رۆژنامەگەری کوردی لە ئێران لە سەرەتاوە تا ئێستا

رۆژنامەگەریی کوردی لە ئێران لە سەردەمی بزاڤی مەشرووتەخوازییەوە دەستی پێ کردووە و تا ئەمڕۆ چەندین قۆناغی تێپەڕاندووە و وەک شارەزایانی ئەم بوارە دەیڵێن هەتا ئێستاش نەگەیشتۆتە ئاستێکی پرۆفێشناڵ.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی، سەرگوڵ ئارەش: رۆژنامەگەری کوردی لە ئێران لە سەردەمی بزاڤی مەشرووتەخوازییەوە دەستی پێ کردووە و تا ئەمڕۆ چەندین قۆناغی تێپەڕاندووە و وەک شارەزایانی ئەم بوارە دەیڵێن هەتا ئێستاش نەگەیشتۆتە ئاستێکی فەننی و پرۆفێشناڵ.

رۆژنامەگەری کوردی لە ئێران لە سەرەتاوە تا ئێستا

زۆر شت لە سەر رۆژنامەگەری کوردی کاریگەری داناوە بۆیە لە هەندێ قۆناغدا گەشەی زۆری بووە و هەندێ جاریش سەرەڕای هەوڵی چالاکانی ئەم بوارە، بە گشتی لە گەشە و بە پرۆفێشناڵ کردن دوور بۆتەوە.

بۆ لێکدانەوەی دۆخی رۆژنامەگەری کوردی لە ئێران و کێشە و ئاستەنگییەکانی وتووێژێکمان لە گەڵ عادڵ محەمەدپوور، رۆژنامەوانی کورد ساز کردووە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە.

۱. رۆژنامەگەری کوردی لە ئێران چۆن دەستی پێکرد و ئێستا لە چ دۆخێکدایە؟

پڕۆسەی ڕۆژنامەنووسیی کوردی لە ئێران دوو قۆناغی ژێرخانی دەگرێتە خۆی: یەکەم قۆناغی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران و دووهەم قۆناغی پاش شۆڕش. قۆناغی پێش شۆڕشی گەلان خۆی هەڵگری دوو قۆناغی مێژووییە: یەکەم سەردەمی شۆڕشی مەشرووتەخوازی ئێران. دووهەم قۆناغی فەزای کراوەی سیاسی و چاپەمەنی پاش خەرمانان(شهریور ١٣٢٠ی کۆچی هەتاوی).

بزاڤی مەشرووتەخوازی لە بار و دۆخی ڕۆژاوای ئێراندا تا ڕادەیەک کاریگەری هەبووە. ڕسکانی کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی زانیاری لە شاری خۆی لەم فەزایەدا بوو. پاش دامەزراندنی ئەم کۆمەڵە، مير عبدالرزاق بەگ بەدرخان بۆ وێنا و ناساندنی بەرنامە و مەنهەجەکانی ئەم کۆمەڵە گۆڤاری کوردستانی بڵاو کردەوە. پاش چوار ساڵ بڵاڤۆکێکیتر هەر بەو ناوەوە لە لایەن موژدەهێنەرانی مەسیحییەوە لە شاری ورمێ بڵاو کرایەوە.

ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی ڕۆژنامەی کورد لە لایەن شيخ محمد قزڵجی بۆ ناساندنی بیر و ڕاکانی ئیسماعیل ئاغای سمکۆ لە هەمان شاری ورمێدا دەرچوو. لە نێوان مەودای دوو دەهەی دواییدا جگە لە یەک دوو بڵاڤۆکی ناوچەیی هیچ چاپەمەنییەکی دیکە چاویان هەڵنەهێناوە یان لانیکەم کەشف نەکراون. پاش دۆخی کراوەی سیاسی و ڕووناکبیری خەرمانانی ١٣٢٠ و کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە سیاسییە؛ چاپەمەنی کوردی گەشەیەکی ڕێژەییتری بە خۆیەوە بینی.

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بە هۆی هەندێ بابەتەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێک باری ئەدەبی-رۆشنبیری-رۆژنامەوانی باش نەبوو، بەم بۆنەوە ڕۆژنامەنووسیمان لە فۆرمی، نهێنی و ژێرزەونیدا خۆی دەبینێتەوە. ئەم دۆخە لە نێوخۆدا ساڵەکانی 65 ی کۆچی دەگۆڕدرێ، مامۆستا هێمن بە دانانی سروە دەلاقەیەکی بۆ ڕاگەیاندنی دەنگە شێعری و ئەدەبییەکان کردەوە کە بڵاڤۆکێکی فەرهەنگی-ئەدەبی ڕووت بوو. گۆڤاری ئاوێنە و حەوتوو نامەی ئاویەر بە پاڵپشتی ماڵی دەوڵەت، بوون بە رایەڵی هەندێ هەناسە و دەنگی ئەدەبیتر.

وەرزنامەی زرێبار وەک یەکەمین ئەزموونی رۆژنامەگەری سەربەخۆ لە دایک بوو و گڕ و تینێکی تایبەتی بەخشیە رۆژنامەگەری کوردی لە ئێران و پەیامێک بوێرانە و بزێوانەی ئاراستەی کۆمەڵگەی کوردەواری کرد، تا ئەو دەمە ئێمە هیچ چاپەمەنییەکی سەربەخۆمان تاقی نەکردبوویەوە. ئەگەرچی کاریگەری سروە و ئاوێنە تەنانەت ئاویەر لە ڕۆژنامەوانی کوردیی ئێراندا ناشاردرێتەوە بەڵام بێگومان جیاکارییەک لە نێوان ئەو چاپەمەنیانە کە بە تێچووی شەخسییەوە دەرئەچوون لە گەڵ ئەوانەی کە دەوڵەتین هەست پێدەکرێت. بۆیە فەزای روژنامەنووسی کوردی بە هاتنی زرێبار سامی دەشکێت و دوابەدوا گۆڤار و حەوتوونامە و شتیتر وەک مەهاباد، ئاشتی و سیروان و رۆژهەڵات و ئاسۆ و ...لە دایک دەبن.

جگە لەمانەش خوێندکارانی کورد لە زانکۆکاندا، چالاکی روژنامەوانی ئەنجام ئەدەن، لە زۆربەی شارەکانی ئێران خوێندکاران بزاڤێکی روژنامەنووسی دەست پێدەکەن، هەر زانکۆیەک بڵاڤۆکێکی تایبەت بە خۆی دەردەکات و بە چییەتی زوانی کوردی دەیڕازێنێتەوە.

۲. ئێوە وەک رۆژنامەوانێک لە گەڵ چ کێشە و ئاستەنگییەکدا رووبەڕوون؟

و: من سەرجەم باری ڕۆژنامەنووسیی کوردی لە ئێران بە گوزارەی پەلەقاژێ بۆ مانەوە ناو دەبەم. کوردستان هەمیشە بە واتا فەننی و پیشەییەکەی، بێ بەری بووە لە سامانێکی توکمەی ڕۆژنامەنووسی. ئەوەش زادەی هۆکارگەلێکی فەننی و نەبوونی دەسمایەی دەسەڵاتی ڕۆژنامەنووسیە کە نەیتوانیوە خاڵە سەرەکیەکانی رۆژنامەوانی دەستەبەر بکات. نەیتوانیوە لەسەر پەیوەستی لۆژیکی رۆژنامەوانی نەتەویی و نێو نەتەوەیی و هەنووکەیی و ڕەهەندەکانی «کومسێونی یونێسکۆ» خۆی وێنا بکات. نەیتوانیوە وەک ڕۆکنی چوارەمی دێموکراسی، پرەنسیپەکانی دۆزی ئەو کومسێونە لە سەر چەمکی ئازادی دەربڕین، فرەدەنگی و پلۆرالیزمی رۆژنامەوانی پیشەیی، دابەشکردنی ئامڕاز و کەرەستە، زەمینەی دادوەرانە بۆ کێبەرکێی سالم و سامان‌مەند دابین بکات. تەنیا لە سووچی ئاسوی یۆتۆپیا دڵخوازەکانی خۆمانەوە بۆی دەڕوانین. باس لەسەر رۆژنامەوانی ئەکتیڤ و چالاک‌ و پڕ وزە و ئازاد، پێوەندی بە ناسینی چەمکی دەسەڵات و دابەشکردنی ئیمکاناتی ڕۆژنامەوانییەوە هەیە کە نیمانە.

۳. وەک رۆژنامەوانێک رەوشی ئێستای روژنامەگەری کوردی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

وەک ئەزموون بۆ زۆربەمان دەرکەوتوە کە ڕۆژنامەنووسی کوردیمان لە بنەڕەتدا لە سەر بنەمای خۆرپە و سۆزی تاکی بووە تا وەکوو داڵغەی فەنی و پیشەیی و بە ئاکادێمیی کردنی بەستێنەکانی. ئەمەش خۆ بە خۆ دوورە لە هەر جۆرە دەرک بە بەرپرسیاریەتیەکی هەنووکەیی. ئەم خەسارە بنەماییە بگرە چەندان لۆمەی لە سەر نەبێت، چوونکە ناوکمان بە دۆخێکی چەقبەستەوە بەستراوەتەوە کە هیچ بڕوایەکی بە باری پیشەیی و پڕۆفیشناڵ کردن و دابین کردن و دابەشکردنی ئیمکاناتی بەڕۆژ نیە، بۆیە چاوەڕوانی بۆ گەشە و نەشەکردن، عەبەس و ناکارا دێتە بەرچاو. لە سەر نەبوونی ئەم پرەنسیپانە ناتوانین قەیرانەکان و کێشەکان تێپەڕێنین؛ بەم بۆنەوە ڕۆژنامە و ڕۆژنامەوانی و ڕۆژنامەوان یەک لە دوای یەک تووشی هەرەس و داڕمانی ڕۆحی و مادی دەبن و کەسیش لەم دۆخە بەرپرسیار نیە. هیوادارم کات بتوانێت ئەم دۆخە نەخوازراوە تێپەڕێنێت.

۴. رێگا چارەی گەشەی رۆژنامەگەری کوردی چییە؟ و چۆن دەکرێ کەلێنەکانی پڕ بکرێنەوە؟

بۆ بەرەو ڕووبوونەوە لە گەڵ ئەم دیاردانە و پڕکردنەوەی کەلێنەکان و پاراستنی خاڵە یاساییەکان و مافی ڕۆژنامەوانان، دەبێ ڕێکخراوەیەکی سێنفی و پیشەیی دابنرێت کە بتوانێ لە چوارچێوە و ڕێکارە یاساییەکاندا، چارەسەریی قەیران بدۆزێتەوە و لە بێ چارەنووسی دەربازمان بکات.

News Code 41870

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 2 =