به ڕاپۆرتی ئاژانسی ههواڵی مێهر، ئهنجومهنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەسەر هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، ئاماری مانگی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری ئەمساڵی بڵاو كردەوە و رایگەیاند: ھێرشە تیرۆریستییەكان لە رێگەی ئۆتۆمۆبێلە بۆمبڕێژكراوەكانهوه لە كەركووك و مووسڵ دووبارە سەریان ھەڵداوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ھەروەھا تیرۆركردنی موختارەكان و بە ئامانجكردنی وێستگەكانی كارەباش بەردەوامیان هەیە.
ئەوەش خراوەتەروو، لانیكەم دوو ھێرش بە ئۆتۆمۆبێلی بۆمبڕێژكراو دژ بە ھاووڵاتییان و ھێزە ئەمنییەكان ئەنجام دراون و دوو ھێرشیش پووچەڵ كراونەتەوە.
لە ئامارەكەدا ئەوەش هاتووە: لە ۱۳/۱۰/۲۰۱۸، ئۆتۆمۆبێلێكی بۆمبڕێژكراو شەش كەسی برینداركرد و لە ۲۳/۱۰/۲۰۱۸، لە گەیارە ھێرشێكی دیكە لانی كەم ۱۰ كەسی كوشت و ۳۰ كەسی دیكەی بریندار كرد.
راگەیەندراوەكەی ئهنجومهنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رونیكردووەتەوە، لە ۲/۱۰/۲۰۱۸، چەكدارانی داعش هێرشێكی چەندقۆڵی بۆ سەر گوندی ڕەبزە لە نزیك حەویجە ئەنجامداوە و تێیدا موختاری گوندەكەی كوشتووە.
هەربەپێی راگەیەندراوەكە، له ۱۰/۱۰/۲۰۱۸، داعش موختاری گوندی جاسمییەی لە ماڵەكەی خۆیدا كوشت، دواتر لە رۆژی ۲۰/۱۰/۲۰۱۸ تیرۆریستانی داعش موختاری گوندی كەریم داودەی سەر بە شارۆچكەی خانەقینیان كوشت.
هەروەها هاتووە، لە رێكەوتی۱۷/۱۰/۲۰۱۸، چەكدارانی داعش تاوەرێكی كارەباییان لە نزیك گوندی خوزەیفییە تەقاندەوە، بووە هۆی بڕینی كارەبای حەویجه، رۆژێك دواتر، بۆمبێكی چێندراو ئۆتۆمۆبیلێكی پۆلیسی پاسەوانیی سەر بە كۆمپانیای نەوتی باشووری كردە ئامانج لە نزیك گوندی مەفتوولی سەر بە ناحیەی رەشاد و لە ئەنجامدا پێنج پۆلیس بریندار بوون.
Your Comment