ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگی و هونەر_ حەلیمە مەڵایی: مێژووی ھونەری گۆرانی لە ھونەری مۆسیقا کۆنترە. ئەگەر بمانەوێت تەمەنی گۆرانی کوردی دەست نیشان بکەین، ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتە کە یەکەم کورد هاتە دنیاوە و دەستی کرد بە خوێندن بۆ دڵی خۆی و لە چیا و کەژ و کێودا دەنگی هەڵبڕی.
مامۆستا حەمەی حەمەباقی لە کتێبی مێژووی مۆسیقای کوردیدا دەڵێت: "دەستنیشانکردنی ساڵێکی دیاری کراو یان سەردەمێکی دیاری کراو بۆ مێژووی سەرھەڵدان و لە دایک بوونی گۆرانی کوردی کارێکی ئێجگار دژوارە."
بەڵام سەرەڕای بوونی مێژوو و پێشنیەیەکی کۆن و گرانبەها بۆ هونەری مۆسیقا و گۆرانی کوردی کە لە ئاستی جیهانیشدا ناسراوە و مۆسیقا و گۆرانی کوردی بە بەشێک لە شوناسی نەتەوەیی کورد ناودەبرێت،ئەم دوو هونەرە لەیەک ئاڵاوە، وردە وردە خەریکە شێواز و ڕێبازەکەی دەگۆڕدرێت.
ئەگەرچی هەندێ لە چالاکانی بواری مۆسیقا پێیان وایە دەبێ لە مۆسیقا و گۆرانی کوردیدا نوێگەری بکرێت؛تاکوو بەرەی گەنج و لاوی کورد، پەلکێش نەکرێن بۆ مۆسیقا و گۆرانی نەتەوەکانی تر؛ بەڵام زۆرێک لە مامۆستایانی بواری مۆسیقا جەخت لەوە دەکەن کە مۆسیقا و گۆرانی کوردی تایبەتمەندی خۆی هەیە و ناکرێت بە ناوی نوێگەرییەوە ڕیشەکێش بکرێت و خەرمانی پڕبایەخی پێشینەی هونەری کوردی لە بواری مۆسیقا و گۆرانیدا بەناوی بەڕۆژکردنەوە و بەسەردەمیانە کردنەوە، بسووتێندرێت.
لە سەر دۆخی ئەمڕۆی مۆسیقا و گۆرانی کوردی و دوورکەوتنەوەی لە شێعر و ناوەڕۆکی پڕمانا و پەل هاویشتنی بۆ شەڕەبەند و جنێودان و مۆسیقای ناڕەسەن و فاڵش، هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر، گفتوگۆی لەگەڵ مەهدی ئەحمەدی مامۆستای مۆسیقا و بەرپرسی پێشووی فیلارمۆنیکی کوردستان کردووە کە دەقەکەی لە خوارەوە بڵاو بووەتەوە.
ئەگەر هونەری گۆرانی و مۆسیقای کوردی لە نیو سەدەی ڕابردوو لێکبدەینەوە و دۆخی ئێستای گۆرانی کوردی و مۆسیقا و نەوای کوردی لە پێش چاوبگرین، تەنانەت بۆ ئەوانەش کە زۆر لە مۆسیقا نازانن و خەڵکی ئاسایین، دەردەکەوێت کە چۆن ئاستی گۆرانی و مۆسیقای کوردی لە سەرمایەیەکی گەورەوە دابەزیوە بۆ شتێکی نامۆ و بێ چوارچێوە. چی وای لە گۆرانی و مۆسیقای کورد کرد ؟
ئەم کێشە تەنیا تایبەت نییە بە مۆسیقا و گورانی کوردی و تاڕادەیەک بەرۆکی بە مۆسیقای هەموو گەلانی جیهان گرتووە. کاریگەرترین هۆکاریشی ئەوەیە کە مۆسیقا لە هونەرێکەوە کە دەبێ ببیسرێت بووتە هونەرێک کە دەبێ ببینرێت! بڕوانە ئەو کلیپانەی کە ساڵانێکە بووەتە باو و گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەنی ئەمڕۆیی دروستی دەکەن، لە بری ئەوەی گرینگی بە تەکنیکی بوون و پڕۆفشناڵیی بەرهەمی مۆسیقا یا گۆرانییەکە و ناوەڕۆکی شێعرەکەی بدرێت، بە هەموو شێوەیەک فۆکووس کراوەتە سەر ئەوەی کە شتێکی تێدا بێت سەرەنجی خەڵکی ئاسایی ڕابکێشێت و لایەنگر کۆکاتەوە بۆ خاوەنەکەی و وەک دەوترێت ترەند بێت. ئێستا ئەو شتە ژن و کچێک بێت بە جلوبەرگێکی تایبەت و سەروسیمایەکی مەکیاژ کراو و جووڵەی ئۆروتیک یان کوڕێکی کەشخە بێت بە ئۆتۆمبێلێکی جوان یان ڕەشبەڵەک و هەڵپەڕکێ.یان بگرە دەشت و دەوەن و دەریا و کەشێکی ڕۆمانسی بێت. وەکوو ئەوە وایە سفرەیەکی ڕازاوە داخرابێت کەچی کاتێک لێ دەخۆی دەبینی چێشت و پێخۆرە سەرەکیەکەی زۆر بێ تامە و تەندروستیشت دەخاتە مەترسیەوە. میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی زۆر زۆر کاریگەرن لە سەر ئەوەی چی دەرخواردی زەین و مێشکی خەڵک دەدەن، بە ئاسانی دەتوانن بە ترەند کردنی بابەتێک، دڵخوازی خەڵک بگۆڕن و بیبەن بەرەولای ئەو شتەی کە مەبەستی خۆیانە. ئێستا وایە ناوەڕۆک جێگای داوە بە ناو. فاڵۆڤێر کۆکردنەوە گرینگترە بۆ ئەوانەی هونەرمەندی ڕاستەقینەوە و پڕۆفشناڵ نین و ناوی خۆیان ناوە گۆرانیبێژ و مۆسیقا ژەن، بە هەر شێوەیەک بێت دەیانەوێت ناو و نان بەدەست بێنن. هونەری کوردی خەساری بەرکەوێت یان نا، گرینگ نییە بۆیان. بە کورتی بڵێم لە سەردەمی ئێمەدا بە داخەوە ڕواڵەت زاڵ بووە بەسەر ناوەڕۆک و چییەتیدا. لە مۆسیقا و گۆرانیشدا هەر ئەمەیە.
ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستان و تا ڕادەیەکیش لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، جۆرە گۆرانییەک بە ناوی شەڕەبەند و گەعدە کردن بووەتە باو ، هەندێ جار ، ئەڵبەت نەک هەموویان، لە نزمترین ئاستدایە و پڕە لە وشەی سووک. پێتان وایە هۆکارەکانی چین کە گەنجان زیاتر حەزیان لەم جنێو و هەڵکوتین و داکوتینەیە تا چریکەیەکی زۆر بەهێز و تەکنیکی سەی عەلی ئەسغەر کوردستانی ؟
بە ڕای من چەمکی هونەر ئێستا تۆزێ لە مانای سەرەکی خۆی دوور کەوتووەتەوە لە بەر زۆر هۆکار کە یەکیانم باس کرد لە پرسیاری یەکەمدا. ئێستا ئاستی هونەر دابەزیوە و هەر کەسێک مایکی بە دەستەوە گرت ناوی خۆی دەنێت مامۆستای مۆسیقا و گۆرانی. لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی جیهان تۆزێک بابەتەکە جیاوازە و ئەم کاریگەریی دانانەی شتە لاتەکییەکان لەسەر ناوەڕۆکی پڕۆفشناڵ و ڕەسەنی هونەری مۆسیقا و گۆرانی دیارترە. چوونکوو لەوێ بە هۆی ڕێگەپێدراوی بە ئامادەبوونی ژنان بە جلوبەرگی ئازاد و مەکیاژ و سەروسیمای مەجلیسیانە لە کلیپەکاندا وەکوو گۆرانیبێژ یان ئەکتەر، ئەمە زیاتر گورزی لە مۆسیقای تەکنیکی ئەو ناوچانە بە تایبەتی هەرێمی کوردستان داوە. من ناڵێم ڕێگە نەدرێت ژنان ئامادەی کلیپ و ئەو شتانە بن، نا، دەڵێم ژن و پیاو وەکوو ئامرازێکی ئوروتیکانە بەکارهێنان بۆ ڕاکێشانی سەرەنجی بەردەنگ و بینەر بەو شێوەیەی کە ئێستا هەیە، وای کردووە دەنگی ناخۆش و چیپ و مۆسیقای فاڵش و لاواز و بێ ناوەڕۆکیی شێعری گۆرانییەکان داپۆشرێت . وای کردووە ئەو جۆرە هەڵیت و پەڵیتانە بە ناوی هونەری کوردی بەخەڵک بفرۆشرێتەوە. کاتێک تەکنیک و لێزانی گرینگ نەبوو، ئیدی هەر کەسێک لە جێی خۆی هەڵدەسێت ، گەعدە دەکات یان کلیپێک دروست دەکات و ناوی خۆی دەنێت هونەرمەند. ئەم بابەتە لە ئێراندا کەمترە. ئەگەرچی ئێستا تۆڕی کۆمەڵایەتی وای کردووە سنوور نەماوە و ئەوەی ئیمپراتۆرییەتی میدیایی بیەوێت دەیکاتە مێشکی خەڵکی ئاساییەوە، بە تایبەت ئەوانەی ڕواڵەت بۆیان گرینگە و لە ناوەڕۆک وردنابنەوە و لێکۆڵینەوە ناکەن. یان خوێنەواری و زانیاری پێویستیان سەبارەت بە هونەر نییە. چونکوو هیچ کات ڕازاندنەوە و جلوبەرگ و گرژیی مۆسیقا و هیچ شتێکی تر کاریگەریی ناکاتە سەر مامۆستا و کارناسێک. ئەوان تەکنیک و لێزانی و ڕەسەنایەتی لەبەرچاو دەگرن. بەڵام خەڵک ڕواڵەت دەبینێت.
