AP ١٤٠٥ گوڵان ٦ ٠٨:٥٤

ئەمریکا بۆچی وازی لە کوردی سووریا هێنا ؟

ئەمریکا بۆچی وازی لە کوردی سووریا هێنا ؟

ڕاپۆرتێکی نوێی شیکاری دەریدەخات کە دوای دە ساڵ لە هاوکاری سەربازی لەگەڵ هێزە کوردەکانی سووریا، ئێستا واشنتۆن بە گۆڕینی هاوکێشەکانی دیمەشق و کەمکردنەوەی پێداویستییە مەیدانییەکان، سیاسەتی خۆی دووبارە دادەڕێژێتەوە و کۆتایی بە پشتیوانی ستراتیژیی لە هاوپەیمانەکانی پێشووی خۆی لە باکووری سووریا دەهێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕاپۆرتێکی شیکاریی گۆڤاری جۆری نوێ لە ژێر ناوی "هاوبەشانی ئاسانکاری؛ سنووری پابەندبوونی ئەمریکا بە کوردەکانی سووریا" نیشان دەدات کە هاوپەیمانیی دە ساڵەی واشنتۆن لەگەڵ هێزە کوردییەکانی سووریا لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی ئەمنی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بووە نەک پشتیوانیی سیاسی بۆ ئۆتۆنۆمی کورد و ئێستاش کۆتایی دێت.

ڕاپۆرتەکە کە لە مانگی ئازاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کوردانی سووریا کە نزیکەی 10%ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن، دەیان ساڵە لە بەشداریی سیاسی و مافی ڕۆشنبیری و تەنانەت ڕەگەزنامەش بێبەش کراون.

لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ و پاشەکشەی حکومەتی ناوەندی لە هەندێک ناوچەی باکوور، گرووپە کوردییەکان بەتایبەت پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) توانیان بەشێک لە باکووری سوریا کۆنترۆڵ بکەن.

سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی 2014 خاڵی وەرچەرخان بوو لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کوردی سووریا. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، واشنتۆن بە دوای هێزێکی زەمینی متمانەپێکراو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، بەرەو هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە کوردییەکان هەنگاوی ناوە و لەو هاوکارییەشەوە “هێزەکانی سوریای دیموکرات” (هەسەدە) پێکهات؛ هاوپەیمانییەک کە بناغە سەرەکیەکەی هێزی کوردی بوو.

به پێی ئەم شیکردنەوەیه ، هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕۆڵێکی سەرەکییان له ڕزگارکردنی شاری ڕەقه و هەروەها کۆتایی هێنان بە خەلافەتی خاکی داعش هەبوو، دواتریش بەرپرسیارێتی ڕاگرتنی هه زاران دیلی داعشی له ئەستۆی کورد بوو . لە هەمان کاتدا ئەمریکا بە تێچووی زۆر کەمتر لە شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستان هەژموونی خۆی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پاراست و هەروەها هێزی لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا بەدەستهێنا.

بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم هاوپەیمانییە هەمیشە ناسک و لەرزۆک بووە. تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت و چەندین جار ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی پێگەی کورد لە سووریا ئەنجامداوە. ئیدارەی ناوچە عەرەبنشینەکان لە لایەن پێکهاتەکانی ژێر کاریگەری کوردەوە، گرژیی نەتەوەیی و ناوخۆییشی لێکەوتووەتەوە.

نووسەر پێی وایە دوای ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2024 و دامەزراندنی حکومەتی ئینتقالی نوێ لە دیمەشق، یەکمایەتییەکانی ئەمریکا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.

ئێستا واشنتۆن حکومەتی نوێی سووریا بە هاوبەشێکی گونجاوتر دەبینێت بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و کۆنتڕۆڵکردنی داعش و کەمکردنەوەی ئامادەیی ڕاستەوخۆی سەربازی.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە داوا لە کورد کراوە کە تێکەڵ بە هەیکەلی حکومەتی ناوەند بێت.

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە لە کاتی پێکدادانەکانی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٦ی نێوان حکوومەتی نوێی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەڵامدانەوەی ئەمریکا سنووردار بوو بە داوای ئاگربەست و بە پێچەوانەی ڕابردووەوە، پشتیوانی کرداریی یەکلاکەرەوەی بۆ هێزە کوردییەکان نەکرد.

ئەمە بە ڕوانگەی نووسەر نیشانەیەکی ڕوونە بۆ دابەزینی بەهای ستراتیژی SDF بۆ واشنتۆن.

ڕاپۆرتەکە بەو ئەنجامە دەگات کە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کوردەکانی سوریا تەنیا ئامرازی بووە نەک ئایدیۆلۆژی؛ واتە هەرکاتێک داواکارییەکانی کورد لەگەڵ ئامانجە ژئۆپۆلیتیکییەکانی واشنتۆن هاوتەریب بوون، پشتیوانییان لێدەکرا و هەرکاتێک هاوکێشەکان گۆران، ئەم پشتیوانییەش دابەزی.

ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات لەوەی کە ئەزموونی کوردەکانی سووریا ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر متمانەی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی دیکەی ناوچەکە بە بەڵێنە ئەمنییەکانی ئەمریکاشەوە هەبێت.

News ID 59340

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha