ئاژانسی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لە یەک ساڵی ڕابردووەوە کە شەڕی ڕژیمی زایۆنی دژی غەزە دەستی پێکردووە، تا ئێستا گرووپەکانی بەرخۆدان و لەوان حزبوڵڵای لوبنان خەویان لە چاوی ڕژیمی زایۆنی و شارۆچکەنشینانی باکووری سەرزەوینە داگیرکراوەکان تاراندووە،
لەو ماوەدا، چەندین شارۆچکەی زایۆنینشین لەو ناوچە سنوورییە خاپوور بوونە و حەشیمەتێکی زۆریش کە بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان تا ٢٠٠ هەزار کەس بەراورد کراون، ئاوارە بوون.
بەوەشەوە لە ڕۆژانی ڕابردوو شەڕ و پێکدادانی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و ڕژیمی زایۆنی زیاتر لە جاران تەشەنەی سەندووە؛ ڕووداوێک کە پاش تیرۆری فەرماندەکانی حزبوڵڵا و هەروەها تەقینەوەی جیهازاتی پێوەندی لە لوبنان گەیشتۆتە تەشقی خۆی و هەندێک لایان وایە ئەم پێکدادانەوە ئەگەری لێکەوتنەوەی شەڕێکی گەورەی بەدواوەتە و هەمبەر بە درێژەپێدانی هوشداریان داوە.
لەمناوە بەڵام گریمانەی "بەغەزەبوونی لوبنان" و "بەرەو هەڵدێڕچوونی لوبنان" بە ئامانجی تۆقاندنی حزبوڵڵا و گوشارخستنە سەر ئەو گرووپە لە لایەن حزبە سیاسییەکان و دەوڵەتی ئەو وڵاتە کەوتۆتەوە سەر زاران. بەڵام لوبنان لە زۆر سۆنگەوە جیاوازە لە کەرتی غەزە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە تا بە ئەمڕۆ زۆرترین زیان بە ڕژیمی زایۆنی بگەیێنن. بۆیە لە خوارەوە ٣ هۆکاری سەرەکی دەخرێتە بەر باس کە نیشان دەدا بۆ لوبنان نابێتە غەزەی دووەم:
١. ڕژیمی زایۆنی لە ژێر زەختی گورزی کوشەندەی بەردەوامی حزبوڵڵا
زایۆنییەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە حزبوڵڵا ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لە سەر بەرەی پاڵپشتیی حیراق و یەمەن و تەنانەت بەرخۆدانی فەلەستین لە شەڕی غەزەدا هەیە. هاوکات ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت لە بەرەی باکووری سەرزەوینە داگیرکراوەکان بۆ سەرقاڵکردنی ئەرتەشی زایۆنی کە بەرچاوترین ئەنجامی ئەو سەرقاڵییە ئاواریی بەربڵاوی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، زیانی ئابووریی (حەوتەیی ١٥٦ ملیۆن دۆلاری)، داخرانی کارخانەکان، ئامادەباشی ناوەندکانی دەرمان و تەرخاندرانی یەک لە سێی هێزی سەربازیی داگیرکەر لە باکوورە.
هەر بۆیە کابینەی شەڕی ڕژیمی زایۆنی ناچارە لە دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ لاوازکردنی هێزی ستراتژیکیی حزبوڵڵا و پێی وایە بە تیرۆری فەرماندە باڵاکان و خاپوورکردن و لەناوبردنی ئیمکانات و هێزی سەربازیی ئەو بزووتنەوە دەتوانێ، ئاسایش بگەڕێنێتە بۆ ناوچە باکوورییەکان.
سیئێنئێن لەمدواییەدا لە ڕاپۆرتێکدا ئەم ستراتژییە، پڕمەترسی و کەمایەسیدار وەسف دەکا و دەڵێ: "وانەیەک کە ناتۆ وردە وردە لە ئەفغانستان فێری بوو، دەبێ لێرەدا ئاوڕی لێ بدرێتەوە: کوشتنی فەرماندەکان کۆتاییان پێ ناهێنێت، بەڵکوو جێنشینی تووڕەتر بۆ دانوستانەکان بەدوای خۆیدا دێنێت".
