ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- نیشتمان محەمەد عەلی: ئەگەرچی سەرەتای ناوهێنانی محەمەد تۆفێق عەلاوی وەک کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق، کورد پشتگیری کرد، بەڵام لە کۆتاییدا حزبە کوردییەکان و بە تایبەتی پارتی و یەکێتی دژی وەستان و شکستیان پێهێنا.
محەمەد تۆفێق عەلاوی دوای راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەوڵەتی عێراق لە لایەن بەرهەم ساڵحەوە، سێ مەرجی سەرەکی راگەیاند کە بووە هۆی ئەوەی هەندێ لایەن پشتی بگرن و دوو ڕەوتی کورد و سوننە و چەند لایەنێکی شیعەی عێراقیش دژایەتی بکەن.
عەلاوی هەر لە سەرەتاوە وتی: من سێ خاڵی سەرەکیم وەک پلانی سەرەتایی داڕشتووە، یەکەم ؛دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمان و بەرەوڕووبوونەوەی گەندەڵی و دادگایی کردنی بكوژی خۆپیشاندەران و قبووڵ نەکردنی کاندیدی حزبی بۆ پۆستە وەزارییەکان.
بڕیاری سێهەمی عەلاوی کە ڕێگری دەکرد لە بوونی وەزیری حزبی لە ناو کابینەی دەوڵەتی عێراق، هەمان چەقۆ بوو کە پارتی و یەکێتی و دیکەی حزبە کوردییەکان و سوننەکانی عێراق، بە مەترسییان زانی و شادەماری حکوومەتی عێراقیان پێبڕی تاکوو عێراق هەر ناسەقامگیر و پڕ لە ئاژاوە بێت و ئەمان حوکمی خۆیان بە سەر خەڵکی بێ دەرەتان و ماندوو لە ئاژاوەدا بڕانن.
گوشاری بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی عێراق لەوانە کورد و سوننە و چەند ڕەوتی شیعی وای کرد کە عەلاوی واز لە پۆستی سەرۆک وەزیرانیی عێراق بێنێت و دووبارە ئەو وڵاتە بگەڕێتەوە بۆ دێڕی یەکەمی ئاژاوە و قەیران و بێ دەوڵەت بمێنێتەوە.
یەکەم جار پارتی و یەکێتی و خودی مەسعوود بارزانی بەم بڕیارەی عەلاوی قەڵس بوون و دەستیان کرد بە ژەهراوی کردنی کەشی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق . پارتی و یەکێتی هەوڵیان دا پارتەکانی گرووپی ۱۵ ڕابکێشن و هەڵوێستیان بگۆڕن بۆ ئەوەی دەنگ بە کابینەکەی عەلاوی نەدەن.
پارتی و یەکێتی و بە تایبەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، ئەو بڕیارەی عەلاویان وەک پێشێل کردنی مافی کورد لە عێراق و مەترسی لە سەر بەرژەوەندیییەکانی هەرێمی کوردستان نیشانی خەڵک دا و بە پێچەوانە کردنەوەی ڕاستییەکان، هەوڵیان دا کە هەڵوێستی ڕەوتە کوردییەکان یەکبخەن تاکوو عەلاوی ببەزێت. چونکوو عەلاوی لە راستیدا هیچ حیسابێکی بۆ حزب و سەرکردەکانی ئەو حزبانە نەکردبوو!
ئەمە لە حاڵێکدایە کە گرووپی ۱۵ کۆبوونەوەیان لە گەڵ عەلاوی کردبوو و عەلاوی بەڵێنی پێیان دابوو کە لە ساڵی داهاتوودا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی دەنێرێت و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە و پارەی جووتیاران بە قەرزی سالانی رابردووشەوە خەرج دەکات و بە گوێرەی یاسای عێراق پشتگیری جێبەجێ کردنی مادەی ۱۴۰ و ناوچە کێشەلەسەرەکان و هەروەها ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان دەکات و هیچ مافێکی هەرێمی کوردستان مەترسی لە سەر نابێت. وەزیریش بۆ کورد زیاد دەکات!
بەڵام سەرکردە کوردەکان هەموو ئەم بەرژەوەندیانەیان خستە ژێر پێ، چوونکوو دەبوایە ڕازی بن بەوەی ناتوانن وەزیری حزبی بنێرنە ناو کابینەی دەوڵەتی عێراق تاکوو هەموو کارەکانیان بۆ پاساو بدات.
ئاشکرایە لە کەشێکدا کە یاسا سەروەر بێت و هەموو کارێک لە ژێر چاودێریدا بێت و شەفافیەت ببێتە پێوەری قبووڵ بوونی هەموو کارێک، ئیدی پشک پشکێنە وحزب حزبێنە جێگای نییە و ئەوانەش کە دەترسن لە ئاشکرا بوونی گەندەڵیەکان و شەفاف بوونەوەی دۆسیەکانی نەوت و سنوور و بودجە و مووچە، هەست بە مەترسی دەکەن و بەرژەوەندی حزب فەرز دەکەن بە سەر بەرژەوەندی کۆمەڵگادا ؛ بۆیە تەنیا لەبەر مانەوەی خۆیان و نەپچڕانی ئەو پارە زۆرەی لە بەردەستیان دایە پیلانێک دەڕەخسێنن و بەرژەوەندی خەڵک پشت گوێ دەخەن.
هەندێ لە چاودێرانی سیاسی دەڵێن دەسەڵاتداران و بڕیاردەرانی هەرێمی کوردستان دەترسن لەوەی دەوڵەتێکی دادپەروەر و دژی گەندەڵی لە عێراق بێتە سەر کار، چونکوو لەو کاتەدا دەبێ ئەمانیش بە شەفافی داهاتی نەوت،پارەی شیرینی ڕێککەوتنە نەوتییەکان، چۆنیەتی خەرج کردنی بودجە ، هۆکاری کەموکۆری مووچە ، ژمارەی مووچەی بندیوار ، بودجەی حزبە سیاسییەکان، داهاتی سنوورەکان و زۆر شتی تریش ڕوون بکەنەوە و لەو کاتەدایە کە هەیکەلی کارتۆنی زۆر کەسی بە ناو سەرکردەی کورد بە دەرکەوتنی گەندەڵییەکان، دەڕووخێت و لای خەڵک و لە بەردەم مێژوودا حەیای دەچێت.
بۆچوونی ئێوە