بیژەن زوڵفەقارنەسەب لە یاریزانیی تۆپی پێ تا ڕاهێنەریی و خێرخوازیی

دوکتۆر بیژەن زولفەقار نەسەب دەڵێت: "ماوەیەکی زۆر لە تەمەنم لە تاران و ئەورووپا تێپەڕی بەڵام هەمیشە ئارەزووی ئەوەم هەبوو کە لە کوردستان خزمەتی گەنجانی کورد بکەم."

ئاژانسی هەواڵی مێهر- بەشی وەرزش: دکتۆر بیژەن زوڵفەقار نەسەب ڕاهێنەر و یاریزانی کورد لەدایک بووی ١٦ ی پووشپەڕی ١٣٢٨ لە سنەیە و ساڵانێکی زۆر  وەکوو ڕاهێنەر لە ئاستی تەمەنی جیاواز خزمەتی تۆپی پێی ئێرانی کردووە.

ناوبراو سەرەتا لە ساڵی ١٣٤٩ لە یانەی ئەفسەر یاریی کرد و دوای ئەوە چووە یانەی پاسی تاران ودواتر لە ساڵی ١٣٥٤ چووە یانەی خۆشەویستی خۆی واتا پێرسپۆلیسی تاران. هەر لە ئەو یانەیە بوو کە توانی کاپی تەختی جەمشید بەرز بکاتەوە.دکتۆر زوڵفەقار نەسەب لە نێوان ساڵەکانی ١٣٥٥-١٣٥٦ بۆ هەڵبژاردە نەتەوەیی ئێرانیش یاریی کرد.

وەک خۆی دەڵێت هۆی شانازیمە کە لە سنە جیرانی دیوار بە دیواری بنەماڵەی کامکارەکان بووین. بنەماڵەکان لە سنە تا ڕادەیەک لێک نزیکن کە دەڵێی خزمن، بگرە نزیکتریش. زوڵفەقار نەسەب دەڵێت هەر لە منداڵیەوە لەگەڵ برایانی کامکار گەورە بووم بەڵام کە گەورە بووین ڕێگامان لێک جودا بووەوە، ئەوان بەدوای هونەردا ڕۆشتن و منیش بەدوای ڕێگای براگەورەکەم کاک ئێقباڵی زوڵفەقار نەسەب کە وەرزشوان و پاڵەوانی زۆران بوو، ڕۆشتم. چوومە تاران و هەر لەوێ ئەو حەز و تواناییەی کە بۆ وەرزش هەمبوو گەشەی کرد.

ئەو کەسایەتییە پایەبەرزە وەرزشییە لە ساڵی ١٣٤٧ دەچێتە زانکۆی باڵای ئەو کات و لەوێ مۆڵەتی کارناسی وەرزش وەربگرێت. هاوکات لەگەڵ خوێندن لە زانکۆ چالاکیی لە بواری وەرزشیش درێژە دەدات و هەر لەوێوە قۆناغ بەقۆناغ دەگاتە یارییەکانی خولی نایابی ئێران.

دوای سێ ساڵ چالاکی وەرزشی، دەبێتە ئەندامی یانەی تۆپی پێی پاسی تاران و ٢ ساڵ لەوێ یاری دەکات و دواتە دەچێتە یانەی پێرسپۆلیسی تاران و ٦ ساڵیش لەوێ یاری دەکات.

لە ساڵی ١٣٥٣ بانگهێشتی هەڵبژاردەی نەتەوەیی دەکرێت و تا ساڵی ١٣٥٦ لە هەڵبژاردەی نەتەوەیی یاری دەکات و هەر لە ئەو ساڵە لەگەڵ هەڵبژاردەی نەتەوەیی دەبێتە پاڵەوانی نەتەوەکانی ئاسیا.

ئەو مامۆستا کوردە دەڵێت کە جێگای شانازیمە کە وەکوو کوردێک لە بواری وەرزشی ئێران چالاکی دەکەم و هەم هەڵسوکەوتێکی باشم هەبووە و هەم لە بواری زانستیش توانیومە سەرکەوتوو بم.

زوڵفەقارنەسەب لە ساڵی ١٣٥٢ کاتێک کە خوێندنی لە زانکۆ تەواو دەکات دەچێتە سەربازی و دواتر وەکوو مامۆستا لە زانکۆی وەرزشی تاران وانە دەڵێتەوە. دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش لە ساڵی ٥٨ دەچێتە ئەورووپا و لە زانکۆی بروکسێل لە وڵاتی بەلژیکا، مۆڵەتی دکتۆرای وەرزش وەردەگرێت.

ئەو کەسایەتییە جێی شانازییە بۆ کوردەکان و بەتایبەتی سنەییەکان دەڵێت ڕاستە کە ماوەیەکی زۆر لە تەمەنم لە تاران و ئەورووپا تێپەڕی بەڵام هەمیشە ئارەزووی ئەوەم هەبوو کە لە کوردستان خزمەتی گەنجانی کورد بکەم. هەر بۆیە لە شاری سنە ئاکادیمیای تۆپی پێی و قوتابخانەی وەرزشم کردووەتەوە بە هیوای ئەوەی کە وەرزش بە گشتی و تۆپی پێ بەتایبەتی لە کوردستان بە شێوەی زانستی پەرە بستێنێت.

بیژەن زوڵفەقار نەسەب هەروەها دامەزراوەیەکی خێرخوازیی لە ژێر ناوی"بنیاتی پاڵپشتی لە نابینایان و کەم بینایان"ی شاری سنە کردووەتەوە. وەک خۆی دەڵێت ئەو کەسانە کە ژمارەشیان کەم نییە جگە لە ڕێخکراوی بێهزیستی نەبێت لەلایەن هیچ ڕێکخراوێکەوە پشتیوانی ناکرێن، هەر بۆیە بە دامەزراندنی ئەو بنیاتە لەگەل بنەماڵەکەم دەمانەوێت خزمەتی ئەو ئازیزانە بکەین و لە ئەو ڕێکخراوە وانەی قورئان، کۆمپیۆتەر، زمانە بیانییەکان و وەرزشمان ڕێکخستووە.

شیاوی ئاماژەیە ساڵی رابردوو لە کۆنگرەی ناودارانی کورد لە سنە وەک یەکێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی کورد ڕێزی لێگیرا.

News Code 34936

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 15 =