چارەسەر چییە بۆ ئەوەی لەمە زیاتر مۆسیقا و گۆرانی کوردی و کلتووری کوردی خەسار نەبینێت؟
چارەسەرەکە زۆر دژوارە. وێنەیەکتان بۆ دەهێنمەوە، کاتێک بە هۆی برینێکەوە شوێنێکی لەشی مرۆڤ بۆ وێنە قامکی، هەو دەکات و چڵک دەیتەنێتەوە، ڕەنگە بە ئانتیبیۆتیک چارەی بێت و ساغ بێتەوە، بەڵام ئەگەر هەو کردنەکە پەرەی سەند و پێدەچوو لاشەی داگرێت و ژیانی بخاتە مەترسیەوە، پزیشکەکان دەڵێن دەبێ ئەو قامکە ببڕدرێت، بۆ ئەوە کەسە نەمرێت! بە ڕای من ئەم دۆخەی ئێستای فەرهەنگ و هونەری کوردی بە تایبەتی مۆسیقا و گۆرانی هەیەتی، گیانەڵا و بەرەو باوەشی مەرگ چوونە! چارەسەری نییە و ئەگەر بمانەوێت فریای کەوین با نمرێت دەبێ سەرچاوەی هەوکردنەکەی ببڕین. من پێم وایە لە بەشی مۆسیقا و گۆرانیدا کە ئێستا بابەتی گفتوگۆکەی ئێمەیە، دەبێ ڕێوشوێنی توندوتۆڵتر بگیردرێتە بەر . نابێت لەمە زیاتر ئەم بوارە گرینگەی فەرهەنگی کوردی بێ سەرەوبەرە بێت. دەبێ دامودەزگا چاودێرەکانی بواری فەرهەنگ و هونەر مۆڵەتی یاسایی نەدەن بە هەموو کەسێک. دەبێ قرتێڵەی ئەم بێ یاسا و ڕێساییەی کە ئێستا هەیە بۆ کاری هونەری، ببڕدرێت و کۆتایی بێت. هەر کەسێک مایکێکی گرتە دەستەوە و گۆرانی خوێند نابێت کلیپ دروست بکات و بە نمایش دانی چەند کوڕ و کچ و ڤێلا و ئۆتۆمبێلی گرانبایی بێ هونەرییەکەی داپۆشێت.
نابێت ڕێگە بدرێت مۆسیقا و گۆرانی سووک و ناشیانە بە فەرمی و بە ناوی هونەری کوردیەوە بڵاوی بکرێتەوە. دەبێ لیژنەی چاودێری و لێکدانەوەی هونەری و تەکنیکی دابنرێت و بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت مۆڵەت وەربگرێت دەبێ مامۆستایانی بە ئەزموونی ئەم بوارە چاودێر بن و ڕایان وەربگیردرێت.
ئێستا خەڵک لە تۆری کۆمەڵایەتی هەموو شتێک بڵاو دەکاتەوە و مۆڵەتی پێویست نییە
ئەگەر کەسێک بۆ دڵی خۆی و بە نافەرمی شتێک بڵاو دەکاتەوە ئەوە ئاساییە، بەڵام ئەگەر هات و ناوی هونەری لێنا و کلیپ و تراکت و ئەو شتانەی بە فەرمی وەکوو هونەرمەند بڵاو کردەوە دەبێ مۆڵەت وەرگرێت ئەمە لە هەموو شوێنێک وایە. ئەو کەسەش بێ مۆڵەت گۆرانی و کلیپ بڵاودەکاتەوە دەبێ ڕووبەڕووی یاسا بێتەوە. نابێت هەموو کەسێک بتوانێت کاری هونەری بکات.بۆ هەموو کەس دەتوانێ لە خۆیەوە پیشەیەکی تر بکات؟ نا. ئەدی بۆ هونەر گاڵتەجاڕە ؟ کەسێک لە گەعدە و کۆبوونەوەیەکی بنەماڵە و دۆستانەی خۆیدا گۆرانییەک دەخوێنێت یان مۆسیقایەکی سەرەتایی کە تازەفێربووە لێدەدات ، سبەینێ ناوی خۆی دەنێت هونەرمەند یان گۆرانیبێژ و کۆنسێرت دەکات و بلیت دەفرۆشیت و بیلبۆرد هەڵدەواسێت. بە داخەوە تۆڕی کۆمەڵایەتی و میدیا زۆر زۆر خەساری لە هونەرداوە.
خەڵکی ئێمەش هەموومان پێویستمان بە پەروەردە و خوێنەواریی و زانیاری فەرهەنگیە، دەبێ فێر ببین هەموو شتێ بۆ گوێگرتن نابێت. یان لانی کەم هەموو شتێ هونەر نییە و هەموو کەس هونەرمەند نییە. بۆ کاری هونەریش دەبێت سنوورێکی نوێ دابنرێت. زۆر کەس دژی ئەوەن کە لە بابەتی هونەریدا سنوور و ڕێسا و پێودان هەبێت، بەڵام بێ گومان هەندێ جار دانانی سنوور و ڕێوشوێنی توند و فیلتەر کاریگەریی باشی دەبێت و لە بێسەروبەرەیی و شپرزی و سەرلێشێواویی دەمانپارێزێت بە تایبەت لە ئێستادا.
لە مۆسیقا و گۆرانیدا پارامێترە سەرەتاییەکان بۆ ئەوەی کەسێک کارێکی تەکنیکی بکات چییە؟
ئەوەیە کە دروست بخوێنێت، نۆتەکان لە جێگای خۆیدا بخوێنێت، ریتمەکان بپارێزێت، تێمپۆ ڕچاو بکات، دەنگێکی باش و تایبەتی هەبێت واتە سۆنۆرێتەی دەنگی باش بێت، تەکنیکەکانی ئەو مۆسێقایەی کە مەبەستیەتی گۆرانی تێدا بڵێت بتوانێ ڕچاوی بکات، شێعر و؟چەمکی شێعر و ژانرەکانی بناسێت و زۆر بابەتی تریش کە دەبێ بیزانێت. نەک هەر کەسێک قیڕاندی و چەند دێڕ شێعری بێ مانای سووکانەی وت پێی بوترێت مامۆستا.
زۆر کەس دەڵێن کەسانی ئوستوورە وەکوو حەسەن زیرەک و سەی عەلی ئەسغەر و ماملێ و تاهێر تۆفێق و.... زۆر کەسی دیکەش کە ئێوە باشتر دەیانناسن یەکێکن لە کۆڵەکەکانی گۆرانیی ڕەسەنی کورد، لانی کەم دوای ئەوەی دەنگ تۆمار کرا، لە دوو سەدەی ڕابردوودا؛ ئەمانە سامانی گۆرانیی کوردین، هەروەها لە بواری مۆسیقاشدا هەر بەو شێوە کەسانی بە ئەزموون زۆرن کە شوێن پەنجەیان دیارە، بۆچی ئیدی کەسانی وا هەڵناکەوێتەوە لە ناو کورد دا؟
کورد هونەرمەند و دەنگ خۆش و مۆسیقاژەنی زۆر گەورەی بووە پێش ئەم کەسانەش کە ئێوەناوتان هێناوە ، بەڵام ئەوان لە سەردەمی تۆمارکردنی دەنگدا نەبوونە و ئێستا ناو و بەرهەمەکانیان فەوتاوە. ناتوانین بڵێین کەسی وا هەڵنەکەوتووە یان هەرگیز ناکەوێتەوە.کاری باش و ڕەسەن کردن پێویستی بە هەوڵ و ماندوو بوون و ئەزموون کردنی زۆر هەیە، لەگەڵ ئەو دەنگە کە خودا بە مرۆڤی دەدات یان ئەو بڕشت و زیرەکیەی کە خودا بە کەسێکی دەدات تا لەگەڵ تێکۆشانێکی زۆردا ببێتە مۆسیقاژەن و هونەرمەندێکی باش، زۆر شتی دیکەش هەیە تاکوو بۆ وێنە گۆرانییەک هەمیشەیی بکاتەوە و ببێتە گەنجینەیەک بۆ میللەتێک. ئێستا زۆر کەس تاقەتی نییە ئەوەندە خۆی ماندوو بکات. و ساڵانێکی زۆر چاوەڕوان بێت، تاکوو گۆرانییەک یا نەوایەکی مۆسیقایی بڵاو بکاتەوە، ئێستا دەبینێت خەڵکانێک لەو ڕۆژەی یەکەم کلیپی بڵاو کردەوە پێی دەڵێن مامۆستا و هونەرمەند ئیدی زۆر کەمن ئەوانەی هەوڵ دەدەن هونەرە ڕەسەنەکە بپارێزن.
