چۆن و بۆچی ئەندێشەی تیرۆریزمی تەکفیری گەیشتە ئەرووپا؟

ڕەنگە وڵاتانی ئەرووپایی کە بە بێ بیرکردنەوە لە دوارۆژی هەڵوێستەکانیان، بەستێنیان بۆ لە ناوبردنی ئاسایش و ئەمنییەتی دانیشتووانی باشووری رۆژئاوای ئاسیا خۆش کرد، هیچکات بیریان نەدەکردەوە کە دوای چاندنی با، دەبێ ڕەشەبا بچننەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی یادداشت – محەمەد قادری*: ڕەنگە وڵاتانی ئەرووپایی کە بە بێ بیرکردنەوە لە دوارۆژی هەڵوێستەکانیان، بەستێنیان بۆ لە ناوبردنی ئاسایش و ئەمنییەتی دانیشتووانی باشووری رۆژئاوای ئاسیا بە تایبەت لە عێراق و سووریا خۆش کرد و لە سناریۆی شەڕی بە وەکالەتی عێبیری – عەرەبی – ئەمریکایی ڕۆڵی ئاسانکار و تەواوکەری دەگیڕا، هیچکات بیریان نەدەکردەوە کە دوای چاندنی با، دەبێ ڕەشەبا بچننەوە

هەڵبەت ئەو هاوئاهەنگی و هەنگاو، پاش ساڵانێک ئیسلام تۆقێنی، شیعه تۆقێنی و ئێران تۆقێنی ڕووی دا، هەتا بتوانن ڕای گشتیی رۆژئاوا لە هەموو لایەکەوە ڕابهێنن و ئامادەی ڕوودانی جەنایەتێکی لەو شێوەی بکەن. لە ڕاستیدا ئەورووپا بە تایبەت وڵاتانی بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا بە پاڵپشتیی تەواو لەو پیلانە، بە پێچەوانەی تەواو درۆشمەگەلی تەڵەکەکارانەی مافی مرۆڤی خۆیان، تەنیا بەو هۆیە کە ڕوودانی شۆڕشگەلی عەرەبی لە رۆژهەڵاتی ناڤین-یان وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئامانجە دزێوەکانیان دەدی، ناجوامێرانە چوونە یارمەتیی شەیتانی گەورە و دارەدەستەکانی و بەشداریان کرد لە ڕشتنی خوێنی هەزاران مرۆڤی بێ تاوان لە ماوەی نزیکەی ٦ ساڵی ڕابردوو، بۆ ئەوەی لەو رێگەوە بە بڕوای خۆیان پێشگری بکەن لە دۆمینۆی شۆڕشگەلی عەرەبی بە نمانە وەرگرتن لە شۆڕشی ئیسلامی ئێران.

ئەگەر وردبینانەتر بڕوانین تێدەگەین کە ترۆئیکای ئەورووپایی بە هاوبەشی لە جەنایەتی گەورە، بۆ مسۆگەر کردنی چەند ئامانجێک بووە. ئامانجگەلێک کە ئەگەرچی هەندێکیان وەک فرۆشی لە ڕادەبەدەری چەک و چۆڵ، دواخستنی ڕەوتی ڕووخانی دیکتاتۆرەکانی ناوچە و ... مسۆگەر بوونە، بەڵام لە نیگایەکی گشتیدا و بە گشتی ئامانجەکانیان مسۆگەر نەبووە و دیسان متمانەکردن بە ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی بە زیانیان بووە.

بە وتەیەکی دیکە، هاوپەیمانانی کۆشکی سپی و ڕژیمی درۆیینی ئیسرائیل لە بەژی سەوزدا، هاوکات و لانی کەم لە دوو لایەنەوە تووشی هەڵەی لێکدانەوە لە بەراوەردەکانی بووە؛ یەکەم ئەوەی کە بۆ چەندەمین جار فریوی پاگەندەی ئەمریکا و ئیسرائیل-یان خوارد و بە متمانە پێ‌کردن بەوان کەوتنە سەر رێگایەک کە لە ئەنجامدا بە زیانیان بووە و دووهەم ئەوەی کە بە بێ لە دەستدا بوونی وێنەیەکی دروست لە دەسەڵات و سەروەریی بەرەی خۆڕاگری، جەماعەتێکیان پڕچەک کرد کە نە تەنیا لە دژی بەرەی خۆڕاگری و گەلانی ناوچە بوون کە لە بنەڕەتەوە خوڵقێکی دژە مرۆیانە هەبوو و موسڵمان و مەسیحی و ... بە لایانەوە هیچ جیاوازییەکی نەبوو.

بۆ تێگەیشتنی دروست لەو پرسە ڕەنگە پێویست بێت کە بڕێک بۆ دواوە بگەڕێینەوە. لەو جێگەوە دەست پێبکەین کە دەوڵەتانی ئەورووپایی بە ئامانجی پێشگری لە ڕەوتی گەشە و پەرەسەندنی ئیسلام لە ئەرووپا وەک ئایینێکی بە رۆژ و ئاشتی خواز کە بە هۆی هاوسەنگبوونی تەواوی لە گەڵ دەروونی مرۆیی و لە ئەگەری دروست پێناسە کردنی، توانای ڕاکێشانی زۆرینەی سەرنجەکانی بۆ لای خۆی هەیە، دەستەوداوێنی پیلان و سناریۆگەلێک بوون، هەتا وەک خۆیان دەڵێن پێشگری بکەن لە ڕاکێشرانی هاووڵاتیان بە تایبەت گەنجانی ئەورووپی بەرەو ئایینی دواپێغمبەری خودا (س‌خ).

ئیسلامی ڕەسەن وەک کامڵترین قوتابخانە نە تەنیا لە دژی ئایینە ئاسمانی و پێغەمبەرەکانی دیکە نییە و نابێت، بەڵکوو نە جۆرێک ئیدعای کامڵ کردنی ئەوانیئ هەیە. وەک چۆن لە فێرکارییەکانی خۆی لە قورئانەوە تا نەریتی مەعسوومان (ڕخ) بە ڕێزەوە یادی پێغەمبەرانی دیکەی خودا دەکات و هەتا ئاستی مومکین دەیانڕخێنێت. ئەو قوتابخانەیە بە ئاوردانەوە لە جەوهەرەکەی هەڵوێستێکی دوو لایەنەی هەیە و ئیدعای بوونی پلانێکی مەعنەوی و ئاسمانیی هەیە بۆ هەر دوو بواری تایبەتی و کۆمەڵایەتیی ژیانی مرۆڤ و هەر لێرەیە کە قوتابخانە ماتریاڵەکان بە تایبەت سیستەمی لیبراڵ دیموکراسی لە رۆژئاوا ئەو ئایینە لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت و دژایەتیی دەکات.

لە ڕاستیدا ئەوی ئەمڕۆ وەک ئایدیالۆژیای دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا و بە تایبەت ئەورووپا دەبیندرێ، ئاوێتەیەکە لە تیۆری و دەسکەوقتە ئۆمانیستییەکان کە خودای لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی سڕیوەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە رۆژەڤی دەسکردی مرۆیی بەرژەوەندیی کەمینەی دەسەڵاتدار بە سەر خەڵکی دابین بکەن و ئەوە هەمان خاكی بەرەوڕووبوونەوە و دژایەتیی بەرژەوەندیی کەمینەی دەسەڵاتدار لە رۆژئاوا لە گەڵ ڕاهێنانەکانی ئیسلامی ڕەسەنە کە بە دوای بەرزڕاگرتنی پێگەی مرۆیی و بەهرەمەندبوونی دادپەروەرانەی هەمووان لە هەلی ژیانی ئەم جیهانییە بۆ دابین کردنی ژیانی ئەو جیهانییە. بەڵام هاووڵاتیانی کۆمەڵگای رۆژئاوایی لە جیهانی ئەمڕۆدا، بێ ئاگا لە هەموو لایەک و تەنیا لە بری بوونی ژیانێکی تەواو دونیایی و بە ڕواڵەت ئاسوودە، چوونەتە ژێر هەژمۆنیی کەمینەیەک کە لە تەواو کەرەسەکانی خۆی بۆ چەواشەکردنی خەڵکی و دوورخستنەوەیان لە ئامانجی سەرەکیی خوڵقانی مرۆڤ و ژیان لەم جیهانە بەهرە دەبات.

کەواتە ئاساییە کە سیستەمی ماتریاڵی دەسەڵاتدار لە رۆژئاوا نە تەنیا نابێ مۆڵەتی پەرەسەندنی ئایینی و ئایینی رزگاری هێنەر لە کۆمەڵگای خۆی بدات، بەڵکوو دەبێ بە تەواو هێزەوە لە دژیشی بوەستێت. ئەوە هەمان هەڵوێست و ڕەوتێکە کە ئێمە لە ئایدیالۆژیای ئیسلامی ڕەسەن وەک هێڵی ئەهریمەن هەمبەر بە هێڵی پێغەمبەران ناوی لێ دەبەین. ئەو هێڵە نە تەنیا لەمڕۆدا، بەڵکوو بە درێژایی مێژووی خوڵقانی مرۆڤ هەوڵی بە چەواشەبردنی مرۆڤ و دوورخستنەوە لە رێگای سەرفەرازی و بە کۆیلەکردنی مرۆڤی بووە و پاش هەبووت و دابەزینی ئادەم (ڕخ) بۆ سەر زەوی بە تەواو فۆرمە جۆراوجۆرەکان لەو ڕیگەدا هەنگاوی ناوە و تووشی هەمووجۆرە جەنایەتێک هاتووە.

لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ئەو ڕەوتە لە درێژایی مێژوو، ناونیشانی هەڵەدان بە خەڵکێکە کە بە پێی دەروونی ئازاد و خودایی خۆی بە دوای دۆزینەوەی حەقیقەت بووە، هەمان حەقیقەتێک خوادی مەزن وەک ئامانجی سەرەکی و کۆتایی خوڵقان ناوی لێ دەبات. بەڵام ستراتژیی ناونیشانی هەڵەدان بەردەوام لە تاکتیکگەلێک بەهرەمەند بووە بۆ ئەوەی بتوانێت بە سەر مرۆڤ بە گشتی زاڵ بێت و بە مەیلی خۆی لە گەڵیاندا هەڵسوکەوت بکات. یەک لەو تاکتیکە ئەهریمەنیانە، ئاوەژوو نیشاندانی حەقیقەت و ئاژاوەنانەوەیە.

نموونەگەلێکی زۆر بۆ ئەو ستراتژییە ئەهریمەنییە لە سەرەتای پێکهاتنی کۆمەڵگای مرۆیی لە پەنا و پەسێوی زەویدا بوونی هەیە. چونکا بەردەوام هەندێک بوون کە بۆ دابین کردنی ئارەزووی دەروونیی خۆیان بە پشتبەستن بە زێڕ و زەبر و هەڵفریواندن، خەڵکی کردۆتە کۆیلەی خۆی و لە بەرامبەر هەر کەسێک کە بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانیان هەنگاوی ناوە و هەوڵی ڕۆشنگەریی داوە، بە توندی جووڵاونەتەوە. بەسەرهاتی پێغەمبەرانی خودا لە هەر سەردەم و سەخڵەتییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەیان لە گەڵ ستەمکاران، سەلمێنەری ئەو ئیدعایەیە. ئەو بەرەنگارییەی ئەهریمەن و پێغەمبەران لە جاخە جۆراجۆرەکان، بەردەوام بە جۆرێک بووە کە کەمینەی پێڕەوی ئەهریمەن دەستی باڵایان بووە و جگە لە هەندێک قۆناغی کورتدا، هیچکات دەسەڵات بە دەستی پیاوچاکان نەبووە.

دیسان دەگەڕێمەوە بۆ ئەمڕۆ، سەدەکان تێپەڕین و لە تۆناتۆنی مێژوودا پەڕەنگێکی هیوا دەرکەوت و لە ئەنجامدا لە گۆشەیەکی ئەم گۆی زەوییە، بەندەیەک لە بەندە پیاوچاکانی خودا ئاڵای تەوحید و بەندەگیی لە کۆڵ نا و پاش سەدان ساڵ دەسەڵاتی نووتەک و دزێو، هاواری ئازدی و ئازادبوون لە داوی ئەهریمەنی بەرز کردەوە و بە شۆڕشە مەزنەکەی هەیمەنەی سەروەریی داگیرکارانی جیهانی تێکشکاند. شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە رێبەرایەتیی ئیمام خومەینی (رە) رێگەی ئازادبوون لە کۆیلەیی مرۆڤ و بەندەیی خودای بە جیهان نیشان دا. ئەو ڕووداوە مێژووییە کە وەک تەقینەوەی تیشک ناوی لێ‌دەبرێت، هەر لە سەرەتاوە و بۆ بەرگری لە ستەم لێکراوان، لە دژی داگیرکەران و حاکمە ستەمکارەکانی جیهان وەستا و هەر ئەوە بووە هۆی دوژمنایەتیی هەندێک کە هەوڵیان دەدا هەم بنچینەی ئەو شۆڕشە وەشک بکەن و هەمیش چەق بخەنە بەردەم یەکگرتوویی و یەکڕیزیی چەوساوانی جیهان.

