بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، جەلال قەلعەشاخانی لە کۆبوونەوەی بنکەی بەڕێوەبەری پانزدەهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی کوردی سەقز لە سنە ڕایگەیاند: تا ئێستا ٦٩ گرووپی شانۆیی دەقی شانۆنامە و CDی کارەکەیان ڕەوانەی نووسینگەی ئەم خولە لە فێستیڤاڵی شانۆی کوردی کردووە.
وتیشی: ١٤ بەرهەمی شانۆییش لە وڵاتانی سووریا، هەرێمی کوردستان و کوردستانی تورکیاوە گەیشتۆتە نووسینگەی پانزدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی کوردی سەقز.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی کوردستان بە ئاماژە بەوەی کە دوای پێداچوونەوە و لێکدانەوەی داوەرانی قۆناغی یەکەم، ١٢ گرووپی شانۆیی بۆ بەشی کۆتایی فێستیڤاڵ دەناسرێن، جەختی کرد: ئەوساڵ لە پێناو نرخاندنی فەزای فەرهەنگی و بەهادان بە بە بەرهەمە شازە هونەرییەکان و گۆرانکاری لە پێکهاتەی ئەم خولە لە فێستیڤاڵ، فێستیڤاڵ بە شێوەی ناڕکابەرانە بەڕێوە دەبرێت.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە لە ماوەی ٤ رۆژی بەڕێوەچوونی پانزدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی کوردی سەقز ٣ گرووپی شانۆیی بیانی و ٩ گرووپی ناوخۆیی بەرهەمەکانیان دەبەنە سەر شانۆ، ڕایگەیاند: لە پەنای نمایشی بەرهەمە شانۆییەکان، دانیشتنی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان بە بەشداری و ئامادەبوونی کارناسان و مامۆستایانی گەورەی شانۆی کوردی لە ئاستی وڵات بەڕێوە دەچیت.
بە وتەی قەلعەشاخانی ئامانجەکانی ئەمساڵی فێستیڤاڵی شانۆی کوردی بریتین لە نرخاندنی زمانی کوردی وەک هاندەر و پاڵپشتێکی دەوڵەمەند بە پێی ڕەسەنایەتی و بایەخە فەرهەنگییەکان و بە داکۆکی لە میراتی نیشتمانی و ئیسلامی، ڕوانینێکی نوێ بە فەرهەنگی خێڵەکی و ڕێوڕەسم و ئایینە نوریتییەکان لە ناوچە کوردنشینەکان، ڕەخساندنی بەستێنێکی گونجاو و کەشێکی فەرهەنگی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەندێشەگەلی داهێنەرانە و نوێگەرانە لە نێوان هونەرمەندانی بۆاری شانۆ و جەماوەر، داڕشتنەوەی داهێنەرانەی حیماسە، ئایین و ڕێوڕەسمە نیشتمانی و ئایینییەکان لە رێگەی هونەری بەرزی شانۆ.
پانزدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی کوردی سەقز لە لایەن ئیدارەی گشتیی فەرهەنگو ئیرشادی ئیسلامی کوردستان و بە هاوکاریی پارێزگاریی کوردستان، ئیدارەی گشتیی هونەرگەلی شانۆیی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، جێگرایەتی پارێزگاری و فەرمانداریی تایبەتی سەقز، سارەوانی و شۆڕای ئیسلامی شاری سەقز و ... بە شێوەی ناڕکابەرانە بۆ ماوەی ٤ رۆژ لە ٧ تا ١١ی خەزەلوەر لە شاری سەقز بەڕێوە دەچێت.
بۆچوونی ئێوە