نیوەی گۆرانییەکی باش و ڕەسەن، شێعرێکی باش و پڕمانایە، زۆر جار ئەو شێعرانە، بە قەد کتێبێک وانەی ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوورییان تێدایە، ئەگەر مۆسیقا و گۆرانی کوردی بەرەو لای شەڕەبەند و جنێوفرۆشتن و چەلەحانێ و قسەی سووک بڕوات، خەساری بۆ کلتووری نەتەوەیی کورد چییە ؟
بە بۆچوونی من، ئەوە هونەر یا مۆسیقا نییە تەنیا کە تووشی قەیران و داڕمان بووە! بەڵکوو مرۆڤە کە تووشی داڕمان هاتووە. جۆرێک لە بێ ناوەڕۆکی زاڵ بووە بە سەر مرۆڤ دا. کەشی ئینترنت و تۆڕی کۆمەڵایەتی و میدیای سەردەمیانە وای کردووە بەشێک لە خەڵک زیاتر هەست و حەزی خۆدەرخستن و خۆنیشاندانی هەبێت، هەندێ کەس ئێستا کۆبوونەوە و دانیشتن و میوانییەکانیشان دەکەنە لایڤ و سەرقاڵن بە پۆزلێدان و ئەوەی کە ژیان و ئاهەنگ و ڕێوڕەسمەکانیان لە تایملایەنی عالەمدا ببینرێت. بە ڕوونی بڵێم ئێستا زۆر کەس خۆی ماندوو ناکات بە بیرکردنەوە لە بابەتەکان، بۆی گرینگ نییە تەکنیکی بوون و ڕەسەن بوون، ئەو کات و ساتەی بۆ گرینگە کە تێدەپەڕێت. لە لایەکی تریشەوە ئێستا هونەر بە گشتی و مۆسیقا و گۆرانی کە لایەنگریان زۆرترە و خەڵکی ئاسایی لە مناڵەوە تا پیر حەزی پێدەکەن، بووەتە بازاڕ. بازاڕێک بۆ پارە پەیدا کردن و تێرکردنی پێداویستیە فیزیۆلۆژیکییەکانی مرۆڤ. چەند کەس کۆدەبنەوە ناوی دەنێنن گەعدە و میوانی ،شەڕەجنێو و قسەی لەقولۆری تێدا دەکرێت و پارەیەکی زۆر دەبارێت بەسەریاندا و ناو نراوە هونەر و گۆرانی! یان کۆمەڵێک خەڵک کۆدەبنەوە کەسێک مۆسیقایەکی فاڵش لێدەدا بە گرژی و یەکێک گۆرانی دەڵێت بە شێعرێکی بێ مانای بێ کێش و پڕ لە وشەی جنسی و سوک و بازاڕی، خەڵکێکیش هەڵدەپەڕن، ئەوە میوانیە یا زەماوەندە یان هەر ئاهەنگێک؛ ڕەنگە بۆ کەیف و خۆشی و کات بەسەر بردن بێت و تا ئێرە هیچ کێشەی نییە؛ بەڵام ئەوە هونەری مۆسیقی و گۆرانی ڕەسەنی کوردی نییە و هونەرمەند و هونەر پارامتری خۆی هەیە کە پێشتر باسم کرد.
ئەم ڕەوتە بەم شێوە بڕوات کە ئێستا هەیە و لەمپەڕی بۆ دانەنرێت، وردە وردە هونەر لەناو بازاڕی گرمی قسە و جووڵەی سووکانەی بەناو گۆرانی و مۆسیقای کوردیدا دەتوێتەوە و هیچی لێ نامێنێتەوە بۆ بەرەی داهاتوو.
Your Comment