پاش سێ دەیە لەو ڕووداوە بوو کە هێور هێور گەلانی ناوچە بە حەقیقەتمەندیی ئەو رێگایەیان زانی و بە پێڕەوکردنی رێگەی بەرەنگاربوونەوەی دارەدەستەکانی گەندەڵی و جەنایەتکاری ئەهریمەنی گەورەیان گرتە بەر. شۆڕشگەلی عەرەبیی ناوچە کە وەک ڕابوونی ئیسلامی یان بەهاری عەرەبی ناوی لێ‌دەبرێت، هەمان ڕووداوێکی پیرۆز بوو کە سیستەمی هەژمۆنی و ئایدیالۆژیای لیبراڵ دیموکراسی لێی دەترسا، هەر بۆیە دەستەبەکار بوو تا لە رێگەی بەهرە وەرگرتن لە مایەی ئاژاوە و دەستبردنە ناو ئیسلام کە هەر لە سەدەکانی ڕابردووەوە چاندبووی، وێنەیەکی درۆیین و نەگریس لە ئیسلامی ڕەسەن بە ڕای گشتی نیشان بدات و لەو رێگەوە پێش بە دزەکردن و پەرەسەندنی بگرێت.

ئیسلامی داهێنراوەی وەهابی و خوێندنەوەی چەواشە لە پەیامی رزگاری هێنەری پێغەمبەری ئیسلام (س‌خ) هەمان شتێکە کە دەستی دزێوی داگیرکاری بە پێشبینیی ئەم رۆژانە لە دواێنی خۆی پەروەردەی کردبوو تا لە هەلێکی ئاوادا، بیدا بە سەر ئیسلامی ڕەسەندا و چەوساوانی جیهانی لەو ئایینە دوور خاتەوە. بێ ئاگا لەوەی کە ساڵانێکە خوێندنەوەیەکی لەو چەشنە لە ئیسلام، هاوکات لە دڵی ئەورووپا و ئەمریکاشدا پەلی داکوتاوە و پەرەی سەندووە. هەڵبەت لانی زۆری ئەو ڕووداوە لە سەر مۆڵەتی دەسەڵاتدارانی ئەورووپایی و بە ئامانجی ئاراستەکرانی نمانەیەکی بێ مەترسی لە ئیسلام ئەنجام دراوە.

بە گشتی دامەزراندن، پڕچەک کردنی ڕەوتە تەکفیرییەکان ئەگەرچی بە گوێرەی هیلاری کلینتۆن بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وەک دڵی ڕەوتی خۆڕاگری و پێشگری لە ڕووخانی دارەدەستە گەندەڵەکانی رۆژاوایی ئەنجام دراوە و ناوچەی ستراتژیکی باشووری رۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقای تووشی شەڕێکی بێ بەزەییانە و وێرانگەر کرد، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵێکی کارای لە جێگرکردنی رۆژهەڵاتی ناڤینێکی نوێ گیڕابێت. بەڵام لە ئەنجامدا نەگەیشتە ئامانجی خۆی و لە ئاکامدا وڵاتانی ئەورووپیشی تووشی ڤایرۆسی تیرۆریزمی تەکفیری کرد. ڤایرووسێک کە بەستێنەکەی لە ساڵانی ڕابردووەوە لە ئەرووپادا تەیار کرابوو.

ڕەنگە ئەورووپا لە سەرەتای ئەو کارەدا بەو خاڵەی نەزاینوە کە پەرەدان بە ئیسلامی وەهابی لە بەژی سەوزدا، ئەگەرچی وەک ئایینێک دژی قوتابخانە ماتریاڵەکانی سەرمایەداری نییە، بەڵام ئەگەری ئەوەی هەیە هاووڵاتیانی ئەورووپی و بە تایبەت چینی گەنجانی تینووی مەعنەوییەت کە رێگەیان پێ نەدراوە لە لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئیسلامی ڕەسەن بەهرەمەند بن، هەلی نزیکبوونەوە لەو ڕەوتە تەکفیرییەیان بۆ بڕەخسێت و ئەو ئاگری گەشاوەیە لە ئەنجامدا داوێنی خۆیان بگرێتەوە.

بەڵام ئەمڕۆ پاش شکست هێنانی پیلانی شەڕی بە وەکالەتی رۆژئاوا لە دژی ڕەوتی خۆڕاگری و گوتاری جیهانیی شۆڕشی ئیسلامی، ڤایرۆسی تیرۆریزمی تەکفیری سەری لە شارە ئەورووپییەکان دەرهێناوە و حەوتە و مانگێک نییە کە دەنگی ئاژیری مەترسیی پۆلیسی لەندەن و پاریس و بەرلین و برۆکسێل و ... بە بۆنەی ڕووداوێکی تیرۆریستی لە لایەن تیرۆریستانی تەکفیرییەوە نەبیسترێت و ژیانی هاووڵاتیانی ئەورووپی نەشێوێنێت. ئەوە هەمان ڕەشەبایە کە ئەورووپا بە پشتبەستن بە کوێخایەتیی ئەمریکا و دەسکەوتی دزێوی داگیرکاریی واتە ڕژیمی داگیرکار و درۆیینی زایۆنیستی تۆمەکەی جاند و ئێستا دەبێ بیچننەوە.

زیانێک کە هاوولاتیانی ئەورووپی لەو سونگەوە دەیبینن و چارەیەکیان جگە لە ڕاهاتن لە گەڵیدا بۆ نەماوە، زیاتر لە هەموو شتێک دەسکەوتی متمانەی نابەجێ و هەڵەیە کە حاکمانی ئەو وڵاتانە بە کۆشکی سپی و تەل ئاویو هەیانبووە. بە واتایەکی تر ئەمڕۆ ڤایرۆسی ئیسلامی ئاوێتەیی و تیرۆریزمی تەکفیری زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە ئەورووپای تێوە گلاندووە و یەوە هەمان خەون و خولیایەکە کە ئەوان بۆ وڵاتانی ئیسلامی بینیبوویان. ئەوە هەڵبەت سەرەتای رێگایەکە و ئەورووپا بێ شک لە داهاتوودا بەرەوڕووی قەیرانگەلی ئەمنیی زیاتر دەبێتەوە. چونکا زۆربەی هاووڵاتیانی ئەورووپیی ئامادەبووی عێراق و سووریا، بە توانستی سەربازیی چەندین هێندە و بە ئەندێشە و فتکری شۆراوە و ئەزموونی مەیدانی، پاش گەڕانەوەیان بۆ زێدەگایان وەک هەمارێکی بارووت دەچن کە هەر کات ئەگەری تەقینەوەیان هەیە.

لە کۆتاییشدا پێویستە ئەوە بڵێم کە ڕەنگە لە ڕوانینی سەرەتایی و بەڕواڵەت، پەیوەندیی زنجیرەی فیکری و مێژوویی باس کراولەو چوارچێوە تیۆری و شرۆڤەییە، ژیەانە و لۆژیکی نەبێت. بەڵام کەمێک وردبوونەوە لە هەندێک لایەنی ژێرینی ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکانی جیهانی هاوێری ئێمە، نیشان دەدا کە ڕەوتی گۆرانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای جیهانی بە ڕەهەندێکدا دەڕوات کە مرۆڤی ئەمڕۆین زیاتر لە هەر سەردەمێکی دیکەدا پێویستی بە پاڵپشتی و پەناگەیە هەتا بە پشتبەستن بەوان بتوانی بۆشایی مەعنەویی خۆی پڕ کاتەوە و بگایە ئاسوودەیی و ئۆخزنی ڕۆحیی لە دەستچووی، کە ئەگەر ئەو پێدوایستییە بە دروستی دابین نەکرێت، چارەیەک جگە لە وێرانی لە ناوچوون نییە.

ئەوە ڕێک هەمان خاڵێکە کە ئیسلامی ڕەسەن وەک چارەسەر و وەڵامێک بۆ پێداویستییە مەعنەوییەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ ئاراستەی دەکات، نووشتەیەک کە خاوەن دەسەڵاتانی زێر و زەبر و فێڵ لە هەمەلایەن بوونی دەترسن، بە بێ ئەوەی ئاگادار بن کە خوادی گەورە و مەزن بە کەلامێکی حاشاهەڵنەگرانەی لە قورئانی پیرۆزدا لە ئایەی ۱۰۵ی سوورەی ئەنبیا دەفەرمێت: "وَلَقَدْ كَتَبْنَا فِي الزَّبُورِ مِن بَعْدِ الذِّكْرِ أَنَّ الْأَرْضَ يَرِثُهَا عِبَادِيَ الصَّالِحُونَ" و جارێکی دیکەش لە ئایەی ۵ی سوورە قسەس (قصص)دا بیرمان دەخاتەوە: "وَنُرِيدُ أَنْ نَمُنَّ عَلَى الَّذِينَ اسْتُضْعِفُوا فِي الْأَرْضِ وَنَجْعَلَهُمْ أَئِمَّةً وَنَجْعَلَهُمُ الْوَارِثِين" و بەوجۆرە بەڵێنی پێ داوین کە ستەم لێکراوان و چەوساوان و بەندە پێاوچاکانی خودا میراتبەرانی زەوین.

* سەرنووسەری رۆژنامەی تاران تایمز        

News Code 15626

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 5 =