AP ١٣٩٨ خەرمانان ١٦ ١٣:٥٤

خاتوونی فیلمنامە نووسی ناسراوی کوردستانی بۆ مێهر:

درەوشانەوەی ژنی کورد لە سینەما کاتی زۆری پێویستە

درەوشانەوەی ژنی کورد لە سینەما کاتی زۆری پێویستە

ویدا ساڵحی، ژنە نووسەر و فیلم نامە نووسی ناسراوی کوردستانی کە زۆربەی سناریۆوە نووسراوەکانی لە لایەن هاوسەرە دەرهێنەرەکەیەوە دەکرێتە فیلم، پێیوایە کە کاتی زۆری پێویستە تاکوو ژنانی کورد لە سینەما دا بدرەوشێنەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگ و هونەر- حەلیمە موڵایی: ئەگەرچی بە وتەی هەندێ لە کارناسانی بواری سینەما و توێژەرانی پسپۆڕ لە بواری هونەری فیلم، سینەمای کورد وەک ڕەوتێکی تایبەت؛ بە زمان و ناوەڕۆک و ئامانجی دیار، لە ساڵی ۱۹۹۲ی زایینی و بە فیلمی کوردی "ئاوازێک بۆ بەکۆ" بەرهەمی نزامەدین ئاریچ، دەرهێنەری کوردی تورکیا سەری هەڵدا. و لە ئیستادا سەدان فیلم ، کورتە فیلم ، فیلمی سینەمایی و دیکۆمێنتاری لە سینەمای کورد دا ئەرشیڤ کراون. بەڵام هێشتا ژنان وەک دەرهێنەر، وەک ئەکتەر، وەک نووسەر و سینەماکاری دیار جێگەپێی خۆیان نەکردووەتەوە و بەو شێوازەی کە دەبوایە شوێن پەنجەیان دیار نییە و نەدرەوشانەتەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە دۆخی پیاوانی سینەماکار زۆر باشترە و ئەوان ژمارەیان زۆر زیاترە. ئەگەرچی سینەمای کوردی ڕەوتێکی روو لە گەشی گرتووەتە بەر و پێدەچێت ژنان و پیاوان لە سینەمای کورد و جیهانیشدا باشتر دەرکەون. بەڵام ڕەنگە ئەم بابەتە چەندین ساڵی دیکەش بخایەنێت.

لەم ڕۆژانەدا کە فیلمی گوڵ نسا  سەرکەوتنی زۆری وەدەست هێناوە و لە فستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا ناوی دەرکردووە و ناوبەناو خەڵات وەردەگرێت،  هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر لەگەڵ ویدا ساڵحی، نووسەری کوردی فیلمی گوڵ نسا دیمانەیەکی کورتی کردووە و تێدا باس لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم ژنانی کورد لە سینەما و دژواریی ئەم هونەرە کراوە کە دەقەکەی لە خوارەوە وەک خۆی بڵاو بووەتەوە؛

دۆخی ئێستای سینەمای کورد چۆن دەبینن؟

لە چاو ساڵانی ڕابردوو بێ گومان، سینەمای کورد ڕەوتێکی ڕوو لە گەشەی گرتووەتە پێش ، بەڵام هێشتا وەک کورپەیەکە وا دارە دارە دەکات. ئەگەر دۆخی تایبەت بە گەشەی سینەما بۆ سینەمای کوردیش بڕەخسێت،  بە دڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا سینەمای کورد زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ناوبانگی جیهانی دەر دەکات. چونکوو ئێمە هونەرمەندی بە توانامان زۆرە و خەزێنەی مرۆڤیمان لەم بوارەدا زۆر دەوڵەمەندە.

بە ڕای تۆ ڕۆڵی ژنان لە بەرەو پێش چوونی ئەم رەوتە و گەشە سەندنی چیە؟

لە سینەمای گەلانی دیکەی جیهاندا وەک ئێمە نیە و ژنان زیاتر ڕۆڵ دەبینن لە بەرەو پێش چوون و گەشە سەندنی پیشەی سینەما وڵاتەکەیاندا، هەر وەک دیکەی بەشەکان کە ژنان دەوریان لەبەرچاوە، ڕەنگە دوو بە دوو و یەکسان نەبێت بەڵام ژنان دەوریان سەرەکیە. چونکوو تا ئەکتەری ژنی لێهاتوو و پڕۆفشناڵ نەبێت ئەکتەری پیاو ناتوانێ ڕۆڵی بەرانبەری تەکنیکی بگێڕێت. ڕوانگەی ژنان لەبەر تایبەتمەندی کەسی و دەروونیان جیاواز و وردبین و ناسک خەیاڵانەترە و سینەما بۆ سەرکەوتن پێویستی بەو جۆرە ڕوانگانە هەیە.

ئەم هەموو سینەماکارە کوردە باشە ئێستا کار دەکەن و شوێن پەنجەیان دیارە، بەڵام زۆربەیان پیاون، کێشەکانی بەردەم ژنان بۆ کاری فەرهەنگی و هونەری بە تایبەت سینەما و شانۆ لە کۆمەڵگای کوردیدا چین؟

کۆمەڵگای ئێمە سەرەڕای هێرشی تەکنۆلۆژیا و مۆدێڕنیتە هێشتا زۆر مەودای لە گەڵ کۆمەڵگایەکی مودێڕن هەیە بەداخەوە هێشتا هەندێ بنەماڵە هەیە کە دژایەتی کار کردنی کچان و ژنان لە سینەما یان شانۆ دەکەن؛ تەنانەت وەک نووسەر و دەرهێنەریش و ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات و چالاکی فەرهەنگی و باشتر کردنی دۆخی کاری سینەما و شانۆ لە هەموو لایەنێکەوە، چارەسەر دەبێت. بەڵام هێشتا زۆری ماوە. ئەمانەش وێڕای ئەو بەرپرسیارێتیەیە کە وەک هاوسەر و دایک دەکەوێتە ئەستۆی ژنان و زۆریش سەغڵتە و پیاوان لێ قوتارن.

ئەم کێشە و گرفتانە ئەوەندە قورسە کە کورد سینەماکار، فیلم نامە نووس و شانۆکاری ژنی تا ئەم رادە کەمە؟

بەڵێ بە داخەوە. بڕوانە؛ سەرەڕای فەرهەنگی دەوڵەمەند و هاوشان بوونی ژن و پیاو لە زۆر بواردالە کۆمەڵگای کوردی، بەڵام هێشتا زۆرێک لە وزە و توانست و بڕشتەکانمان دەبێتە قوربانی داب و نەریتە کۆنەکان.

 با بینەوە سەر چەند پرسی تاکە کەسی لە ژیانی هونەری خۆتان؛

ژیانی هاوبەش لە گەڵ سینەماکارێکی دەرهێنەر (ستار چەمەنی گوڵ)بە ڕۆحێکی هەستۆک چۆن وێنا  دەکەی؟

ژیانی من ، ژیانێکی عاشقانە بووە، هەمیشە کار و ژیانی هاوبەشم پێکەوە تێکەڵ بووە . لە ڕاستیدا بۆ هەردووکمان وایە. چونکوو ئێمە لە کاتی کاری هونەری و لە سینەمادا پێکەوە ئاشنا بووین و دواتر هاوسەر گیریمان کرد. زۆر لەگەڵ ڕۆحیە و کەسایەتی یەکتر ئاشناین و ژیانی هاوبەشیش زۆر نزیکتری کردینەوە. ئێستا وای لێهاتووە رۆح و فیکرمان پێکەوە تەواو نزیکە و هەستۆکیەکانمان تا ڕادەیەکی بەرچاو وەکوو یەکە و ئەوەش ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە خۆشەویستیش زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر دەکات.

کاری ناوماڵ بەلاتەوە سەخت ترە یان نووسینی فیلم نامە بۆ ستار چەمەنی گوڵ؟

من حەززم لە کاری ناو ماڵ نییە، بەڵام چێشت لێنانم پێ خۆشە، ڕەنگە بۆ ئەوەی چێشت لێنانیش هونەرە .بەڵام نووسینی سناریۆ هەمیشە کاری دڵخوازی من بووە . هەڵبەت کە کارێکی سەخت و دژوارە و ئاسان  نییە، بە شێوە وا خەڵک بیر دەکاتەوە. هەندێ جار نووسینی فیلم نامەیەک ڕەنگە دوو ساڵ یان زیاتر بخایێنێت و فیکری هێور و وزەی زۆری پێویستە کە هەڵبەت کاتێک دایک بیت و هاوسەریش، زۆربەی وزەت بۆ ئەو دوو ئەرکە و کاروباری ناوماڵ و پاک و خاوێن کردنەوە و کاری ڕۆژانە سەرف دەبێت. بە هەر حاڵ من خولیای نووسینم و ئەو حەزم بۆ نووسین لە گەڵ ستار دا زیاترە.

