بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەم کاتەدا هەوڵدەدرێت بێهیوایی لەناو عێراقییەکاندا بڵاوبکرێتەوە و قەیرانی سیاسییش بوەتە مایەی هەڕەشە لەسەر دەستکەوتە ئەمنییەکان و ئارامی هاوڵاتیان، بۆیە داوا دەکات لایەنەکان گفتوگۆیەکی نیشتیمانی ئەنجام بدەن بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستویی سیاسی.
مستەفا کازمی ئەمڕۆ شەممە لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێک لە "کۆنفرانسی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان" ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی سیاسیی بوەتە مایەی هەڕەشە لەسەر دەستکەوتە ئەمنییەکان و ئارامی هاوڵاتیان ئەوەش جێگەی نیگەرانییە، هەروەها هەوڵدەدرێت بێهیوایی لەناو عێراقییەکاندا بڵاوبکرێتەوە بۆیە دەبێت هەموان سازش بۆ یەکتر بکەن و رێگەنەدەن وڵات بەرەو چارەنوسێکی تاریک و نادیار ببرێت.
ئەوەشی خستەڕو، لەئێستادا عێراق لەبەردەم دەرفەتێکی زێڕیندایە بۆ بوژانەوەی ئابورییەکەی، بۆیە ئەگەر لایەنەکان نەگەنە رێککەوتن لەسەر چارەسەرێکی هاوبەش ئەوکات دەرفەتەکە لەدەستدەدرێت، لەو پێناوەشدا داوای گفتوگۆ لە لایەنەکان دەکات بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، حکومەتی کاربەڕێکەر هەوڵێکی زۆریداوە بۆ چارەسەری قەیرانەکان و کاری لەپێشینەشی پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراقییەکان بوە، بۆیەش ئەمڕۆ پێداگری دەکەن لەسەر گفتوگۆیەکی نیشتیمانی بە ئامانجی تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی و خزمەتکردنی هاوڵاتیان
Your Comment