ئازادی ڕادەربڕین بەمانای سووکایەتی نییە

"سنووری ئازادی ڕادەربڕین، تا ئاستێکە کە ئیهانە و سووکایەتی بە کەسی دیکە و بە مرۆڤی دیکە نەبێت."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، سوهەیب عەلی: بۆ ئەوەی زۆر بابەتەکە درێژ نەکەمەوە سەرەتا ئەم شێعرەی حەزرەتی سەعدی ئەنووسمەوە کە پڕ بە پێستی زمانی ئێمەیە دەرحەق ڕەسوولی ئەمین (د.خ)

هزار جامه معنی که من براندازم

به قامتی که تو داری قصیر می‌آید

دواتر ئەمەوێ زۆر بە خێرایی سەردێڕەکان بنووسم و شتی دیکە نەڵێم :

یەکەم: ئیهانەت بە پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دڵی هەموو موسڵمانێ دێنێتە ئێش و لە ڕاستیدا ئیهانەتە بە تێکڕای موسڵمانان . ئێمە ئیهانەت بە پێغەمبەر (د.خ)بە کوفر ئەزانین و مەحکوومی دەکەین.

دووهەم : پێغەمبەری ئیسلام [ئەو کەسەی کە ئیهانەتی پێ کراوە و پێیشی ئەکرێ] شوێنکەوتووانی وا فێر کردووە کە ئیهانەت بە کەس نەکەن و تیرۆری کەسایەتییەکان نەکەن و بە تایبەتی تر ڕێز لە گەورەی هەر قەوم و ئایینێ بگرن.

سێهەم : ئیهانەت بە کەسایەتی پێغەمبەر (د.خ) هیچ لە گەورەیی پێغەمبەر کەم ناکاتەوە . ( و رفعنا لک ذکرک)

چوارەم: دیفاع لە پێغەمبەر (د.خ) ئەبێ پێغەمبەرانە بێت و نابێ ئێمە وا لێ بکات لە ڕەفتاری خۆش و کرداری نەرم و نیانانەی پێغەمبەر (د.خ) بترازین بۆ شەڕ و ئاژاوە و بە گشتی توندوتیژی .

پێنجەم : ئازادی ڕادەربڕین وەک چۆن ئەبێ بۆ موسڵمانان ڕەوابێ، بە هەمان شێوە چین و توێژەکانی دیکە داوای هەمان ماف و حەق دەکەن و ئەیانەوێ ئازادبن لە دەربڕینی ڕا و بۆچوونی خۆیاندا . ئێمە ئەبێ چ لە ئاستێکی گەورەدا و چ لە ئاستی بچووکدا ئەو مافە بدەین بە بەرانبەرەکەمان. وەک چۆن ئەبێ بەرانبەر ئەو مافە بدا بە ئێمە .

شەشەم : سنووری ئازادی ڕادەربڕین، تا ئاستێکە کە ئیهانەت بە کەسی دیکە و بە مرۆڤی دیکە نەبێ. ئەمە چ کابرایەیکی فەڕانسەوی ــ کە باوڕی بە ئیسلام نییە ــ بیشکێنێ، هەڵەیە و تاوانە. چ موسڵمانێک بیشکێنێ هەڵەیە و تاوانە.

بەداخۆ هەندێ لایەن کە دەکرێ پێیان بوترێت بەکارهێنەرانی ئیسلامی سیاسی ــ بۆ بەرژەوەندی خۆی ــ زۆر سنوورەکان بە ناوی دینەوە ئەشکێنێ و ئیهانەت بە زۆر کەس دەکات و بڕێ لە خوێندنەوەی هەڵەی ناموسڵمانان بۆ ئیسلام و بۆ پێغەمبەر (د.خ) لەم هەڵانەی ئیسلامی توندڕەو و ئیسلامی شەڕاویەوە سەرچاوەی گرتووە.

وەک چۆن یەهوود و مەسیح و زۆرێ تر لە شوێنکەوتەی ئایین و مەزهەبەکانی دیکە تووشی ئەم ئاڵۆزییە ئەبن و سنوورەکانی ئازادی ڕادەربڕین و ڕێزی بەرانبەر ئەشکێنن.

حەوتەم: کۆتا خاڵ ئەوەی کە ئەبێ چەمک و مەفاهیمی نوێ ڕوون بکرێنەوە و واتا و مەعنایان لێک جیا بکرێتەوە تاکو هەم موسڵمان تێکەڵیان نەکات و هەم غەیرە موسڵمان.

ئەمە بیانوویەکی باشە بۆ ئەوەی ئێمەی موسڵمان لە ناو خۆماندا قەدری یەکتر بزانین و ڕێز بۆ ڕای جیاواز و بۆچوونی دەروون دینی جیاواز دابنین. ئێمەی موسڵمان زۆرجار خۆمان ئیهانەت ئەکەین بە خۆمان. ڕێز لە بەرانبەرەکەمان ناگرین و جیاوازییەکی فقهی ، ئیجتهادی و … دەکەینە بیانوو بۆ ئەوەی بەرانبەرەکەمان سەرکوت بکەین. ئەبێ بزانین وەک چۆن ئیهانەت بە پێغەمبەر (د.خ)ئیهانەتە به موسڵمانان، بە هەمان شێوە ئیهانەت بە موسڵمانان، ئیهانەتە بە پێغەمبەر (د.خ) کەوایە تێگەشتن لە واتای ئازادی ڕادەربڕین، ڕێز لە بەرانبەرگرتن، ڕێز لە یەکترگرتن، دڵی قەوم و میللەتێک نەیەشاندن و … نابێ فەقەت بۆ دوژمنانی ئێمە بێ و بڵێین ئەبێ فەقەت ئەوان وابن و ڕێز لە ئێمەی موسڵمان بگرن و … بەڵکە ئەبێ ئێمەش هەنگاوی بۆ هەڵبنێین و لە ناو خۆشماندا پێڕەوی بکەین .

News Code 34580

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 1 =