هیوای ژیان و ترسی مەرگ/کۆرۆنا تارای ڕەشی بە سەر کوردستاندا کێشاوە

تا ئێستا لە کوردستان ٣٣٤ کەس بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لە دەست داوە و ٤٠٤ نەخۆشی دیکەش لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون.

ئاژانسی هەواڵی مێهر،بەشی کۆمەڵایەتی- سەرگوڵ ئارەش: کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو بوو کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو جیهان و هەروەها وڵاتی ئێمەشی داگرت و گۆڕانێکی قووڵی بە سەر ژیانی خەڵکدا هێنا و بە گوێرەی هەموو نیشانەکان گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو و ژیانی ئاسایی زۆر ئەستەم و نامومکین دیارە.

ئەم ڤایرۆسە بچووکە هەموو جیهانی تێک دا و ژیانی خەڵکی هەموو وڵاتانی جیهانی بەتەواوەتی گۆڕی. دانانی دەمامک، ڕەچاو کردنی مەودای کۆمەڵایەتی و دووری گرتن لە یەکتری، کەرەنتینە، لە ماڵ دانیشتن و دەست شۆشتنی پەیتا پەیتا... هەندێ لەو گۆڕانانەن کە بە ناچار لە ژیانی خەڵکدا بەدی هاتن.

 جگە لەمانە ئەم ڤایرۆسە زۆر خەساری بەدواوە بوو بە تایبەت لە باری ئابووری و بێکار بوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک کە بووە هۆی ئەوەی زۆر کەس بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانیان تووشی کێشە بن.

زۆر کەس بە هۆی لەدەست دانی کارەکانیان کەوتنە دۆخێکی خراپەوە و بۆ بژێوی ژیانیان تووشی کێشە بوون بەڵام هەر وەک هەمیشە یارمەتی دەوڵەت بۆ خەڵکانی کەم داهات و چینی هەژاری کۆمەڵگا دیسانەوە تا رادەیەک هیوای خستە دڵی هەژاران و ئیزنی نەدا ئەم چینە جگە لە خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە، نیگەرانی زیاتریان بۆ ساز نەبێت.

ئەم یارمەتییانە لە لایەن ناوەند و ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، خێرۆمەندان و هەندێ لایەنی سەربازی وڵاتەوە گەیشتە دەستی خەڵک بەڵام ئەوەی کە وەکوو پاکەیجی بژیوی ژیان لە لایەن دەوڵەتەوە بە بنەماڵە نەدارەکان درا، زۆر یارمەتیدەری ئەم چینە بوو.

تۆمارکردنی ٣٣٤ حاڵەتی گیان لە دەست دان لە کوردستان

کوردستان یەکێک لەو پارێزگایانەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا زۆر باس لە دۆخی نالەباری دەکرێت و کەوتۆتە دۆخی سوورەوە. لەم پارێزگایە تا ئێستا ٣٣٤ کەس بەهۆی تووشبوون بەم نەخۆشییە، گیانیان لە دەست داوە و ئێستاش ٤٠٤ کەسیتر لە نەخۆشخانەکانی ئەم پارێزگایە خەوێندراون و ٦٨ کەسیش لە بەشی چاودێرییە تایبەتییەکان(‌ICU) دان.

شاری سنە بە تۆمارکردنی ١٧٠ حاڵەت، زۆرترین و دێولان بە ٨ حاڵەت کەمترین ژمارەی گیان لە دەستداویان لەم پارێزگایە تۆمار کردووە.

ئەم پارێزگایە لە سەرەتای خاکەلێوە و گوڵاندا بۆ ماوەیەک بەڕووی موسافیراندا داخرا و هەندێ لە کار و چالاکییەکان سنووردار کرانەوە و سەرەڕای هۆشدارەکان، خەڵک ڕێنماییە تەندوستییەکانیان لە بەرچاو نەدەگرت و بە وتەی سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان ئەمانە بوو بەهۆی ئەوەی کە ئەم پارێزگایە بکەوێتە دۆخی سوور و ژمارەی تووشبووان و حاڵەتەکانی گیان لەدەست دان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد.

بەشێوەیەک کە ڕاگەیندرا مانگی پووشپەڕ دەبێتە مانگی تازیەباریی خەڵکی پارێزگا و ئەم وتەیە خەڵکی بە ئاگا هێنایەوە و بووە هۆی گۆڕانێکری لە خۆپاراستنەکانیان.

ئێستا ٩٠ لە سەدی خەڵک ڕێنماییە تەندروستییەکان لە بەرچاو دەگرن

ئێستا ماوەیەکە ئەم پارێزگایە لە دۆخی سوور دایە و هەوڵی زۆر دراوە بۆ ئەوەی کە خەڵک ئاگادار بکرێنەوە و گوێڕایەڵی هۆشدارەکان بن و ئەو هەوڵانەش سەرکەوتوو بووە.