 لەسەر نووسینی سیناریۆکان یان لەسەر ئیدیت کردن و نەکردنی فیلم نامەکانتان دەمەقڕەتان دەبێت؟ تۆ واز دێنێت یان وازت پێ دێنێت؟

من زۆربەی کاتەکان ناوەڕۆکی فیلم نامە کان بۆ ستار ناڵێم تا قۆناغی بەرگی یەکەم، کاتێک یەکەم بەرگەی ئامادە کرا، ئەیدەم بیخوێنێتەوە و دواتر قسەی لەسەر دەکەین، هەندێ جار ڕێکدەکەوین  و هەندێ جاریش ڕای جیاوازمان هەیە، بەڵام ناگاتە دەمە قڕە و کێشە (لێرە پێدەکەنێت)و یەکمان قەناعەت بەوی دیکە دێنێت.

 سیناریۆی فیلم نامە کان بۆ خۆت هەڵیان دەبژێری یان کارەکان داخوازی دەرهێنەرەکەیە؟

من هەموو کات بۆ نیگەرانییەکانی خۆم دەنووسم و بەرەو لای کێشەکانی بواری ژنان و منداڵان دا دەڕۆم . هەندێ جاریش کە ستار بابەتی باشی ببێت بیر لەو بابەت و پرسانەش دەکەمەوە کە ئەو دەڵێت، بەڵام زیاتر خۆم هەڵدەبژێرم کە سەبارەت بە چی بنووسم.

بۆ چی هەموو کارەکانت کۆمەڵایەتیە و ژانری دیکەت نییە؟ بۆ وێنە گوڵ نسا ؛لەبەر ڕۆحی ژنانەتە کە حەز بە ئاوڕدانەوە لەوپرسانە دەکەی ؟

 کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان بۆ من زۆر گرینگن، سەبارەت بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەخوێنم و توێژینەوەم هەیە و نیگەرانی و دڵە ڕاوکێ منن. بۆیە حەز دەکەم سەبارەت بەو بابەتانە کار بکەم و بە خۆشحاڵیەوە لەمبارەوە لە گەڵ ستار هاوڕاین و ئەویش وا بیر دەکاتەوە.

 بە هیوای لە داهاتوودا کار بۆ کام پرسی کۆمەڵایەتی و کێشەی تایبەت بە کۆمەڵگای کوردی بکەی و فیلم نامەی بۆ بنووسی کە دەنگدانەوە و کاریگەریی جیهانی بێت ؟

مرۆڤەکان لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە و بە هەر زمان و سەر بە هەر نەتەوەیەک بن گرینگیان بۆ من هەیە و خۆشیانم دەوێت. پێم خۆشە کار بۆ ئاشتی و بەرگری لە مافی مرۆڤ بکەم، بەڵام ئەو کارەی کە لە داهاتوودا بۆ دڵی خۆم و گەلی خۆم دەیکەم ، سناریۆیەکی تایبەتە لەبارەی ژنانی خەباتگێری کورد کە لە سووریا و بە هیوام ڕۆژێک بتوانم سەرمایەدانەری بۆ بدۆزمەوە.

 چ ئاسۆیەکت بۆ داهاتووی کاری فیلم نامە نووسی خۆت لە بەرچاوە؟

هەموو توانام دەخەمە گەڕ و دڵنیام ئاسۆیەکی ڕوون چاوەڕوانم دەکات.

ئەگەر ژیانی خۆت بکەی بە سیناریۆی فیلمێک، لووتکەی چیرۆکەکەی کام چرکەی ژیانتە؟

لووتکەی سناریۆی ژیانی من ناسینی ستار بوو، چونکوو ئەگەر ستار نەبوایە و کەسێکی هونەری نەبوایە ڕەنگە هیچ کات من نەدەگەیشتمە ئەم ئاستەی کە ئێستا هەمە  و ڕەنگە وازم لە کاری هونەری و نووسین و سینەما بهێنایە، چونکوو زۆرم دی لەو هەڤاڵانەم کە لەبەر زەواجیان لە گەڵ کەسانی  دیکە وازیان لە کاری سینەما و هونەر هێنا، چونکوو هاوژینەکەیان لێیان تێنەدەگەیشت.

News ID 28233

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha