بە ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەهرام نەسروڵڵاهی ئەمڕۆ سێ شەممە لە کۆڕبەندی رۆژی جیهانی خاک کە لە تەلاری مەولەوی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو، وتی: دەبێ بەردەوام پاراستنی خاک بۆ ژینگەی مرۆیی و گیانلەبەری وەک زەروورەتێک وێنا بکرێت و بکرێتە رۆژەڤی کاریی هەموومان.
وتیشی: گەشەی پاوەجێ، گەشەیەکە کە تێیدا کەمترین زیان بە ژینگە بگات.
سەرۆکی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری و پلان داڕشتنی کوردستان بە ئاماژە بە توێژینەوەیەکی زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکا بە هاوکاریی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری و پلان داڕێژیی وڵات سەبارەت بە دۆخی خاکی ئێران لە ساڵی ٢٠١٦ و بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی ئەنجامی ئەو توێژینەوەیە، ڕایگەیاند: بە پێی ئەو ڕاپۆرتە کوردستان دووهەمین پارێزگای وڵاتە لە بابەتی بوونی زەوی و زاری باش و لێهاتوو.
ناوبراو بە داکۆکی لەوەی کە خاک سەرمایەی سەرەکیی ئێمەیە، ڕاشیگەیاند: چەرخی سەرەکیی کوردستان لە بەشی کشتوکاڵەوە تێدەپەڕێت و لە ١٣ هەزار ملیارد تمەن بایەخی زێدەیی ساڵانەی وڵات، ٣ هەزار ملیارد تمەنی تایبەتە بە کەرتی کشتوکاڵ.
نەسروڵڵاهی بە ئاماژە بەوەی کە لە سەدا ۳۰ تا ۳۵ی ڕەخسانی هەلی کاری پارێزگا تایبەتە بە کەرتی کشتوکاڵ، وتی: کەمتر لە سەدا ٢٥ی بایەخی زێدەیی پارێزگا لە کەرتی کشتوکاڵە و ئەوە نیشان دەدات لە چالاکییەکانی کەرتی کشتوکاڵی ئێمە زۆر ئابووری نەبووە.
سەرۆکی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری و پلان داڕشتنی کوردستان جەختی کرد: دەبێ هەوڵ بدەین لە شێوەکانی نەریتی لە کەرتی کشتوکاڵ داببڕێین و بە کەڵک وەرگرتن لە شێوەگەلی زانستیتر و مۆدێرنتر کارایی و بەربوومەکانی ئەو کەرتە پەرە پێ بدەین.
ناوبراو وێرای داکۆکی لە بەرزکردنەوەی داهات و هەلی کار لە کەرتی کشتوکاڵ، ڕایگەیاند: خاک ژێر خانی چالاکییە ژینگەییەکانە و دەبێ بە دوای رێکارگەلێک بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەم و کارایی کەرتی کشتوکاڵ و پێشگری لە زیان گەیشتن بە خاک بین.
Your Comment