به ڕاپۆرتی ئاژانسی ههواڵی مێهر، هەڵمەت حسێن پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە ستۆکهۆڵم رایگەیاند: لەمساڵدا نزیکەی هەزار عێراقی بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە عێراق، بەو هۆیەوە لەلایەن سودیەوە هاوکاری مادی کراون و بۆ کەسێک نزیکەی سێ بۆ چوار هەزار دۆلار خەرجکراوە.
وتیشی: ٥٧٢ پەنابەری عێراقی لەوانەی داواکانیان رەتکراوەتەوە، لە سوید دیار نەماون و پۆلیس بەشوێنیاندا دەگەرێت، بۆ ئەوەی بە شێوەی زۆرەملێ رەوانەی عێراقیان بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ حکومەتی سویدی زۆرترین داواکاری پەنابەرانی وەرگرتووە، کە دەگاتە لە ٦٧ هەزار داواکاری مانەوە لەو وڵاتە.
بە گوێرەی یاساکانی سوید ئەو پەنابەرانەی داواکاری پەنابەرێتیان رەتکراوەتەوە، بەڵام بڕیاری دەرکردنیان نەدراوە، دەتوانن لە دادگا تانە لە بڕیاری حکومەت بدەن و هەلی ئەوەیان هەیە مافی پەنابەرێتی وەربگرن، هەروەها حکومەت هاوکاریی داراییان دەکات و شوێنی مانەوەشیان لێوەرناگرێتەوە، ئەگەر بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان بۆ دەرنەچووبێت.
Your Comment