بەرپرسی بنکەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵای کوردستان:

فەرهەنگ سازی رێکارێکی گرینگی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵایە

ناسەی هەواڵ: 4182793 -
بەرپرسی بنکەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵای پارێزگای کوردستان وتی: ڕووبەڕووبوونەوەی پۆلیس بە تەنیا ناتوانێت قاچاخی کاڵا سامان بدات و پێویستە لەو کەرتەدا بەها بدرێت بە فەرهەنگ سازی و کاری فەرهەنگی.

ئاژانسی هەواڵی مێهر – بەشی پارێزگاکان؛ ئارمان نەسروڵڵاهی: قاچاخی کاڵا لە پارێزگای کوردستان وەک پارێزگاکانی دیکەی سنووریی وڵات گرفتێکی جیدییە و ئەگەرچی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو وپلان و بەرنامەگەلێک لەو کەرتەدا جێبەجێ کراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو پرسە سامان نەدراوە و گرفتەکە وەک خۆی ماوەتەوە.

کەڵک وەرگرتن لە شێوەگەلی جۆراجۆر بۆ بەرەنگاربوونەوەی پراتیگیی قاچاخی کاڵا لە لایەن ڕێکخراوە و دامودەزگا جۆراجۆرەکان لە دۆخێکدا بەردەوامە کە بە داخەوە ئەمڕۆ ئەو دیاردەیە نە تەنیا هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ کەرتی ئابووری، بەڵکوو مەترسیگەلێکیشی بۆ بوارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و تەنانەت ئەمنییەتیی وڵات بە دواوە بووە.

جێبەجێ کردنی پلانی داخستنی سنوورەکان لە لایەکەوە و هەروەها جێگرکردنی ڕێڕەوگەلێکی کاتی سنووری لە لایەکی دیکەوە بەشێکن لەو هەنگاوانەی دەوڵەت لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی باشتری قاچاخی کاڵا لە کوردستان و پارێزگا سنوورییەکانی دیکەی وڵات و ئەگەرچی ئامارەکان نیشاندەری دابەزینی ڕێژەی قاچاخ لە هەندێک لە بەشەکاندان، بەڵام بە داخەوە ئو گرفتە هێشتاش وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر کۆمەڵگای ئێمە وێنا دەکرێت.

ئەگەرچی ڕەوتی ڕوو لە گەشەی قاچاخی سووتەمەنی بە جێبەجێ کرانی پلانی داخستنی سنوورەکان و هەروەها یاسای ئامانجدارکردنی یارانە (سۆبسید) بەرەوڕووی دابەزینێکی بەرچاو بووە، بەڵام لە پەنای ئەو پرسە شایەدی بەرزبوونەوەی ڕەوتی هاوردەی کاڵای ئارایشی و تەندروستین و بە داخەوە ئەو دۆخە بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەندروستی کۆمەڵایەتیی خستۆتە مەترسییەوە.

بەرپرسی بنکەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵای کوردستان لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری مێهر بە ئاماژە بە دۆخی پارێزگا لەو کەرتەدا، ڕایگەیاند: قاچاخی کاڵا لە پارێزگای کوردستان ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و هەر بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین لە رێگەی بە کارهێنانی شێوەگەلی جۆراوجۆر دەرمانێک بۆ ئەو نەخۆشییە تەشەنەسەندووە بدۆزینەوە.

ڕەزا میرزایی بە ئاماژە بە کارهێنانی شێوەگەلی جۆراوجۆر لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا و دابەزاندنی ئەو دیاردە لە کۆمەڵگادا، وتیشی: ئامارە ڕاگەیێندراوەکان لە لایەن ناوەندەوە نیشان دەدات کە ئاستی کاڵای قاچاخی هاوردە بۆ ناو وڵات لە ساڵی رابردوودا بە نیسبەتی سێ ساڵی ڕابردوو لە سەدا ٥٠ دابەزیوە، بەڵام نرخی ئێستای ئەو دیاردەیە هێشتاش نرخێکی بەرزە و هەر بۆیە هەموو دەبێ هەوڵ بدەین بەرەوڕووی ئەو گرفتە ببینەوە.

ناوبراو یەکێک لە گرینگترین رێکارەکان بەرەنگاربوونەوەی پراتیگیی قاچاخی کاڵای، کاری فەرهەنگی زانی و وتی: فەرهەنگ سازی لە نێوان خەڵکی بۆ ئەوەی ڕوو لە قاچاخی کاڵا نەکەن، گرینگترین رێکارێکن لەو بوارەدا و هەر بەو هۆیە ئەو پرسە وەک یەکێک لە یەکەمایەتییە سەرەکییەکان لە رۆژەڤی کاریی ئێمەیە و هەوڵ دەدەین تا دەفرایەتییەکانی بەردەستی کەرتە دەوڵەتی و جەماوەرییەکان لەو بوارەدا وەبەر بهێنن.

پۆلیس بە تەنیا ناتوانێت بەرەنگاری قاچاخی کاڵا بێتەوە

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە تاقە بە کاری پۆلیسی ناکرێت بەرەنگاری قاچاخی کاڵا ببینەوە، بیری هێنایەوە: هاندانی خەڵکی بۆ نەکڕینی کاڵای قاچاخ لە لایەکەوە و هەروەها بانگەشە و پەرەدان بە فەرهەنگی بە کارهێنانی کاڵای بەرهەم هاتووی ناوخۆیی بەشێکن لە رێکارە سەرەکییەکانی لای ئێمە و هەوڵ دراوە کە بە کەڵک وەرگرتن لە شێوەگەلی جۆراوجۆر ئەو پرسە لە کۆمەڵگادا پەرە پێ بدرێت.

