AP ١٣٩٨ گەڵاڕێزان ٢٥ ٠٨:٢٨

لە کۆبوونەوەیەکی پسپۆڕیدا؛

کتێبی "شازادەی حەمام" لە زانکۆی کوردستان خوێندنەوەی بۆ کرا

کتێبی "شازادەی حەمام" لە زانکۆی کوردستان خوێندنەوەی بۆ کرا

ڕێوڕەسمی خوێندنەوەی کتێبی "شازادەی حەمام" بە بەشداری نووسەرەکەی لە لایەن ئەنجومەنی زانستیی زمان و وێژەی کوردی زانکۆی کوردستانەوە بەڕێوە چوو.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە بەشی پێوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، ڕێوڕەسمی خوێندنەوەی کتێبی "شازادەی حەمام" بە بەشداری نووسەرەکەی لە لایەن ئەنجومەنی زانستیی زمان و وێژەی کوردی زانکۆی کوردستانەوە بەڕیوە چوو.

سەرۆکی زانکۆی کوردستان لە سەرەتای ئەم رێوڕەسمەدا بە ئاماژەدان بە گرینگایەتی نووسین و پاراستنی فەرهەنگ و مێژوو لە لایەن هەر نەتەوەیێکەوە، وتی: نووسین و پاراستنی مێژوو و فەرهەنگی ئەو نەتەوەگەلە کە دەرفەتی نووسینەوەیان بۆ نەڕەخساوە، خزمەتێکی گرینگە و بەڕێز پاپولی یەزدی ئەم خزمەتەی بە کوردەکان کردووە.

ئەو هەروەها لە لایەن سەرجەم خوێندکاران و ماموستایانی زانکۆی کوردستانەوە دەست خۆشی لە نووسەری کتێبەکە کرد و ڕێزی لە هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێزیان گرت.

لە درێژەشدا ماموستای ڕاوێژکاری ئەنجومەنی زانستیی زمان و وێژەی کوردی زانکۆی کوردستان وێڕای بەخێر هاتنی نووسەری ئەم کتێبە، وتی: نووسەر لەم کتێبەدا دۆخی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خەڵکی ئێران لە ساڵەکانی ۱۳۰۰ تا ۱۳۹۰ دەگێڕێتەوە کە بەشێکی زۆری سەبارەت بە کوردان نووسراوە.

دوکتۆر یەدوڵا پەشابادی ئاماژەی کردە سەر چۆنیەتی وەسفی دۆخی کوردان لە لایەن نووسەری کتێبەکە و باسی دوو کەسایەتی کوردی نێو کتێبەکە دەکات و ئەوان وەکوو ئاوێنەی تەواو نوێنی داب و نەریتی کۆن و نوێی کوردان ناو دەبات.

پاشان محەمەد حسێن پاپولیی یەزدی، ئاوڕێکی لە تایبەتمەندییەکانی کتێبەکە دایەوە و هەندێ لەو ڕووداوانەی گێڕایەوە کە لە سەفەرەکانی بۆ کوردستان ڕوویان داوە.

ئەو باسی گرینگایەتی بەشی زمان و وێژەی کوردی زانکۆی کوردستان کرد و وتی: ئەرکی ئەم بەشە قورستر لە بەشەکانیترە و دامەزراندنی دەرفەتێکە بۆ هەوڵ دان و ستاندارد کردنی زمان لە لایەن زانکۆی کوردستانەوە.

پاپولی یەزدی داوای لە خوێندکارانی ئەم بەشە کرد هەوڵ بدەن بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی بەڵگەنامە و سەرچاوەکان بە مەبەستی بەکار هێنانیان بۆ لێکۆڵینەوەکانی داهاتوو.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا تەها سێکانیانی، وەرگێڕی کتێبەکەش شرۆڤەی بێ لایەنگرانە و وەفادارانەی ڕووداوەکان لە لایەن نووسەری ئەم کتێبەی وەکوو هۆکاری هەڵبژاردنی بۆ وەرگێڕان ڕاگەیاند و جەختی کردەوە: ئەو کتێبە زۆر ئەزموونی تاڵ  و شیرینی تێدایە کە لە سەر جیهانبینی خوێنەر کاریگەر دەبێت.

شیاوی ئاماژەیە ئەم کتێبە بیرەوەریەکانی محەمەد حسێن پاپولی یەزدییە کە لە چوار بەرگ دا نووسراوە و تەها سێکانیانی وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی.

News ID 29360

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha