گه‌مارۆی ئه‌مریکا دژی ئێران سته‌مکارانه‌یه‌

میدیایەکی عێراقی ڕوانییە پرسی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران و لە زمانی نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران ئەو گەمارۆیانەی زاڵمانە وەسف کرد.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، "بغداد الیوم" بە ئاماژە بە پرسی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران، نووسی: لە گەڵ نزیک بوونەوە لە مۆڵەتی کۆتایی کە دۆناڵد ترامپ بۆ لە سەرگرتنەوەی گەمارۆگەلی ئابووری لە دژی ئێران دیاری کردبوو و وڵاتانی دیکەی ناچار لە وەستاندنی هەر جۆرە مامەڵە لە گەڵ ئێران دەکرد، پێدەچێت ئەو گەمارۆیانە زۆرترین کارتێکەریان لە سەر عێراق بە تایبەت لە سەر پارێزگاکانی نزیک بە ئێران دەبێت.

سلێمانی ناوچەیەکی نزیک بە ئێرانە کە پەیوەندیی درێژخایەنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە گەڵ ئێران هەیە و وادیارە ئەم ناوچەیە زۆرترین کارتێکەریی لە گەمارۆکانی سەر ئێران بەر دەکەوێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە بازاڕی خۆجێی ئەو پارێزگایە لە سەدا ٨٠ پشت‌ئەستوورە بە کاڵاگەلی ئێرانی.

سەرکەوت ئەحمەد کە دووکانی کەرەسە و مادەی خۆراکیی هەیە وتی: لە سەدا ٨٥ی شمەکی ناو دووکانەکەم ئێرانیییە و ئاستی پێشوازی لە کاڵاگەلی ئێرانی زۆرە و ئەوە بۆ دەیان ساڵ دەچێت ئەو ڕەوتە لێرە هەیە، چونکە شمەکی ئێرانی لێرە هەرزانە و بۆ خەڵکی دەستکورت گونجاوە.

مەحموود عەزیز کە شوفیری سەر کامیۆنە و لە ئێرانەوە شمەک دێنێت، دەڵێ: سلێمانی پێویستی بە کاڵای ئێرانی هەیە و ئەوەش هۆکاری زۆرە کە یەک لەوان نزیکیی لە ئێران و هەرزان بوونی کاڵا و داشکاندنەوە لە لایەن بازرگانانی ئێرانییە. قەدەغەی گەیشتنی کاڵاگەلی ئێرانی بە هەرێمی کوردستان، نرخەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار دەباتە سەر و ئەوەمان کاتی نەگەیشتنی سێ رۆژەی هێلکەی ئێرانی بە ئاشکرا بینی.

هەروەها غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگایی سلێمانی ڕایگەیاند: چاوەروانی دیتنی کاریگەریی نەرێنیی گەمارۆکانی سەر ئێران لە سلێمانی و تەواو خاکی هەرێمین. هیوادارین کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران بە شێوەی دیپلۆماسیانە و بە دوور لە بە کار هێنانی گەمارۆی ئابووری چارەسەر بێت. سلێمانی بە شێوەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە بازرگانی لە گەڵ ئێران و پەیوەندییەکی درێژخایەنی لە گەڵ گەلی ئێران هەیە و ئەم گەمارۆیانە کاریگەریی نەرێنیان هەیە لە سەر هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە. ئێمە بە دوای جێگرەوەیەک بۆ پێشگری لەو کاریگەرییە نەرێنییەن.

نازم دەباغ نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران گەمارۆگەلی سەر ئێرانی ئەمریکای زاڵمانە وەسف کرد و وتی: هەر جۆرە گەمارۆیەک چ لە دژی ئێران بێت و چ لە دژی عێراق، پاشهاتی نەرێنیی لە سەر وڵاتانی ناوچە هەیە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. ئێمە نابێ بەرژەوەندییەکانی خۆمان قوربانیی بەرژەوەندیی دیتران بکەین و بە ڕای من واباشە عێراق نەبێتە بەشێک لە پێکدادانی ئەمریکا لە ناوچە.

ناوبراو هەروەها خوازیاری یارمەتی گەیاندن بە ئێران تا ئاستی مومکین بوو.

لە لایەکی دیکەوە هاوکار قادر لە رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان بەو میدیا عێراقییەی ڕاگەیاندووە کە کوردەکان دەبێ هاوکێشەیەک ڕەچاو بکەن لە پەیوەندیان لە گەڵ ئێران و ئەمریکا. لە لایەکەوە ئەمریکا دەسەڵاتێکی گەورەیە و هەرێم ناتوانێ چاوپۆشی لێ بکات و لە لایەکی دیکەوە ئێران وڵاتێکی دراوسێیە کە پەیوەندیی ئابووری و سیاسیی درێژخایەنی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.

News Code 22817

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 2 =