AP ١٤٠٤ ڕەزبەر ١١ ١٠:٥٧

ئەردۆغان و شەرع توانیان ڕای ئەمریکا لەبارەی کورد بگۆڕن؟

ئەردۆغان و شەرع توانیان ڕای ئەمریکا لەبارەی کورد بگۆڕن؟

ڕێکخراوی ئاشتی کورد لە واشنتۆن لە ڕاپۆرتێکدا دەڕوانێتە هەوڵی ئەحمەد شەرع و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک و کۆشکی سپی بۆ گۆڕینی ڕای ئەمریکا هەمبەر بە کوردەکانی سووریا.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: هەشتادەمین کۆمەڵەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دوو ڕووداوی جیاوازی بەخۆوە دی؛ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سووریا دوای 5 ساڵ بەشداری‌نەکردنی سووریا، چووە نیۆیۆرک و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دیدارێکی دەنگدەرانەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆشکی سپیدا بوو. بەڵام سەرەڕای نمایشە سیاسییەکان، هیچکام لەو دوو سەرکردەیە نەیانتوانی دەسکەوتێکی ئەوتۆیان لەو دیدارانە هەبێت و هەڵوێستی ئەمریکا هەمبەر بە سووریا و تورکیا و کورد گۆڕانی بەسەردا نەهات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەر دووی ئەو دەوڵەتانە بەڵێنیان دابوو کە تا کۆتایی ئەمساڵ ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئەکتەرانی کوردی وڵاتانی خۆیان یەکلا دەکەنەوە. پەیامی سەرەکیی ئەنقەرە و دیمەشق لە نیۆیۆرک دەیڕوانییە پرسەکانی سەرمایەدانەری ئابووری و شەڕی ناوچەیی ئیسرائیل؛ پرسگەلێک کە هەمبەر بە پرسی کوردەکان لە ڕاگەیاندنی گشتیدا یەکەمایەتیان بوو.

سووریا؛ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان لە یەکەمایەتیدا

پەیامی سەرەکیی ئەحمەد شەرع لە نیۆیۆرک، تەرکیز لە سەر بووژاندنەوەی ئابووری و پێویستی بە هەڵوەشانەوەی یەکجاری و بەبێ مەرجی پاشماوەی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی سووریا بوو. شەرع لە کۆبوونەوەی "کۆنکۆردیا"شدا جەختی لە زەروورەتی ڕاکێشانی سەرمایەدانەریی بیانی بۆ نۆژەن‌کردنەوەی وڵاتەکەی بوو کە زیاتر لەسەدا 90ی حەشیمەتەکەی لە ژێر هێڵی هەژاریدایە و پێویستی بە گۆژمەیەکی 250 تا 400 ملیارد دۆلارییە بۆ ئاوەدان‌کردنەوەی سووریا.

لە پەنای ئەو باسەدا، ئەحمەد شەرع هەوڵی دا وێنایەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاراستە بکات و وێڕای ئیدانەکردنی شەڕی ئیسرائیل لە دژی فەلەستین و سووریا، دانی بە شکستی گفتوگۆ نافەرمییەکانی بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکیی لەگەڵ تلاڤیڤدا نا و هاوکات سەبارەت بە پرسی ئاوێتەکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە)، جەختی لە هەڵوێستە پێشووەکانی کرد و وێڕای بەڵێنەدان لەبارەی ڕەچاوکردنی مافی کەمینەکان، ڕایگەیاند کە "هەموو چەکەکان دەبێ لە بندەەستی دەوڵەتدا بێت".

تورکیا؛ ئەردۆغان لە کۆشکی سپی

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌ـێش کە پاش ساڵانێکی زۆری چاوەروانی توانی بە بانگهێشتی فەرمی ترامپ بچێتە کۆشکی سپی، تەرکیزی لەو دیدارەدا لە سەر بازرگانی و سەرمایەدانەری بوو و توانی ڕێککەوتنگەلێک لە بواری گازی سروشتی و هاوکاری ناڤۆکی ناسەربازانە واژۆ بکات.

بەوەشەوە پرسە کۆنەکانی پەیوەندیی دووقۆڵی هەر وەک خۆی لە سەر میزی دانوستان مایەوە: لەوان هەوڵی ئەنقەرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و کڕینی فرۆکەی جەنگیی ئێف 35 کە بە هۆی نزیکی تورکیا لە ڕووسیا و بەهرەمەندی لە سیستەمی بەرگری ئیس 400 دژایەتی واشنتۆنی بەدواوە بوو. بەڵام ئەویش وەک هاوتای سووریی، دەسکەوتێکی ئەوتۆی لەبارەی کوردەکان بەدەست نەهێنا؛ ئەگەرچی ئەو لە لێدوانەکانی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ ئاماژەیەکی بە پرسی ئاشتەوایی لەگەڵ کوردەکان نەکرد.

سیاسەتی ئەمریکا و ڕەوتی ئاشتی کوردی

هەڵوێستی فەرمی واشنتۆن پاش دیداری ترامپ و ئەردۆغان، تەنمیا لە لێدوانەکانی تام باراکدا ڕەنگی دایەوە؛ لێدوانگەلێکی دژبەیەک کە لە لایەکەوە جەختی لە ناوەندخوازیی سووریا دەکرد و لە لایەکی ترەوە، چەمکی "دەوڵەت-نەتەوە"ی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە ناکارامە دەزانی.

ئەمریکا هێشتاش پاڵپشتیی خۆی بۆ لە ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنی 10ی مارچ لە نێوان دیمەشق و کوردی سووریا دەردەبڕێت، بەڵام بە نزیکبوونەوەی لە ماوەی دیاری‌کراوی کۆتایی ساڵی 2025 و نەبوونی پێشکەوتێکی بەرچاو، ڕوون نییە کە ئایا واشنتۆن دەیەوێ هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت یان نا. هاوکات نابینین کە ئەمریکا پاڵپشتی بکات لە دەستێوەردانی سەربازیی تورکیا لە سووریا؛ ئەگەرچی واشنتۆن هەسەدە بە پێدانی هەڤیازیی زیاتر بە دیمەشق هان دەدات.

بە ئاوڕدانەوە لە نەبوونی گۆڕانکاریی یاسایی و دامودەزگایی راستەقینە لە تورکیا و سووریا بۆ وەڵامدانەوە بە پرس و دۆزی کوردەکان، دوورنوێنی ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنی ئاشتی تا کۆتایی 2025، تەواو ناواقیعانە دەنوێنێت و ئەوەی کە ئەو کۆتاییە دەگاتە ئەنجامی دیپلۆماسی یان شەڕ، پرسیارێکە کە هێشتاش بێ وەڵام ماوەتەوە.

News ID 57050

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha