هەموو فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی دادەخەین/ هێرش بۆ سەر سوپای قودس لە سووریا درۆیە

ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە هەموو فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی دەپێکین و دایدەخەین.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە ئەلمنار، سەید حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە وتەدانێکدا بە بۆنەی دووەمین ساڵوەگەڕی ئازادکردنی بەرزاییەکانی ڕۆژهەڵاتی لوبنان لە تیرۆریستان، وێرای جەخت لەسەر کاردانەوە بە هێرشی زایۆنییەکان، وتی: ئەمریکا داعشی کردووەتە بیانوو بۆ ئەوەی لە عێراقدا بمێنێتەوە.

 سەید حەسەن نەسروڵڵا بە ئاماژە بە هەڵوێست گرتنی مەترسیداری ئەمریکا سەبارەت بە گەڕانەوەی داعش لە سووریا و عێراق وتی: ئەمریکاییەکان خۆیان سەرکردەکانی داعش لە نێوان عێراق و سووریا و ئەفغانستاندا هاتوچوو پێدەکەن.

سەید حەسەن نەسروڵڵا زیادی کرد: سناریۆ لە عێراق لە چەند حەوتە لەمەوپێشەوە دەستیپێکردووە و هومارەکانی حەسدی شەعبی لە ڕێگای فڕۆکەی بێ فڕۆۆکەوانەوە دەکرێنە ئامانج و ئیسرائیل بەرپرسیارێتیەکەی لە ئەستۆ گرتووە. ئێمە لە لوبنان ڕێگە نادەین ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت.ئەو کاتە نەماوە کە فڕۆکە ئیسرائیلییەکان هەر شوێنێکیان بویستایە بوردومانیان دەکرد و ڕژێمی داگیر کەر بۆ خۆی بە ئارامی لە فەلەستین دەحەسایەوە.

 ئەمینداری حزبوڵڵا زیادی کرد: هەر لێرەوە ڕادەگەینین کە ڕووبەڕووی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل دەبینەوە لە ئاسمانی لوبنان و دەیانپێکین .

 سەید حەسەن نەسروڵڵا سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی سووریاش وتی: سوپای سووریا لە باشترین دۆخدایە و ئەدلەب و ڕۆژهەڵاتی فوراتیش دەگەڕێتەوە باوەشی سووریا.

لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەڤەری دیمەشق، سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: شەوی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دەڤەری دیمەشق بەڵام ئەوەی نتانیاهۆ بە درۆ شانازی پێوەدەکات و دەڵێت ناوەندێکی سوپای قودسمان پێکاوە، هەمووی قسەی پڕوپووچی نتانیاهۆیە دەیەوێت خۆی بە پاڵەوانی نەتەوەیی بناسێنێت.شەوی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ناوەندێکی حزبوڵڵا کە تەنیا چەند گەنجی لوبنانی تێدابوو و دوو کەسیان بە ناوەکانی یاسر زاهر و حەسەن زەبیب شەهید کران.

جەختیشی کرد کە ئەمان گاڵتە ناکەن و بە هەموو جیهانیش ڕاشکاوانە دەڵێن کە ئەگەر ئیسرائیل برایەکی ئێمە لە سووریا شەهید بکات ئێمە لە لوبنان کاردانەمان دەبێت. بە ئیسرائیلییەکان دەڵێین ئەوەی شەوی ڕابردوو ڕوویدا تەواو نابێت. ئێوە سەرقاڵی هەڵبژاردنن بەڵام ئەم جارە هەڵبژاردن بە خوێنی ئێوە بەڕێوەدەچێت و لە هەموو لایەکەوە ئاگر بەسەرتاندا دەبارێت . ئاگری سووری، عێراقی و لوبنانی.

News Code 28032

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 8 =