مەنسوور مەولانایی جێگری سەرۆکی بنکەی بەڕێوەبەرایەتی قەیرانی شاری سنە، ڕایگەیاند: لە پشکنینێک کە ئەم ڕۆژانەی دوایی لە نێوان خەڵک و بازاڕی سنە کرا، بۆمان دەرکەوت کە ٩٠ لە سەدی خەڵکی ئەم شارە خاڵە تەندروستییەکان لە بەرچاو دەگرن و لە گرینگایەتی ئەو خاڵانە و پێویست بوونی بەرگری لە تووشبوون بەم ڤایرۆسە تێگەیشتوون.

سەرەڕای لەبەرچاوگرتنی خاڵەکان لە لایەن خەڵکەوە، هێشتا پارێزگای کوردستان بە گشتی و شاری سنە بەتایبەت ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر تووشبوو و مەرگ بە هۆی کۆرۆنای هەیە و ڕێژەکە لە بەرز بوونەوە دایە و هەموو نەخۆشخانەکان پڕن و ناچارن نەخۆشی کۆرۆنا وەرگرن.

بەرزبوونەوەی ئەم ڕێژەیە بووە هۆی ئەوەی کە دیسانەوە بە مەبەستی پاراستنی گیانی خەڵک هەندێ کار و چالاکی وەکوو ڕستوورانەکان، فێرگەکان، چایخانەکان، دەلاکییەکان و ... لە شاری سنە سنووردار بکرێتەوە و کەڵک وەرگرتن لە دەمامک لە هەموو شوێنەکان بووەتە یاسا و دەبێ ڕچاو بکرێت و ئەم کارە تایبەتانە لە ١٥ی پووشپەڕ تا ٣٠ پووشپەڕ جێبەجێ دەکرێت.

حەوتەی داهاتوو کۆرۆنا لە کوردستان کەم دەبێتەوە

جێگری کاروباری تەندروستی زانکۆی زانستە پزشکییەکانی کوردستان لەم بارەوە وتی: پێنج مانگ لە تێپەڕبوونی تەشەنە سەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان تێدەپەڕێت و ڕێژەی تووشبوون لەم پاریزگایە لە بەرزبوونەوە دایە و هێشتا دۆخەکە مەترسیدارە.

ئیبراهیم قادری بە ئاماژە بەوەی کە پێشبینی دەکرێت لەم حەوتەیەدا ڕێژەی مەرگ و تووشبوون لە کوردستان کەم بێتەوە، ڕایگەیاند: کەم بوونەوەی حاڵەتەکانی گیان لە دەست‌دان بە واتای کۆتایی هاتنی کۆرۆنا نییە و خەڵک دەبێ ئاگاداری ئەوە بن کە ئەم کەم بوونەوە کاتییە و خاڵە تەندروستییەکان دەبێ لەبەرچاو بگیردرێت و ئەگەر ڕەچاو نەکرێت، پاش شەش تا هەشت حەوتەی تر دەبێ دیسانەوە بەرز بوونەوەی ئامارەکان ببینین.

کۆرۆنا کێشەیەکی جیهانییە

وەک ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی ئاماژەی پێ دەکات و وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان دانی پێدا دەنێن، هێشتا زۆر شت لە سەر ئەم ڤایرۆسە نادیارە و بۆ پزیشکان ڕوون نەبۆتەوە و ئاگاداربوون لەم دۆخە ئەوە دەسەلمێنێت کە دەبێ ڕێنماییە تەندروستییەکان لە بەرچاو بگیردرێن گەرچی لە وڵاتی ئێران بە هەوڵی هەموو لایەنە پێوەندیدارەکان و سنووردارکردنەوەی چالاکییەکان و داخستنی هەندێ لە کار و پیشەکان، چاودێری باش لە نەخۆشخانەکان، یارمەتی دانی خەڵک و ... لە لایەن دەوڵەتەوە لە بەرگری کردندا سەرکەوتوو بوو و خەڵکیش بە دیتنی دۆخی نالەبار و تێگەیشتن لە ئازارەکانی تووشبوون بەم ڤایرۆسە، ڕێنماییەکانیان لەبەرچاو گرتووە بەڵام ئەوەی دیارە ئەمەیە کە هەموو جیهان تەنانەت پێشکەوتووترین وڵاتانیش گیرۆدەی ئەم ڤایرۆسە بوون و هەمووان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر تێدەکۆشن بەڵام وێدەچێ ئێستا تەنیا چارەسەر خۆپارێزی و دیسانەوە گرینگی دان بە خاڵە تەندروستییەکان بێت.

News Code 33163

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 1 =