وەرگێڕان یان بە فارسی ئاخاوتنی کوردی/ پێگەی ئەدەبیاتی کوردی لە جیهان

وەرگێڕی ناسراوەی کورد لە سەر ئەو بڕوایەیە کە وەرگێران لە کوردییەوە هەلێکی بۆ ناسیاوی و پێشوازیی بەربڵاوی خوێنەران و ڕەخنەگرانی فارس لە ئەدەبیاتی کوردی ڕەخساندووە و بۆتە مایەی دەستەبەربوونی پێگەیەکی هەر چەند چکۆلە بۆ ئەدەبیاتی کورد لەپاڵ ئەدەبیاتی جیهانی‌.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی کوردی- ئەمجەد غوڵامی: زیاتر لە دوو دەیەیە چالاکانە شاکارگەلی ئەدەبی کوردی وەردەگێڕێتە سەر زمانی فارسی و پەرەی داوە بە بازنەی ناوی وێژەرانی کورد لە جوگرافیای هزر و بیری فارسی. بە ناوە قەبەکانی وەک شێرکۆ و ڕەفیق سابیرەوە دەستی پێ کرد و ئێستا شارەزایانە سەری کردووە بە نێو جیهانی بەرە نوێیەکان و ناوە کەمتر ناسراوەکانی وەک جەماڵ جەبار غەریب و عەتا محەمەد و ... و وەک خۆی دەڵێ لەم رێگە پڕ هەوراز و نشێوەدا ئارەزووی گواستنەوەی جوانییەکانی ناو ئەدەبی کوردی سەرەکی‌ترین مژاری وەرگێرانی بووە و هەر بۆیە ناو بە ناو  و بە پێی مشوور و سەلیقە و ویستی خۆی و بە بایەخدان بە پێگە و جێگەی دەقەکان هەنگاوی بەرزتر دەهاوێژێ و هەردەم چاوی لە دواوەیە و هەوڵ دەدا لە ڕەخنە و بۆچوونەکان بەهرە ببات بۆ باشتر بوون و باشتر وەرگێڕان و دەشڵێ: من خۆم زیاتر لە هەمووکەس ڕەخنەم لە کاری خۆم هەیە و هەمیشە بۆ چاپەکانی دواتر، پێداچوونەوە و دەسکاری کارەکانم دەکەم.  

ئەوی لە درێژەدا دەیخوێننەوە وتووێژێک لە گەڵ ڕەزا کەریم مجاور ئەو وەرگێرە بە توانایە:

* بۆ زیاتر لە دوو دەیە دەچێت کە چالاکانە لە بواری وەرگێڕانی دەقی ئەدەبی کوردی بۆ سەر زمانی فارسی، هەوڵ دەدەیت. ئەگەر بتەوێت ئاوڕێک لە دواوە بدەیتەوە، ئەزموون و دەسکەوتەکانی ئەم دوو دەیە چۆن دەبینیت؟

ـ گەر بگەڕێینەوە بۆ دوو دەیە لەمەوبەر، دەتوانین بڵێین ژمارەی ئەو کتێب و بەرهەمانەی تا ئەو کاتە لە زمانی کوردییەوە وەرگێڕدرابوونە سەر زمانی فارسی، کەمتر لە ژمارەی قامکەکانی یەک دەستن. بەڵام لە سەرەتاکانی دەیەی ۱۳۸۰، بزاڤی وەرگێڕانی بەرهەمە کوردییەکان بۆ سەر زمانی فارسی، ڕەوتێکی باش و بە پەڵەی وەرگرت و چەند وەرگێڕێکی دڵسۆز و تێکۆشەر و ئاشقی زمان و ئەدەبیات دەستیان دایە کاری وەرگێڕان و زۆربەی شاکارەکانی ئەدەبیاتی کوردییان وەرگێڕایە سەر زمانی فارسی. دیارە هەر بەم بۆنەوە خوێنەری فارسیش ئاشنایەتییەکی باشی لە گەڵ ئەدەبیاتی کوردی پەیدا کرد و پێشوازیی باشیان لەو بەرهەمانە کرد. بە هەوڵی ئەو وەرگێڕە بەڕێزانە، ئێستا بەختەوەرانە ئەدەبیاتی کوردیش لەپاڵ ئەدەبیاتی جیهانی‌دا جێگایەکی بچووکی بۆ خۆی کردۆتەوە. 

