بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدا دەرچووە کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی پێشووی نێوان لایەنەکان بەهۆی پێداگری کورد لەسەر پاراستنی پێکهاتەیەکی سەربازی سەربەخۆ و ئۆتۆنۆمی ڕووبەڕووی بنبەست بووەتەوە.
لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتی سووریا واژۆکرد کە ئامانجی ئەوە بوو پێکهاتەی سەربازی و ئەمنی هێزەکانی سووریا بە تەواوی بخاتە ناو دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی سوریاوە.
بەڵام جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە بەهۆی پێداگری گرووپە کوردییەکان لەسەر پاراستنی ئۆتۆنۆمی و پێکهاتەیەکی سەربازی سەربەخۆ دواکەوت.
بەگوێرەی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە، بڕیار بوو هێزە سەربازییەکانی ژێر فەرماندەیی (هەسەدە) لەوان پۆلیسی ئاسایشی ناوخۆی کوردستانی سووریا کە بە “ئاسایش” ناسراوە، لە چوارچێوەی سوپای سووریا و وەزارەتی بەرگریدا ڕێکبخرێنەوە. بەڵام سەرکردەکانی کورد دەیانەوێت زنجیرەیەکی فەرماندەیی سەربەخۆ بپارێزن و بەجیا درێژە بە چالاکییە ئەمنییەکان بدەن؛ پرسێک کە دژایەتی حکومەتی کاتی لە دیمەشقی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هەفتەی ڕابردوو، لە کۆبوونەوەیەکدا لە سوریا، بەرپرسانی ئەمریکی و تورکیا، نوێنەرانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان ئاگادارکردۆتەوە کە ئەگەر پڕۆسەی یەکگرتنەوە لە ماوەی 30 ڕۆژدا تەواو نەکرێت، ئەو یەکانەی ڕەتدەکەنەوە بچنە ناو سوپای سوریا، چەکیان لێدەسەندرێتەوە و کۆنترۆڵی تەواو دەگەڕێنەوە بۆ حکومەتی ناوەندی.
یەکێک لەو سەرچاوانە بە "میدل ئیست ئای"ی ڕاگەیاند: "نوێنەری هەسەدە ئاگادارکرانەوە کە هەموو یەکە سەربازییەکانی ئەم گروپە ناخرێنە ناو پرۆسەی یەکگرتنەوە و ئەو هێزانەی بەشداری ئەم پرۆسەیە ناکەن دەبێت چەک داماڵین، فەرماندەیی کۆتاییش لە دەستی حکومەتی کاتی لە دیمەشق دەبێت.
دوای ئەم هەواڵە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریاس دیمۆکراتیک ڕوونکردنەوەیەکی دا و ڕایگەیاند کە هەواڵەکەی میدل ئیست ئای ڕاست نییە.
هەر ئەمە و هیچ زانیاریەکی دیکەی بڵاو نەکردۆتەوە.
کارناسان لە مێژە جەخت لەوە دەکەن کە پێدەچێت وەک ساڵی 2019 دووبارە ئەمریکا کورد بفرۆشێتەوە بە تورکیا و دوای ساڵانێک شەڕ و بەڵێن، دەستکەوتەکانیان لەبار ببات.
Your Comment