بەرپرسی بنکەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵای کوردستان زیادی کرد: بێ شک هێزی ئینتزامی و دامودەزگا جێبەجێکاری و بەرپرسەکانی دیکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵاگەلی وەک مادەی کحولی، کاڵای تەندروستی تەوەر و کاڵای دژە ئاسایش بە توندی تێهەڵچوونە.

ناوبراو بە ئاماژە بە دەستەکانی پشت پەردەی هاوقردەی کاڵای قاچاخی زیاتر بۆ ناوخۆی وڵات، ڕایگەیاند: بوونی سوودی کەلان لە قاچاخ و هەروەها پیلانی دوژمنان، وڵاتی بەرەوڕووی هەڕەشەی هاوردەی کاڵای قاچاخ و بە تایبەت مادەی کحولی کردووە و هەر بۆیە لەو بەشەشدا پێویستمان بە فەرهەنگ سازی و هەروەها هاندانی خەڵکی بۆ پێشگری لە هاوردەی کاڵاگەلی قاچاخە.

میرزایی بە ئاماژە بە مێژوو و پێشینەی خەڵکی کوردستان و فەرهەنگی دانیشتووانی پاریزگا، ڕاشیگەیاند: خەڵکی کوردستان خاوەن فەرهەنگی دەوڵەمەند و دێرینن و بە خۆشحاڵییەوە لە رێگایەک کە ئێمە بیگرینە بەر، هاوبەشی تێدا دەنوێنن و هاوڕێیەکی باشمان دەکەن و هەر بۆیە پێویستە لەو دەفرایەتییە بەرزەی فەرهەنگییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا بەهرە ببەین.

بەرپرسی بنکەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵای کوردستان لە بەشێکی دیکە لە لێدوانەکانی ڕوانییە پرسی کۆڵبەری لە سنوورەکانی پارێزگای کوردستان و ڕوونی کردەوە: ئەمڕۆ کۆڵبەری بۆتە دیاردەیەکی دڵتەزێن لە کوردستاندا و یەکێک لە پلانە سەرەکییەکانی دەوڵەت و ئێمە لە پارێزگای کوردستان ساماندانی ئەو دۆخە لە پێناو پاڵپشتیی باشتر لە دانیشتووانی سنووریی پارێزگایە.

جێبەجێ کرانی پلانی ساماندانی ڕێڕەوە سنوورییەکانی کوردستان

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە دەوڵەت پلانی ساماندانی ڕێڕەوە سنوورییەکان خستۆتە دەستووری کاریی خۆیەوە، وتی: بە جێبەجێ کرانی ئەو پلانە لە لایەن دەوڵەتەوە، بەشێکی زۆری پرس و گرفتەکانی دانیشتووانی سنوورەکانی کوردستان چارەسەر دەبێت و چیتر مژارێک بە ناوی کۆڵبەری نابیسترێت و ئێمەش هەوڵ دەدەین بە کەڵک وەرگرتن لە شێوە جۆراوجۆرەکان پاڵپشتی لە دانێشتووانی سنوورەکان بکەین.

بەرپرسی بنکەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵای کوردستان وتیشی: لە ئەگەری جێبەجێ کرانی پلانی ساماندانی ڕێڕەوە سنوورییەکان، هەلی باشتر بۆ هاتوچۆی دانیشتووانی سنوورەکان و بەهرە وەرگرتنیان لە ئاسانکاریی گومرۆکی دەڕەخسێت و بەو پێیە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاسوودەیی خەڵکی و بژێویان.

میرزایی ئاماژەشی دایە پاڵپشتییەکانی ئێستای دەوڵەت بە تایبەت بنکەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا لە خەڵکی دانیشتووی سنوورەکانی پارێزگای کوردستان، ڕایگەیاند: بە خۆشحاڵییەوە لە کۆتایی مانگی سەرماوەز و لە رێگەی فرۆشی سووتەمەنی نزیکەی ۴۰۰ هەزار تمەن دراوەتە هەر بنەماڵەیەکی سنوورنشینی کوردستان و ئێمە هەوڵ دەدەین کە ئەو ڕەوتە بە شێوەی بەردەوام و بە ڕێک و پێکی بدرێت و ئەو خەڵکە بتوانن لەو رێگەوە بەشێک لە تێچووەکانی ژیانیان دابین بکەن.

ناوبراو لە کۆتاییدا وێرای داکۆکی لە زەروورەتی پاڵپشتی لە دانیشتووانی سنووری و بەرپرس بوونی هەمووان لەو بەشەدا، جەختی کرد: خەڵکی دانیشتووی سنوورەکانی وڵات لە ساڵانی سەخڵەتی شەڕی هەشت ساڵەی بەرەڤانی پیرۆز بە پێشکەش کردنی خوێنی خۆیان شۆڕش و نیزامی ئیسلامیان پاراست و ئەمڕۆش ئەرکی سەر شانی ئێمەیە کە پاڵپشتی ئەو خۆشەویستانە بین.

ناردنی بۆچوون

4 + 3 =