بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرۆک کۆماری ئێران لە گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا وتی: ئێمە شەڕمان دەستپێنەکرد، بەڵام وەڵامی تاوانەکانی زایۆنیستەکان دەدەینەوە؛ لە هەر ئاستێکدا هێرش بکەنە سەرمان، لە هەمان ئاستدا وەڵامیان دەدرێتەوە.
وتیشی: گەڕانەوەی ئێران بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا تەنیا لە حاڵەتێکدا دەبێ کە دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە ڕێگری لێ بکرێت.
سەرۆک کۆمار زیادی کرد: ئێمە بەدوای ئاشتیدا دەگەڕاین، هەر بۆیەش بەشداریمان لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا کرد و ئیرادەی خۆمان نیشان دا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان.
جەختیشی کرد: نوێنەری ئەمریکا لە دانوستانە ئەتۆمییەکان بە بەڕێز عێراقچی وتبوو کە ڕژێمی زایۆنی بە بێ ئیزنی ئەمریکا هیچ هەنگاوێک ناگرێتەبەر، بەڵام پێش دەستپێکردنی خولی نوێی دانوستانەکان، ڕژیم هێرشی کردە سەر ئێران، ئەمەش دەریدەخات کە ئەمریکا ئیزنی هێرشکردنە سەر ئێرانی پێداون.
Your Comment