* وەک دەبینین هەر لەو ساڵانەدا هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ وەرگێرانی دەقی کوردی، بە تایبەت لە گۆڤارگەلی خوێندکاری و لە ناو خوێندکارانی کورد، کەواتە بە بڕوای ئێوە ئارەزووی وەرگێرانی دەقی کوردی بۆ سەر زمانی فارسی لەو ساڵانە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟

ـ ئەدەبیاتی کوردیش وەکوو ئەدەبیاتی هەموو گەل و نەتەوەیەک جوانیی و تازەیی خۆی هەیە... جوانیی و تازەییەک کە بۆ خوێنەران و بەردەنگانی ئەدەبیاتی فارسی سەرنج ‌ڕاکێشە. ئەم پێشوازییەی کە خوێنەرانی فارس لە ئەدەبیاتی کوردیی دەکەن، خۆی هاندەرێکی باشە بۆ ئەوەی خوێندکاران و وەرگێڕانی لاوی کورد دەست بدەنە وەرگێڕانی بەرهەمە کوردییەکان. خوێندکاری کورد لە زانستگا لە گەڵ فارس و تورک و عەڕەب و ... هەڵس‌وکەوتی هەیە و بە چەشنێک دەیەوێ پێناسەی خۆی و زمان و نەتەوەی خۆی بکات و بیسەلمێنێ کە ئەویش زمان و ئەدەبیاتێکی ڕەسەن و جوان و سەربەخۆی هەیە و دەیەوێ ئەو ئەدەبیاتە بە هاونیشتمانییەکانی خۆی بنوێنێ و بناسێنێ. هەر بۆیە بە پێی توانای خۆی دەست دەداتە کاری وەرگێڕانی بەرهەمە کوردییەکان بۆ سەر زمانی فارسی. هەڵبەت هۆکاری دیکەش هەن کە ڕەنگە لێرەدا جیگای باسکردنی نەبێ.

* پێوەرەکانی ئێوە بۆ هەڵبژاردنی دەق و بابەتی وەرگێڕان چین؟ ئایا بە پێی ویست و چاوەروانیی خوێنەرانی فارسە یان بە پێی پێگەی دەقەکان لە زمانی سەرەتا؟

ـ من زیاتری ئەو بەرهەمانەی کە هەڵمبژاردوون و هەڵیاندەبژێرم، بە پێی مشوور و سەلیقە و ویستی خۆمە و هەر لێرەوە دەتوانم بڵێم من زیاتر بایەخ بە پێگە و جێگەی دەقەکان دەدەم هەتا نووسەرەکان. دیارە ناوی نووسەریش زۆر گرینگە، بە تایبەت کە ئێستا بازاڕی فرۆش بەدەستی نووسەرانی ناسراوەوەیە و تەنانەت چاپکردنی بەرهەمی نووسەرانی نەناسراو زۆر ئەستەمە، بەڵام من زۆر جار ئەم ڕیسکەم کردووە. بۆ وێنە کاتێ بەرهەمەکانی "جەبار جەماڵ غەریب"م وەرگێڕایە سەر زمانی فارسی، جەبار غەریب تەنانەت لەناو کوردەکانیشدا غەریب و نەناسراو بوو، بەڵام ڕۆمانی "پێنجەمین کتێب" کە بە ناوی "اسفار سرگردانی" کرابووە فارسی، سەرنجێکی باشی خوێنەران و ڕەخنەگرانی فارسی ڕاکێشا بۆ لای خۆی و چەندین وتاری چڕ و پڕی لەسەر نووسرا و لە گۆڤارەکانی تاران‌دا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو و نیشانی دا کە جەبار غەریب نووسەرێکی زۆر بەتوانایە. یان کاتێک ڕۆمانی "پاسەوانانی خودا"م لە ژێر ناوی "سایە و مرگ تصویرها" وەرگێڕایە سەر زمانی فارسی، کەم کەس لە ناو کوردەکانیشدا "عەتا محەمەد"یان دەناسی، بەڵام هەمیسان خوێنەران و ڕەخنەگرانی فارس ئاوڕێکی باشیان لێ داوە و چەند وتاڕێکی باشی لەسەر نووسرا. یان کتێبەکانی "عەتا نەهایی" و کتێبی کۆمەڵەچیرۆکی "با شهرزاد در شب‌های کردستان" کە زۆربەی نووسەرەکانی نەناسراو بوون. هەڵبەت دیارە من بەرهەمی نووسەران و شاعیرانی ناسراویشم وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی؛ کەسانێکی وەک شێرکۆ بێکەس و شێرزاد حەسەن و بەختیار عەلی.  

* هێرمنۆتیستەکان پێیان وایە دەق و تێگەیشتن لە دەق ڕەوتێکی مێژوویی – زمانییە و بەو پێیە وەرگێڕانی دەقاودەق کارێکی ئەستەمە و لە باشترین حاڵەتدا وەرگێڕان گواستنەوەی ڕاڤەیەکی دەق بۆ سەر زمانێکی دیکەیە. هەر بۆیە پێویستە پێشتر خودی وەرگێڕ خوێنەرێکی ئەکتیڤی دەق بێ کە بتوانی باشترین تێگەیشتنی مومکین لە زمانی دووهەمدا بەرهەم بێنێت، بە باوەڕی ئێوە تا چەندە وەرگێڕی کورد لەوبارەوە سەرکەوتوو بووە؟

ـ ئەمە شتێکی ڕاستە. وەرگێڕان، ماناکردنەوەی وشەبەوشەی دەق نیە و نابێ. وەرگێڕان ماناکردنەوە و گواستنەوەی فەرهەنگێکە بۆ ناو فەرهەنگێکی دیکە. لێرەدا وەرگێڕ دەبێ بە سەر هەر دوو زمان و هەر دوو فەرهەنگی سەرەکی و مەبەست‌دا زاڵ بێ، بەتایبەت بەسەر زمان و فەرهەنگی مەبەست‌دا (کە بەرهەمە ئەدەبیەکە دەگوازرێتەوە سەری) زاڵتر بێ. من زۆر جار دەبینم وەرگێڕانی کورد لە وەرگێڕانی زۆرێک لە دەستەواژەکان و بیر و باوەڕەکان و داب و نەریتەکان‌دا هەر بە شێوەی وشەبەوشە کارەکەیان جێ‌بەجێ کردووە و بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە ئەم شتە بۆ خوێنەری فارس بێ‌مانایە و هیچ مانایەکی نیە. هەڵبەت لەم ساڵانەدا بە هۆی ڕەخنەی ڕەخنەگرانەوە وەرگێڕەکان هەندێک باشتر کاریان کردووە، بەڵام هێشتا جێگای کاری زۆر ماوە. دروستە کە لە کاتی وەرگێڕانی هەر دەقێکدا هەندێک لە لایەنە جوانکارییەکان دەفەوتێن و وەرناگێڕدرێنە سەر زمانی مەبەست، (کە ئەم چەمکە لە وەرگێڕانی شێعردا زیاتر دەبیندرێ هەتا چیرۆک و پەخشان)، بەڵام وەرگێڕی بەتوانا دەتوانێ لە شوێنەکانی دیکەی دەقەکەدا ئەم کەم‌وکووڕییانە تۆڵە بکاتەوە. دیارە ئەم توانایەش جگە لە چێشکەیەکی تایبەتی ئەدەبی و هونەریی (کە دەبێ لە وەرگێڕدا هەبێ) بە خوێندنەوەی بەرهەمگەلی جۆراوجۆری هەر دوو زمانەکە (بە تایبەت زمانی مەبەست) بەدی دێت.

* ڕەنگە نزیکی فەرهەنگی و زمانی کوردی لە گەڵ فارسی هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی خێڵی زۆری چالاکانی بواری وەرگێرانی کوردی بە فارسی بێت، بەڵام ئەو نزیکییە دەشتوانێ لە خۆیدا ئاستەنگێکی گەورە بێت، چونکە وەک دەزانن هەر دەقێک دەوڵەمەندە بە بابەتگەلێکی گرینگی زمانی بە ناو ڕاوێژی دەق و ڕاوێژی نووسەر و ... کە لە پرسی ڕوانگەی دەقدا باسی لێوە دەکرێ و پێویستە وەرگێڕ هاوکاتی وەرگێڕان، ئاگاداری توێژەکانی زمانی و ڕاوێژەکانی ناو دەق بێت.

ـ بە ڕاستی زۆر باش ئاماژەت پێ کرد. من لە زۆر شوێن کە باس دەکرێ و خۆم یان هاوڕێیان دەڵێن فڵانی وەرگێڕە، کابرا پێیوایە من لە زمانی ئینگلیسیەوە وەرگێڕان دەکەم، ئەویش بۆ سەر زمانی فارسی نەک کوردی! کاتێک دەڵێم نەخێر لە کوردییەوە بۆ فارسی (یان پێچەوانەکەی) وەردەگێڕم، زۆر جار دەبیسم دەڵێن: "جا ئەوە چیە؟! خۆ هەموومان کوردی و فارسی دەزانین!) ئیدی لەوە گەڕێ زۆربەی ئەو بەڕێزانە نە کوردی دەزانن و نە فارسی، ناشزانن وەرگێڕان بۆخۆی دنیایەکی پان و بەربڵاوە و کاری وەرگێڕان لە نووسینیش سەختترە. جا هەر ئەم باوەڕە هەڵەیە کە بووەتە هۆی زۆری و بۆری وەرگێڕان لەم بوارەدا و جیدی‌نەبوونی بابەتەکە. دیارە هەر شاعیر و نووسەرێک شێواز و زمان و ڕاوێژی تایبەت بە خۆی هەیە کە دەبێ وەرگێڕ لە کاتی وەرگێڕاندا هەوڵ بدا ئەو زمان و شێواز و ڕاوێژە بپارێزێ. بۆ وێنە زمانی شێعری شێرکۆ بێکەس زۆر جیاوازە لە لەتیف هەڵمەت یان سوارەی ئیلخانی‌زادە یان عەبدوڵڵا پەشێو... یاخۆ لە ڕۆماندا زمان و ڕاوێژی بەختیار عەلی و محەمەد ئۆزۆن و شێرزاد حەسەن و عەتا محەمەد و عەتا نەهایی و جەبار غەریب و فەتاح ئەمیری و حسێن شێربەگی و قادر هیدایەتی و بریا کاکەسووری هەر کام بە چەشنێک و تایبەت بە خۆیانە، کە دەبێ لە وەرگێڕانیشدا ئەم شێوازە جیاوازانە دیار بن. بەڵام ئێمە لێرە وەرگێڕمان هەیە کە هەموو بەرهەمە جیاوازەکان بە یەک شێواز وەردەگێڕی و هەرگز گوێ ناداتە شێواز و ڕاوێژی جیاوازی نووسەران و شاعیران. بەداخەوە ڕەخنەگرانی ئەوتۆشمان نیە لەم باسانە بدوێن، یان ئەگەر هەمانە، نایانەوێ لێی بدوێن.

* زۆربەی وێژەرانی کورد ڕەخنە لە شێوەی هەڵبژاردنی دەقەکان بۆ وەرگێڕان دەگرن و لایان وایە کە لە وەرگێرانەکاندا بەهایەکی ئەوتۆ بە خودی دەق نەدراوە و وەرگێڕ تەنیا تەرکیزی لە سەر ناوبانگی نووسەرانە. ئایا دەتوانین بلێین وەرگێرانی ئێستامان ئەم قۆناغەی تێپەڕاندووە، یان هێشتا گوتاری زۆری و بۆری دەستی باڵای هەیە لە وەرگێرانی کوردی بۆ فارسی؟

