حکومەتی نوێی عێراق بە بێ سەدر شکست دێنێت/ ره‌نگه‌ په‌رله‌مان هەڵوەشێتەوە

كه‌ریم شوكر، جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند: هه‌ر حكومه‌تێك به‌بێ سه‌در پێكبهێنرێت، ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا شوێنده‌ستی دیارنه‌بێت شكست ده‌هێنێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، كه‌ریم شوكر كه‌ هاوكات ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستانه‌، له‌میانی به‌رنامه‌ی دیداری خه‌ندان، كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌یه‌ و رۆژنامه‌نوس هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ئاماده‌و پێشكه‌شی ده‌كات، له‌باره‌ی دانوستانی شاندی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و هاوپه‌یمانی عه‌زم، رایگه‌یاند، "له‌دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی ره‌وتی سه‌در كه‌ هه‌رچه‌نده‌ چاوه‌ڕوانكراوبو به‌ته‌واوی عێراق خراوه‌ته‌ به‌رده‌م دووڕیان، یان له‌و حاڵه‌ته‌ چه‌قبه‌ستوییه‌ی كه‌ له‌ شه‌ش مانگی رابردوودا هه‌بوه‌ و حكومه‌ت پێكده‌هێنرێت یان ئه‌مجاره‌یان ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌و هه‌ڵدێر و چاره‌نوسێكی نادیار ده‌ڕوات.

وتیشی: گفتوگۆكان كه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوودا كراون گفتوگۆی جیدین و گفتوگۆن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئایینده‌ی عێراق به‌ره‌و كوێ ببرێت و هه‌مو لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌تی چوارچێوه‌ی هه‌مانگی و ئه‌وانه‌شی لێیه‌وه‌ نزیكن وه‌كو یه‌كێتی، عه‌زم و بابلیۆن هه‌موی بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ عێراق چۆن رزگاربكرێت له‌م دۆخه‌ی تێیكه‌وتوه‌ و چۆن هه‌نگاوبنرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و ئه‌و حكومه‌ته‌ چ جۆره‌ حكومه‌تێك بێت و كێ سه‌رۆك وه‌زیران بێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وه‌كو كورد ئه‌وان به‌شێكن له‌ ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێراق و به‌شێكن له‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان كه‌ له‌ به‌غدایه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ ده‌بێت به‌شێك بن له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن (حكومه‌ت) و به‌پێی ده‌ستوری عێراقیش ئه‌و مافه‌یان هه‌یه‌ و به‌شداریكردنیان له‌ كۆبونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌مانگی و لایه‌نه‌كانی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت پشكی خۆیان وه‌كو كورد گه‌ره‌نتی بكرێت، هه‌رچه‌نده‌ به‌ته‌نیا به‌ یه‌كێتی ناكرێت، به‌ڵام یه‌كێتی به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ رابردودا له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی نزیكبون بۆیه‌ به‌شداری كۆبونه‌وه‌كان ده‌كه‌ن و ئومێدیشیان ئه‌وه‌یه‌ له‌ كوردستان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه‌ به‌تایبه‌تی پارتی دابینشن و جارێكی دیكه‌ به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كگرتویی بچنه‌ به‌غدا به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌مه‌ فرسه‌تێكه‌ بۆ كورد كه‌ پێشتر نه‌توانرا به‌ یه‌كڕیزی بچنه‌ به‌غدا.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا یه‌كێتی به‌جیا له‌گه‌ڵ پارتی كۆده‌بێته‌وه‌ یان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌مانگی له‌گه‌ڵیدا كۆده‌بنه‌وه‌؟، كه‌ریم شوكر باسی له‌وه‌كرد، "وه‌كوو یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتی كۆده‌بینه‌وه‌ و پێویسته‌ وه‌كوو كورد وه‌ره‌قه‌یه‌كی هاوبه‌شمان هه‌بێت، ئێمه‌ 100% به‌شێك نین له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ڵكو نزیكین و ئێمه‌ هاوپه‌یمانیمان نه‌كردووه‌ له‌گه‌ڵیدا، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئه‌ركییه‌تی نه‌ك له‌گه‌ڵ كورد به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌تایبه‌تی كۆببێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان رازی بكات بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیشدا قسه‌كراوه‌ كه‌ جارێكی دیكه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌در بكرێت و جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ پڕۆسه‌ی سیاسی كه‌ 73 كورسی هه‌یه‌ و گه‌وره‌ترین هێزی سه‌ر ساحه‌ی سیاسیه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو کە "ناكرێت له‌ پێكهێنانی حكومه‌تدا هێزه‌كانی وه‌كوو سه‌در، پارتی و سوننه‌كان فه‌رامۆش بكرێن ئه‌گه‌ریش دروستبكرێت له‌راستیدا لاواز ده‌بێت و ئه‌گه‌ر بته‌وێت كه‌ حكومه‌تی به‌هێز دروستبكه‌یت ده‌بێت لایه‌نه‌ به‌هێزه‌كانی به‌شداربن تیایدا، ره‌نگه‌ بتوانرێت حكومه‌ت دروستبكرێت، به‌ڵام حكومه‌ته‌كه‌ هێنده‌ به‌هێزنابێت بتوانێت كاره‌كانی جێبه‌جێ بكات، ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها سه‌درییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت بن له‌وانه‌یه‌ روبه‌ڕوی به‌ربه‌ستی زۆر ببێته‌وه‌ و رێگری زۆری بۆ دروستده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزه‌ گه‌ورانه‌ له‌ناو حكومه‌تدا نه‌بن ره‌نگه‌ په‌رله‌مانیش به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ بچێت".

كه‌ریم شوكر روونیشیكرده‌وه‌، "هه‌ر حكومه‌تێك به‌بێ سه‌در پێكبهێنرێت، ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا شوێنده‌ستی دیارنه‌بێت له‌ڕوی خزمه‌تگوزاری رۆژانه‌ی خه‌ڵك به‌تایبه‌تی له‌ ئاو، كاره‌با، رێگاوبان و خوێندن و نه‌خۆشخانه‌كان جگه‌ له‌ ده‌یان شتی دیكه‌، ئه‌وا حكومه‌ته‌كه‌ شكستده‌هێنێت و ده‌بێته‌هۆی روخانی حكومه‌ته‌كه‌ و سه‌ركه‌وتنی لایه‌نی سه‌دری و ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه‌ش هه‌ڵبژاردن بكرێت ئه‌وان كورسی زۆر ده‌هێنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكومه‌تێكی به‌هێز دروستبكرێت كه‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌رپرسه‌ له‌وه‌ له‌راستیدا له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌توانێت خزمه‌تی شه‌قام بكات ئه‌وكاته‌ ئه‌و پلانه‌ی كه‌ سه‌درییه‌كان دایانناوه‌، فه‌شه‌لی پێده‌هێنرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌كو حكومه‌ته‌كانی رابردو بێت ئه‌وا ده‌توانن بیڕوخێنن".

له‌باره‌ی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ ده‌وترێت نوری مالیكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا یه‌كێكه‌ له‌ كاندیده‌كان، كه‌ریم شوكر وتی، "ئه‌وه‌ی له‌ راگه‌یاندن باسده‌كرێت ته‌نها باسه‌، به‌ڵام له‌راستیدا مالیكی پیاوێكی ده‌وڵه‌تمه‌داره‌و ته‌جوربه‌ی رابردودای هه‌یه‌ له‌ حكومه‌تدا، ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كان كه‌ باس ده‌كرێت، هه‌روه‌ها له‌ دوای كشانه‌وه‌ی سه‌در، هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ 17 كورسییه‌وه‌ ده‌بێته‌ 44 كورسی به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردن، كورسییه‌كانی ده‌وڵه‌تی یاساش له‌ 34 كورسییه‌وه‌ ده‌بێته‌ 41 كورسی، ئه‌وه‌ش ئه‌وان به‌هێز ده‌كات و ده‌بنه‌ هێزی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ساحه‌ی عێراق وه‌كو لایه‌نی شیعی، بۆیه‌ ئه‌وه‌ش بابه‌تێكه‌ قسه‌ی تیاده‌كرێت، خه‌ڵكی دیكه‌ش هه‌یه‌ كه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئێمه‌ به‌ته‌نها وه‌كو یه‌كێتی قسه‌ی له‌سه‌ر ناكه‌ین به‌ڵكوو وه‌كو كورد، ئایا كارتی ئێمه‌ چیه‌ و ئه‌وان تا چه‌ند به‌ داواكارییه‌كانی كورد رازی ده‌بن، هه‌روه‌ها باسی عه‌دنان زورفی و ئه‌سعه‌د عیدانی ده‌كرێت كه‌ پارێزگاری به‌سره‌یه‌، هه‌روه‌ها كاتی خۆی هادی عامری به‌ ته‌مابو كه‌ ئێستا ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین هێز".

له‌باره‌ی ناكۆكی پارتی و یه‌كێتی كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردو به‌جیا به‌شداریان له‌ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌ت كرد، كه‌ریم شوكر وتی، "ناكۆكییه‌كه‌مان تاڕاده‌یه‌ك له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار بوو، كه‌ نه‌مانتوانی رێكبكه‌وین له‌سه‌ر كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌، ئێمه‌ ئه‌و پۆسته‌مان به‌ پشكی خۆمان زانیوه‌ و براده‌رانی پارتی به‌مه‌ رازی نه‌بوون، بۆیه‌ به‌جیا چوین و گه‌یشتینه‌ ئه‌م دۆخه‌، تا ئێستا ناكۆكییه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌، من كه‌ ده‌ڵێم ده‌بێت وه‌كوو كورد وه‌ره‌قه‌یه‌كی هاوبه‌شمان هه‌بێت ده‌بێت له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار رێكبكه‌وین، ئه‌گه‌رنا جارێكی دیكه‌ به‌جیا ده‌چینه‌وه‌ به‌غدا".

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا یه‌كێتی ئاماده‌یه‌ به‌بێ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری له‌ حكومه‌تدا بكات، جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی وتی، "شێوه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ ده‌زانێت، هێشتا زوه‌ بڵێین به‌بێ پارتی ده‌توانین به‌شداری حكومه‌ته‌كه‌ بكه‌ین، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌ یه‌كگرتویی بڕۆین و هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌شداری بكه‌ن له‌ حكومه‌ت بۆ یه‌كێتی هێزه‌، ئێمه‌ پێمانخۆش نیه‌ به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌شداربن، له‌گه‌ڵ ئه‌و ناكۆكییه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ هه‌ندێك شت دێته‌ پێشه‌وه‌ یه‌كمان ده‌خات له‌ په‌رله‌مان، بۆ نمونه‌ له‌ دواده‌نگداندا له‌سه‌ر یاسای ئاسایشی خۆراك كه‌ موسته‌حه‌قاتی جوتیارانی كوردستانی تیادا نه‌بو هه‌موان هاتینه‌ سه‌ر ده‌نگ هه‌مو فراكسیۆنه‌كان یه‌كده‌نگ بون و خرایه‌ ناو یاساكه‌وه‌ و تێپه‌ڕێنرا و ئێمه‌ قوه‌تین بۆ یه‌كتری".

News Code 42432

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 3 =