به ڕاپۆرتی ئاژانسی ههواڵی مێهر، ئارام ئەحمەد بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند: بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەمشەوەوە تا ئێستا ٤٢ هاووڵاتی لە خانەقین و ٥٢ کەسی دیکەش لە کەلار رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێوە پیاوێکی تەمەن ٦٨ ساڵ و ژنێکی تەمەن ٦٥ ساڵ لە کەلار گیانیان لەدەستداوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی ئەو کەسانەی رەوانەی نەخۆشخانەی کەلار کراون بەهۆی ترسەوە بووراونەتەوە.
بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی کەلار راشیگەیاند: هەر بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ پاش بوومەلەرزەکە ٧ کەس گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی گشتی کفری.
کاتژمێر ۷ و ۳۸ خولەکی ئێوارەی ڕابردوو (به کاتی ههرێی کوردستان) بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٥ پلە بە پێوەری رێشتەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان و ئێرانی هەژاند کە بەپێی میدیاکانی ئێران بوومەلەرزەکە لە ١٧ کیلۆمەتری شاری سەرپێڵی زەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشان و لە قوڵی ٧ کیلۆمەتر لەژێر زەوی روویداوە، دواتریش چەند پاش لەرزیەک بە گوڕی جیاجیا روویاندا.
پاش چەند کاتژمێرێک لە روودانی بومەلەرزەکە، هوشەنگ بازووەند پارێزگاری کرماشان رایگەیاند: بەهۆی بومەلەرزەکەوە تا ئێستا نزیکەی ٢١٠ کەس لە شارەکانی گیلان غەرب و سەرپێڵی زەهاو و قەسری شیرین و گوندەکانی دەوروبەر بریندار بوون، بەڵام ئاماری گیانلەدەستدان لەو ناوچانە تۆمار نەکراوە.
بۆچوونی ئێوە