ـ بەڵێ منیش لەسەر ئەو باوەڕەم کە هەتا ئێستاش زۆربەی وەرگێڕەکانی ئێمە هەر بایەخ بە ناوبانگی نووسەر دەدەن و زۆر بە دەگمەن دەبینین بەرهەمی نووسەرێک بکرێتە فارسی کە کەس نەیناسێ و تەنیا بایەخ بە ئاستی بەرهەمەکە دراوە. بۆ وێنە بەرهەکانی شێرکۆ بێکەس (وەک ناسراوترین شاعیری کورد) لە لایەن چەندین وەرگێڕی ناسراو و نەناسراو شارەزا و ناشارەزاوە کراوە و دەکرێ بە فارسی. یان بەرهەمەکانی بەختیار عەلی... تا ڕادەیەک کە جاری وایە وەرگێڕەکان تەماح دەیانگرێ بەرهەمە وەرگێڕدراوە ناسراوەکان بە شێوەیەکی سەیر و سەمەرە کۆپی بکەنەوە.

* پێشوازیی خوێنەرانی فارس لە ئەدەبی کوردی چۆن دەبینن؟ ئایا توانیوتانە جێ پێیەکی تایبەتی بۆ ئەدەبی کوردی لای فارسەکان بکەنەوە، بە واتایەکی دیکە توانیوتانە لای فارسەکان بۆ ئەدەبی کوردی بەردەنگ‌سازی بکەن؟

ـ وەک پێشتریش باسم کرد، ئێستا (بە تایبەت لەم دە ساڵەی دوایی‌دا) پێشوازی زۆر باش کراوە لە ئەدەبی کوردی و خوێنەرانی فارس لە پاڵ ئەدەبی جیهانی‌دا سووچێکی بچووکیان بۆ ئەدەبی کوردیش تەرخان کردووە کە دیارە بە هۆی هەوڵی وەرگێڕە کوردەکانەوە بووە. هەڵبەت ئەو ڕەخنانەی من و ڕەخنەگرانی خۆشەویست ئاراستەی وەرگێڕەکانی دەکەین، لەبەر ئەوەیە کارەکانی ئەوان پوخت‌تر و پاراوتر بێ؛ دەنا هەموومان دەزانین گەر هەوڵ و تێکۆشانی ئەوان نەبووبا، ئێستاش بەردەنگی فارس نەیدەزانی زمانی کوردیش ئەدەبیات و شێعر و ڕۆمان و نووسەری بەتوانای هەیە. 

* بێ گومان یەکێک لە دەرکەوتەکانی وەڵامی پرسیاری سەرەوە، پێشوازیی ناوەندە ناسراوەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە کتێبە وەرگێراوەکانی ئێوەیە، کە وەک دەبینین تا ڕادەیەک ئەو هەلە بۆ کتێبەکانی ئەم دواییەتان ڕەخساوە، ئایا ئەمە دەتوانێ رێخۆشکەر بێت بۆ پێشکەوتنی ڕەوتی وەرگێران و ناسنامەدارکردنی پرسی بڵاوبوونەوە؟

ـ دیارە ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە بۆ کتێب زۆر گرینگە. کاتێک پەخشانگایەکی بچووک و نەناسراو بەرهەمێک چاپ دەکات، نەک هەر بەو چەشنەی کە پێویستە سەرنجی خوێنەر  بۆ لای خۆی ڕاناکێشێ، بەڵکوو هەر ناتوانێ بە شێوەیێکی شیاو بەرهەمەکەش بڵاو بکاتەوە و بە دەستی خوێنەرانی بگەیێنێ. لەو کاتەدا بەرهەمەکە لە ئەنباری ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەدا دەمێنێتەوە و هەم ئەو ناوەندە تووشی خەسار دەبێ و هەم نووسەر و وەرگێڕ. بەڵام دەزگا گەورەکان و ناوەندە ناسراوەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە دەتوانن بە ئاسانی بەرهەمەکانی خۆیان بگەیێننە دەستی خوێنەران. بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی ئەدەبیاتی کوردیش لە سەرەتادا کە نەناسراو بوون، لە لایەن ناوەندە بچووکەکانەوە بڵاو دەکرانەوە و بە کەمی و ناڕێک و پێکی دەگەیشتنە دەست بەردەنگانی فارس و فارسی‌خوێن، بەڵام بەختەوەرانە چەند ساڵێکە دەزگا باش و ناسراوەکانی ئێران خەریکی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە وەرگێڕدراوە کوردییەکانن کە ئەمە هەڵێکی زۆر زۆر چاکە بۆ ناسینی ئەدەبیاتی کورد. دیارە ئەدەبیاتی کوردی توانیویەتی تا ڕادەیەکی بەرچاو سەرنجی خوێنەرانی فارس بۆ لای خۆی ڕاکێشێ، دەنا ناوەندە ناسراوەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، بەرهەمی کوردییان چاپ نەدەکرد و خۆیان تووشی خەساری ماڵیی نەدەکرد.

* وەک باست کرد کەم تا کورتێک شایەدی پێشوازیی ڕەخنەگرانی فارس زمان لە دەقە وەرگێڕاوەکانین، ئەگەرچی بەشێکی زۆریان بابەتی پێداهەڵوتن و دەستخۆشین و کەمیان ئاوریان لە بایەخی فۆرمی و تەکنیکی دەقەکان داوەتەوە. ئێستا بەدەر لە درۆ و دەلەسەکاری بۆ هەڵفریواندنی خوێنەران لە رێگەی ناسنامەسازی (وەک لە زۆربەی وەرگێڕەران دەبیندرێ)، چۆن دەتوانین سەرنج جیدی خوێنەران و ڕەخنەگرانی فارس بۆ لای دەقی ئەدەبی کوردی ڕاکێشین؟

ـ بە بڕوای من باشترین ڕێگە بۆ ئەم کارە، وەرگێڕانی باشی بەرهەمە باشەکانە، کە دیارە ئەمەش کارێکی ئاسان نیە، لەبەر ئەوەی لە لایێکەوە وەرگێڕانی باش کارێکی سەخت و ئەستەمە و لە لایێکی دیکەشەوە هەڵبژاردنی بەرهەمی باش و سەرکەوتوو کارێکی ئاسان نیە. کەوایە دەبێ ڕەخنەگران و وەرگێڕانی کورد پێکەوە پێوەندییەکی پتەویان هەبێ، بە چەشنێ کە ڕەخنەگران بەرهەمە باشەکان بە وەرگێڕە باشەکان بناسێنن، هەتا وەرگێڕە باشەکان بتوانن وەرگێڕانێکی باش و سەرکەوتوو لەو بەرهه باشانە بگەیێننە دەستی بەردەنگانی فارس‌زمان. هەر وەها ڕەخنەگران و تەنانەت خودی وەرگێڕەکانیش دەتوانن بە نووسینی وتار و ڕەخنە لەسەر شاکارەکانی زمانی کوردی، ئەم بەرهەمانە زیاتر و زیاتر بە خوێنەرانی فارس بناسێنن. من خۆم کارێکی وەهام کردووە و لە دووتوێی کتێبێکدا بەناوی "با راویان سرزمین زخم و عشق" دە ڕۆمانی باشی کوردیم بە خوێنەری فارس‌زمان ناساندووە.

* وەک دواپرسیار ئایا ڕەخنەی خوێنەران توانیویەتی دەستگری ئێوە بووبی و کاریگەری لە سەر وەرگێرانەکان دابنێ، یان هانتان بدا بۆ پێداچوونەوە بە وەرگێرانەکانتاندا تەنانەت لە چاپەکانی دواتردا؟

ـ من هەمیشە بە باوەشی ئاواڵەوە پێشوازیی لە ڕەخنە و بیر و بۆچوونی خوێنەران و ڕەخنەگرانی خۆشەویست و هێژا دەکەم، چونکە هیچ‌کەس بێ‌عەیب و هەڵە نیە و منیش هەروەتر. زۆرم پێخۆشە هەڵەکانم پێ بڵێن. هەڵبەت من خۆم زیاتر لە هەمووکەس ڕەخنەم لە کاری خۆم هەیە و هەمیشە بۆ چاپەکانی دواتر، پێداچوونەوە و دەسکاری کارەکانم دەکەم.  

News Code 30799

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 0 =