AP ١٤٠٥ گەڵاڕێزان ١٧ ١٩:٤٠

یەکێتی ئیدارەیەکی کاتیی لە زۆنی سەوز ڕاگەیاند

یەکێتی ئیدارەیەکی کاتیی لە زۆنی سەوز ڕاگەیاند

تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی بڕیاری پێکهێنانی ئیدارەیەکی کاتیی ڕانەگەیەنراویان بۆ ڕاییکردنی سەرجەم کاروباری کارگێڕیی‌و جێبەجێکارییەکانی زۆنی سەوز دا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی‌و بەئامادەبوونی سەرجەم وەزیر و بریکارەکانی پشكى حزبەکە له‌كابینه‌ى نۆ، کۆبوونەوەیەکی نائاساییان ئەنجامداو تێیدا بڕیاری پێکهێنانی ئیدارەیەکی کاتیی ڕانەگەیەنراویان بۆ ڕاییکردنی سەرجەم کاروباری کارگێڕیی‌و جێبەجێکارییەکانی زۆنی سەوز دا تاوه‌كوو کاتی پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ.

به‌گوێره‌ى ئەو زانیاریانەی شارپرێس لەسەرچاوەی تایبەتەوە دەستیکەوتوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی تیمی وەزاریی یەکێتیدا پاش جەختکردنەوە لەپابەندیی هەموان بەبڕیارەکانی بافڵ تاڵەبانی‌و ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەیانەوە، ئەرکەکانی سەرجەم وەزیرو بریکاری وەزیرەکان بۆ ئەم قۆناغە دیاریکراوەو حکومەتێکی کاتیی ڕانەگەیەنراو پێکهاتوەو سەرجەم کارەبارەکانی حکومەتی هەرێم لەزۆنی سەوز ڕادەپەڕێنن.

شارپرێس له‌سه‌رچاوه‌ى تایبه‌ته‌وه‌ زانیویه‌تى، تیمى یه‌كێتیى به‌سه‌رۆكایه‌تى قوباد تاڵه‌بانى، بڕیاری کۆتایی داوە کە بۆ هیچ بابەت‌و کارێکی فەرمی بەناوی حکومەتەوە، نوسراو ئاڕاستەی هەولێر نەکرێت‌و نەنێردرێت.

هه‌روه‌ك ڕاگەیێندراوە کە ڕێکارەکە بە جۆرێکە کە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی‌و فەرمانگەکان نووسراو بۆ نووسینگەی وەزیرو بریکاری وەزیرەکانی خۆیان دەکەن، ئەوانیش ڕاستەوخۆ مەلەفەکان ئاڕاستەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دەکەن نەک هەولێر.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ى زانیاریى بۆ شارپرێس ئاشكراكرد وتى، "بۆ ڕێگریکردن لەپەککەوتنی کارەکان، هەر وەزیرێکی یەکێتیی به‌گوێره‌ى پسپۆڕییەکەی، کاروباری دەڤەرەکە بەڕێوەدەبات‌و بریکارەکانیش لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی قوباد تاڵەبانیدا دەسەڵاتی تەواوی جێبەجێکردنیان دەبێت".

سه‌باره‌ت به‌و وەزارەتانەی کە وەزیر یان بریکاریان هی یەکێتیی نییە، سه‌رچاوه‌كه‌ وتى، "وەزیرەکانی دیكه‌ى یەکێتیی دەبنە کاربەڕێکەر؛ ئەو وەزارەتە زۆر تایبەتانەش کە جێگۆڕکێیان تێداناکرێت، ڕاستەوخۆ لەلایەن نوسینگەی قوباد تاڵەبانی خۆیەوە بەڕێوەدەبرێن‌و دەسەڵات دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگاکان".

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، "تیمی وەزاریی یەکێتیی جەختیانکردوەتەوە کە پابەندی بڕیارەکانی بافڵ تاڵەبانی‌و ئەنجومەنی سەرکردایەتین‌و ئامانجیان تەنها خزمەتکردنی هاوڵاتیانە بەبێ گوێدانە ناوو ناونیشانی سیاسیی".

News ID 60771

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha