AP ١٤٠٠ خەرمانان ٦ ٢٠:٠١

کازمی:

عێراق دژی کەڵک وەرگرتن لە خاکی ئەم وڵاتە بۆ شەڕە ناوچەییەکانە

عێراق دژی کەڵک وەرگرتن لە خاکی ئەم وڵاتە بۆ شەڕە ناوچەییەکانە

کۆبوونەوەی بەغدا کە بە مەبەستی کەم کردنەوەی کێشەی ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا بەڕێوە دەچێت، بە پێشکەش کردنی وتەدانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی پێ کرد.

بە پێی هەواڵی مێهر، مستەفا کازمی لەم کۆبوونەوەدا وتی: عێراق دژی کەڵک وەرگرتن لە خاکی ئەم وڵاتە بۆ شەڕە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکانە.

ئەو وتیشی: کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ سەرمایەدانان لە عێراق جیدییە. عێراق لە هەموو بوارەکان تووشی قەیران بووە. ئەم کۆبوونەوەیە نیشاندەری پێویستی پێوەندی عێراق لە گەڵ جیهانە.

کازمی ڕاشیگەیاند: ئایەتوڵا سیستانی هەڵوێستی گرینگی لە بواری پاراستنی عێراق هەیە. دیداری ئایەتوڵا سیستانی لە گەڵ پاپ فرانسیس خاڵی وەرچەرخانێک لە بواری ئاشتی و برایەتی بوو.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوونی کردەوە: میلەتی عێراق داعشی بەزاند و ئەم سەرکەوتنە بە یارمەتی دراوسێیەکان و هاوپەیمانی نێونەتەوەیی هاتە دی. ئێمە لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی داوا دەکەین لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق پشتیوانی بکەن.

ئەحمەد ئەبووغەیت: عێراق شەڕێکی قورسی دژی تیرۆریزم بەرێوە برد تووشی خەساری زۆر بوو

ئەحمەد ئەبووغەیت سکرتێری گشتیی یەکێتی عەرەب وتی: پشتیوانی لە عێراق ئەرکی ئێمەیە. عێراق بەدوای پێک هێنانی پێوەندی نوێ لە گەڵ وڵاتانی ناوچەیە.

ئەو وتیشی: ئێمە دەمانەوێ عێراق ببێتە پردی پێوەندی نەک گۆڕەپانێک بۆ شەڕ.

چاووش ئوغلوو: گەشەی ئابووری بە بێ بوونی ئاسایش مومکین نییە

مەولوود چاووش ئەغلوو وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: جێگیربوونی دۆخی عێراق بە واتای جێگیر بوونی دۆخی ناوچەیە. گەشەی ئابووری بە بێ ئاسایش مومکین نابێت. تیرۆریزم گەورەترین هەڕەشە بۆ ناوچەی ئێمەیە.

ئەو وتیشی: ئێمە درێژە بە پشتیوانی لە عێراق ئەدەین بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکانی ئەم وڵاتە گەشە بکەن. بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک لە گەڵ عێراق بۆ بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ تیرۆریزم ئامادەین.

فەیسەڵ بن فەرحان: هەوڵی خۆمان بۆ سەقامگرتوویی عێراق درێژە ئەدەین

وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سەعوودی لەم کۆبوونەوەدا وتی: ئەم کۆبوونەوە لە کاتێکدا کە پێویستمان بە هاواهەنگییە، بەڕێوە دەچێت. ئێمە داکۆکی دەکەینە سەر پشتیوانی لە عێراق.

سەرۆک وەزیرانی کوەیت: کۆڕبەندی بەغدا لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوە دەچێت

سەباح ئەلخالید ئەلئەحمەد سەباح سەرۆک وەزیرانی کوەیت وتی: تا کاتێ کە عێراق لە ئاسایش و هێمنایەتیدا نەبێت، ئەم ناوچە ئاسایشی نابێت.

ئەو وێڕای داکۆکی لە سەر پشتیوانی لە عێراق، وتیشی: کۆڕبەندی بەغدا لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوە دەچێت. دەبێ لەم دەرفەتە بۆ ئاسایش و سەقامگرتوویی لە ناوچە کەڵک وەربگرین.

عەبدولفەتاح سیسی: عێراق بە لێهاتوویی توانی بە سەر تیرۆریزمدا زاڵ بێت

سەرۆک کۆماری میسریش وتی: ئێمە بە مەبەستی پێک هێنانی ناوچەیەکی سەقامگیر و خاوەن ئاسایش دەمانەوێ قۆناغێکی نوێی هاوکاری لە گەڵ عێراق دەست پێ بکەین.

ئەو وتیشی: میسر هەروەها دەیەوێ لە گەڵ هەموو وڵاتانی ناوچە پێوەندی پتەوی هەبێت. تەوەری سێ قۆڵی عێراق، میسر و ئوردون بەستێنێکی گرینگ بۆ گەشەی هاوکارییە ناوچەییەکانە.

ناوبراو وێڕای ئاماژە بە بەرەنگاری عێراق لە گەڵ تیرۆریزم، ڕوونی کردەوە: هەر جۆرە دەستێوەردانی بیانییەکان لە عێراق ئیدانە دەکەین. لە هەموو لایەنەکان داوا دەکەم ڕێز لە سەروەری عێراق بگرن.

ئەمیری قەتەر: عێراق ڕۆڵی گرینگی لە دابین کردنی ئاسایش لە ناوچە هەیە

تەمیم بن حەمد ئال سانی ئەمیری قەتەر وتی: ئێمە لە یەکگرتوویی و دەسەڵاتی عێراق پشتیوانی دەکەین. عێراق ڕۆڵی گرینگی لە دابین کردنی ئاسایش لە ناوچە هەیە و دەوڵەتی قەتەر هەموو هەوڵی خۆی بۆ پشتیوانی لە بەغدا ئەدات.

پادشای ئوردون: ئاسایش و سەقامگرتوویی عێراق، ئاسایش و سەقامگرتوویی هەموومانە

عەبدوڵای دووهەم پادشای ئوردون وتی: پشتیوانی لە عێراق لە یەکەمەکانی ئێمەیە. دەبێ ڕێگای پێک هاتنی هاواهەنگی ئابووری و پیشەیی هاوبەش بکرێتەوە.

ماکرۆن: فەڕانسە پێبەندی پشتیوانی لە عێراقە

ئیمانوێل ماکرۆن وتی: کۆنفڕانسی بەغدا نیشاندەری ئاشتی لە ناوچەیە. خەڵکی عێراق بە هۆی شەڕەوە ستەمی زۆریان بینیوە و ئێستا ئەم وڵاتە بەرەو گەشە و سەقامگرتوویی دەڕوات. ئێمە بۆ بەهێز کردنی سەروەری عێراق لێرەین.

ئەو وتیشی: عێراقییەکان بە بوێرییەوە لە شەڕ دژی داعش بەشداریان کرد. هەڵبژاردنەکانی داهاتوو قۆناغێکی نوێیە. یەکێتی ئەورووپا چاودێرانی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەر دەنێرێت. فەڕەنسە پرۆژەی جۆراوجۆری لە عێراق هەیە.

ماکرۆن ڕاشیگەیاند: دەبێ لە وڵاتانی ناوچە لە بوارە جۆراوجۆرەکان پشتیوانی بکرێت. فەڕەنسە ئەرکی خۆی دەزانێت لەو وڵاتانەی بەرەنگاری تیرۆریزم دەبنەوە، پشتیوانی بکات.

News ID 38868

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha