڵای شۆڕش و هەروەها وەزارەتی دەرەوە بۆ کارە مەزنەکانی کە لە ئاستی ناوچەدا ڕایپەڕاندووە، وتی: ئێران لە ئاستی ناوچەدا هەنگاوی بەرزی هەڵگرتووە، بەشێک لەو کار و هەنگاوانە لە لایەن سوپای پاسداران، وەزارەتی دەرەوە و باڵی ئابوریی ئێران ئەنجامی گرتووە کە ئەوە پێشاندەری یەکڕیزیی نێوان بەشە جیاجیاکانی وڵاتە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی دا بە ئەرکی قورسی سەر شانی دەوڵەت لە قۆناغی ئێستادا و جەختی کرد: ئەگەر کەسانێک بیانەوێ بە دەوری دەوڵەتدا دیوار بکێشن، کاری دەوڵەت دژوارتر دەکەن. من داوا لەو کەسانە دەکەم کە سەر بە هەر لایەنێکن، کاری دەوڵەت دژوارتر نەکەن و ئەوە لە بەرژەوەندیی خەڵکی نییە و رێگە بدەن کە دەوڵەت کاری خۆی بکات.

ڕۆحانی پێوەندیی ئێران و گرووپی هەنگاوی دارایی (FATF)ی بیرهێنایەوە و جەختیشی کرد: واباشە هەندێک باوەڕمان بە هوشیاری و تەگبیری وڵاتانی دیکەی جیهانیش بێت. ئایا تەواو وڵاتانی جیهانی کە ئەندامی ئەو گرووپەن، بیریان لە پاشهاتەکانی نەکردۆتەوە؟ ئایا دەوڵەتی ئێمە کە پڕۆژەیاساکەی ئامادە کردووە، تەگبیر و ژیریی پێویستی نەبووە؟ ئایا مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی کە ئەو پڕۆژەیاسایەی پەسند کردووە تەگبیر و ژیریی نەبووە؟ ئایا شۆڕای نیگابان کە پڕۆژەیاساکەی واژۆ کردووە تەگبیر و ژیریی نەبووە؟

ڕاشیگەیاند: ناکرێ وڵات بدرێتە دەستی ١٠، ٢٠ کەس و بڵێین هەرچی ئێوە بڵێن ئەوە دەکەین. خاوەنانی ئەم وڵاتە گەلی ئێرانن و بێ شک گەل، بانکی ناوەندی و بانکەکانی دیکە ڕاوبۆچوونی گونجاوی خۆیان هەیە. بڕیاردان بۆ ئەم وڵاتە لە ئەستۆی دەوڵەت، مەجلیس و رێبەری باڵایە و خود رێبەری چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە کێشەیان لە گەڵ پڕۆژەیاسا چوارینەکانی گرووپی هەنگاوی دارایی نییە.

سەرۆک کۆمار لە کۆتاییدا ساڵی داهاتووی ساڵی کۆنتڕۆڵ کردنی هەڵاوسانی زانی و وتیشی: وەدی هاتنی ئەو کارە بە پشت‌بەستن بە هەوڵەکانی چەند مانگی ڕابردوومان مومکینە؛ واتە بینیمان کە هەم نرخی هەڵاوسانی بەرهەم هێنان و هەم نرخی هەڵاوسانی مەسرەف کردن لە چەند مانگی ڕابردوودا دابەزینی بوو. بەوەشەوە دەبی هەوڵی زیاتر بدەین کە ئەو ئاواتە بە تەواوی وەدی بێت.

News Code 25254

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 7 =