٢. هێزی بەرگریی لەبننەهاتوو و بەرچاوی حزبوڵڵا
گرنگترین هۆکاری دوورەپەرێزیی ڕژیم زایۆنی لە شەڕی هەمەلایەنە لەگەڵ حزبوڵڵا، دەسەڵاتی بەرچاوی ئەو گرووپە بەرخۆدانەیە. بۆ وێنە ئەگەر ئاوڕێک لە وەڵامدانەوەی حزبوڵڵا بە دەستدرێژیی ڕژیمی زایۆنی بدەینەوە، دەبینین کە چۆن حزبوڵڵا بە سەدان مووشەکی تایبەتیی لە جۆری فادی 1 و فادی 3، ناوچە ستراتژییەکانی ڕامات دەیڤید، کۆمەڵەی سەربازیی ڕافائێل، فرۆکەخانەی سەربازیی مەگیدو، بنکەی سەربازیی ئامووس، کارخانەی تەقمەنیسازیی زەخرۆن، حەیفای داگیرکراو، عاکا و تەنانەت ناوەندی فەلەستینی داگیرکراو، واتە فرۆکەخانەیبێن گۆڕینی کردۆتە ئامانج.
بەرپرسانی زایۆنی باش دەزانن کە ئەگەر دەستدرێژییەکانیان بۆ خاکی لوبنان ناوەستێنن، بەرخۆدانی ئیسلامی لوبنان بە پشتبەستن بە مووشەکە نوێیەکانی خۆی ناوەندە ستراتژییەکان و شارۆچکە پڕحەشیمەتەکانی ڕژیم دەکاتە ئامانج.
لەم دواییەشدا میدیای زایۆنیی هائارتس ئاشکرای کرد کە ڕۆژانی ٢٢٠ مووشەک لە لایەن لوبنانەوە سەرزەوینە داگیرکراوەکان دەپێکێت و ئەمە لە خۆیدا گەورەترین هێرشی مووشەکی لە سەرەتای ئەم شەڕەیە و هاوکات تسۆییکا هایمۆویچ فەرماندەی پێشووی پەدافەندی ئاسمانی ئەو ڕژیمە دانی بەودا نا کە: هیچکەس نازانێ حزبوڵڵا چ تواناییەکی هەیە و ئەوی تا ئێستا دیومانە تەنیا بەشێکی کەمی توانستەکانی بووە.
٣. پێگەی ژێئۆپۆلیتیکی و ژێئۆستراتژیکیی لوبنان
ئەوانی باسی بەغەزەبوونی لوبنان دەکەن، دیارە ئاوڕیان لە جیاوازییە هەرێمی و جوغرافیاییەکانی ئەو وڵاتە نەداوەتەوە. چونکە کەرتی غەزە بە شێوەی چوارسووچی هەڵکەوتووە کە لە دوو بەرەوە دراوسێتی لەگەڵ ڕژیمی زایۆنی هەیە و لە بەری کەنارئاوییەکانییەوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی دەریایی ڕژیمی زایۆنییە و لە باشوورەوە هاوسنووری میسرە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا ئەو سنوورەش ڕادەستی زایۆنییەکان کراوە و بەو جۆرە غەزە لە چوارلاوە گەمارۆ دراوە.
بەڵام لوبنان نە تەنیا تەنگەژەیەکی لەو جۆرەی بەسەرەوە نییە، بەڵکوو تەنیا ٧٩ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ فەلەستینی داگیرکراو هەیە و بگرە ٣٧٥ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لوبنان و سووریایە و ئەو دوو وڵاتە وێڕای برایەتی و دۆستایەتی، ڕوانینێکی یەکەیان هەمبەر بە داگیرکاریی ڕژیمی زایۆنی هەیە.
جگە لەو پێگەی ژێئۆپۆلیتیکییە، ڕژیمی زایۆنی ئەوڕۆکە خۆی بەرەوڕووی قەیرانگەلێکی ئاڵۆزی زۆری وەک ناڕەزایەتی زایۆنییەکان هەمبەر بە درێژخایاندنی شەڕ و تەشەنەی شەڕ لە بەرەی جۆراوجۆر، داڕمانی ئابووری، ئاواریی زایۆنییەکان، ناکۆکیی ناوخۆیی دامودەزگا سیاسی و سەربازییەکان و ... بۆتەوە کە مۆڵەتی سەربزێویی زیاتر بەو ڕژیمە لە خاکی لوبناندا نادات.
Your Comment